راوێژكاری پێشووی ئەردۆغان: تەنیا باخچەلی دەیتوانی دەرگا لەبەردەم سیاسییەك كورد بكاتەوە وەرگێڕان

نوچەنێت:

وەرگێرانی: ئیسماعیل تەها

یاسین ئەقتای، راوێژكاری پێشووی رەجەب تەیب ئەردۆغان و كەسایەتی دیاری پارتی لە دادوگەشەپێدان لە دیدارێكدا تیش دەخاتە سەر هەوڵەكانی پڕۆسەی ئاشتی لە توركیا و رێككەوتنی نێوان ئەحمەد شەرع و مەزڵووم كۆبانی و پرسی هەڵبژاردنەكان و دۆسیەی ئیمامئۆغلۆ.

پڕۆسەی ئاشتی لە توركیا

سەبارەت بە دەستپێشخەری دەولەت باخچەلی دەڵێت، "هاوپەیمانی پارتی دادوگەشەپێدان بەسەرۆكایەتی رەجەب تەیب ئەردۆغان و پارتی نەتەوەیی تورك بە سەرۆكایەتی دەولەت باخچەلی بۆ داهاتووی توركیا سوودبەخشە كاریگەری لەسەر زۆر كێشەی ئاڵۆز دەبێت، گرنگتریان كە باخچەلی رۆڵی ئەرێنی تێدا بینی پرسی كوردە، ئەوەش لە رێگەی بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژی، یاخود ئاشتەوایی نێوان دەوڵەتی توركیا و عەبدوڵڵا ئۆجەلان، سەرۆكی پارتی رێكارانی كوردستان. باخچەلی سازشی لە هەڵوێستی نزیكبوونەوە لەگەڵ كورد و بەڵكوو، خۆی بانگهێشتی ئۆجەلانی كرد و دەستی بۆ كورد درێژكرد. بانگەوازێكی لەو جۆرە تەنیا باخچەلی دەیتوانی دەرگا لەبەردەم سیاسییەك كوردەكان بكاتەوە بۆ خەباتی مەدەنیانە و كۆتاییهێنان بە توندوتیژی و دەگا بەڕووی بازرگانان بە دۆزی كورد دابخات.

یاسین ئەقتای دەشڵێت، كورد و تورك لە ماف و ئەركەكان لەبەردەم یاسای توركی یەكسانن، پێشبینی دەكەم ئەو بانگەوازە داهاتووێكی باش و ئەرێنی بۆ دەوڵەتی توركیا هەبێت.

سەبارەت بە بانگەوازەكەی عەبدوڵڵا ئۆجەلانیش جەخت لەسەر ئەوە دەكاتەوە، ئەو بانگەوازە چاوەڕواننەكراوبوو، لە سەركردەی حزبێك كە لە لیستی تیرۆری توركیا و ئەوروپا و ئەمەریكادایە، چەند مانگێك پێش ئێستا ئەگەر كەسێك باسی ئەو بانگەوازەی بكردایە كەس بڕوای نەكرد، هیچ ئەگەرێكی لەو جۆرەش بوونی نەبوو، بەڵكوو نیمچە ئەستەم بوو. بەڵام ئەو پڕۆسەیەی ئێستای ئاشتی بەرهەمی ئەو پڕۆسەیە رەجەب تەیب ئەردۆغان لە سەرەتای (2010) دەستی پێكرد، كاتێك دەستپێشخەریەكی زۆر بەهێزی كرد، كە بە گفتوگۆی نێوان حكومەتی توركیا و پارتی كرێكاران دەستی پێكرد.

هەروەك دەوڵەتی ئێستای توركیا دەوڵەتی كورد و تورك و نەتەوەكانی دیكەیە، چەندین نەتەوە و مەزهەبی جۆراوجۆری لەخۆی گرتووە، پێویستە كورد هەوڵەكانی بگۆڕن بۆ خەباتی سیاسی، نەك خەباتی سەربازیی، ئەو پڕۆسەیەی كە لە (2010) دەستی پێكرد، بەداخەوە بەهۆی دەستوەردانی هەندێك لایەنی دەرەكی یاخود ناوەخۆ شكستی هێنا، كە ئەوانەبوون هەمیشە كارتی كورد لە چالاكییە تیرۆرستییەكان بە كاردەهێنن، بەتایبەت لە هەندێك پایتەختی ئەوروپا  و ئەمەریكا، تەنانەت لە ناوخۆی توركیا رەوتی چەپی توندڕەو ئەو كارتە بەكاردەهێنێت. 

لەبری پابەندی بە دەستپێشخەری و چەكدانان لە (2010) گەنجانی زیاتریان چەكدار كرد، ئەوەش (14) ساڵ پێش ئێستا بووە هۆی شكستهێنانی پڕۆسەی ئاشتی، بەڵام ئێستا قۆناغێكی نوێیە، بەتایبەت لەگەڵ گۆڕانكارییەكانی سووریا و كەوتنی دەسەڵاتی بەشار ئەسەد.

بێگومان ئەو دۆخەش دەرگا بەسەر هەندێك لایەنی دەرەكی دادەخات، كە لەناو سووریاوە چالاكیان دەكرد، بایەخدان بە هاووڵاتی سووری دەستی پێكردووە، شۆڕشگێرەكان لە هەموو پێكهاتەكانی سووری یەكخراون، ئەوەش دۆخێكی نوێیە، هیچ پاساوێك بۆ هێزە دەرەكییەكان نەماوە، بۆ زیندووكردنەوەی گرووپەكان لەناخۆی سووریا.

جگە لەوەش داوای سەربەخۆی لەلایەن هەندێك لە بەشەكانی سووریا وەك كوردەكان و خەڵكی دیكەش كۆتایی هات، هەموویان لەژێر یەك وڵات دەبن كە عەرەب و كورد و توركمان و كورد و سوننە و عەلەوی و درزو پێكهاتەكانی دیكە بەبێ جیاوازی و دووبەرەكی لەخۆ دەگرێت.

ئێستا لە توركیا دەرفەتێك هاتۆتە پێش بۆ كۆتاییهێنان بە توند و تیژی و گرووپە چەكدارەكان، كەشێكی دیموكراسی هەیە رێگە دەدات كورد دەستكەوتی سیاسی خۆیان بەدەست بهێنن لە رێگەی كاری سیاسی ئاشتییانە، كورد پێویستی بە حزبێكی چەكداری وەك پەكەكە نییە، بەڵكوو دەرفەتێك بۆ هەموو كورد هەیە بێنە ناو سیاسەت بە هەموو قۆناغەكانی.

ئەوەی ئێستا كورد بەدەستی هێناوە لە میانەی كاری سیاسییە، نەك بە هەوڵی پەكەكە، بەڵكوو بەو هەوڵانەیە كە پارتی دادوگەشەپێدان داویەتی، كە فەلسەفەیەكی ئیسلامی پەیڕەو دەكات، كە كورد و تورك و عەرەب هەموویان لە ئایین و نیشتیمان هاوبەشن.

سەبارەت بە هەوڵەكەی ئۆجەلانیش ئەو راوێژكارەی پێشووی ئەردۆغان دەڵێت، رێككەوتنی راگەیێندراوی ئەمڕۆ، كۆتایی بە یاریكردن بە كارتی كورد دەهێنێت، كە هەڕەشەی لە ئاسایشی نەتەوەیی توركیا دەكرد، بەڵام ئەو كارەش بەو ئاسانییە نییە، چونكە چەندین بەربەستی لەبەردەمە، چەندین كەس لە بۆسەدان نایانەوێت توركیا سەقامگیربێت، سەرلەنوێ هەوڵی یاریكردن دەدەنەوە بۆ شكستپێهێنان بەوە هەروەك لە پێشوو لە پڕۆسەی ئاشتی كە لە (2010 بۆ 2015) دەستی پێكرد، ئەو پرسە پرسێكی دراسەكراوە، چەندین هەوڵ هەبوو بۆ چارەسەری ریشەیی پرسی كرد، بەڵام بەداخەوە ئەوكاتە بەهۆی هاندان و یاریكەری دەرەكی شكستی هێنا، بەڵام ئەم جارە گەشبینین قەیرانی كورد چارەسەر بكرێت، پێشمان وایە ئیسرائیل لە جەنگی پەكەكە و توركیا سوودمەندی یەكەمە، هەوڵی دا دووبارە ئاژاوە درووست بكات، یاخود شكست بەو ئاشتییە بهێنێت، كە ئۆجەلان بانگەوازی بۆ كرد.

رێككەوتنی ئەحمەد شەرع و مەزڵووم كۆبانی

سەبارەت بە رەنگدانەوەی رێككەوتنی نێوان ئەحمەد شەرع، سەرۆكی سووریا و مەزڵووم عەبدی، فەرماندەی هێزەكانی سووریا دیموكرات لەسەر توركیا یاسین ئەقتای دەڵێت،  ئەو رێككەوتنە رەنگدانەوەی ئەرێنی و باشی لەسەر توركیا دەبێت، ئێمە سووریایەكی یەكپارچەمان دەوێت، رێز لە كورد و عەرەب و توركمان و دروز و عەلەوی و سوننە بگرێت، هیچ پێویستییەك نییە لایەنێك داوای سەربەخۆی زاتی بكات، چونكە سووریای نوێ لەدوای ئەسەد هەموو لایەنەكان بە یەكسانی لە ماف و ئازادییەكان لەخۆدەگرێت، لەگەڵ رەچاوكردنی جیاوازی و فرەیی ئەرێنی نەتەوەیی و كلتووری و تائیفی.ئەو دۆخە هاوتایە لەگەڵ دیدی توركیا بۆ سووریایەكی یەكگرتوو كە جۆرێك لە ئاشتی و سەقامگیری لەو ناوچەیە دەچەسپێنێت.

هەڵبژاردنی داهاتوو 

سەربارەت بە داهاتووی پارتی دادوگەشەپێدان لە هەڵبژاردنەكان ئەقتای دەڵێت، ئاكپارتی ئاڵەنگاری و دەرەفەتی لەبەردەمە، ئەو دۆخە ئابووریەی ئێستا كاریگەری لەسەر هاووڵاتیان درووستكردووە، چونكە سیاسەتی پارتی دادوگەشەپێدان لە (22) ساڵی رابردوو ئاستی بژێوی ژیانی گەلی توركیای بەرزكردەوە، بژێوی زۆربەی خەڵكی لە خوارەوە بۆ ناوەڕاست بەرزكردەوە، ئەوەش پێویستی بە لێكۆڵینەوەیە بۆ چۆنیەتی مامەڵەكردن لەگەڵ فراوانكردنی چینی مامناوەند و لەخۆگرنی نەوەكانی لە سەردەمی ئاكپارتی لە دایكبوون، چونكە ئەو نەوەیە توركیای پێش ئەردۆغان نەدیووە، بەڵكوو توركیای سەردەمی ئەردۆغانی دیووە.

لە لایەكی دیكەوە ئاكپارتی دەرفەتی گەورەی لەبەردەستە، بۆ نموونە چارەسەری دۆزی كورد و قبووڵكردنی خەباتی سیاسی لەلایەن زۆرینەی كورد و كۆتاییهێنان بە كاری چەكداری دەرفەتێكی گرنگە، چونكە پێویست ناكات هەموو كورد دەنگ بۆ ئاشتی بدات، بەڵكوو زۆرینەی دەنگ بۆ ئاشتی بدات بەسە.

دەرفەتێكی دیكە كۆتایهێنان بوو بە قەیرانی پەنابەران و سەركەوتنی شۆڕشی سووریا و كەوتنی بەشار ئەسەد، ئەو كارتە لەدەستی ئۆپۆزسیۆن بوو ماوەی (10) ساڵە بۆ دەستكەوتی سیاسی خراپ بەكاریان دەهێنا، بێگومان ئەوەش رەنگدانەوەی ئەرێنی لەسەر ئاكپارتی و ئەردۆغان دەبێت، جگە لەوەش زیاتر لە سێ ساڵ و نیو لەبەردەم هەڵبژاردنی سەرۆكایەتی و پەرلەمانی ماوە، دەتوانێت كارتەكانی رێكبخاتەوە.

دەستگیركردنی ئیمامئۆغلۆ

یاسین ئەقتای دەڵێت، سەرەتا پێمخۆشە ئەوە بڵێم پرسی گەندەڵی و شایەتیدان لەسەر ئەكرەم ئیمائۆغلۆ، سەرۆكی شارەوانی ئستەنبۆڵ لەبەردەم دادگا و تۆمەتی بەرتیل وەرگرتن، هەموویان لەناو پارتەكەی خۆی سەرچاوەی گرتووە، نەك ئەنجامی كارێكی هەواڵگری بێت، یاخود بەهۆی پێشكەشكردنی سكاڵای ئەندامانی پارتی فەرمانڕەوا بێت دژ بە ئیمامئۆغلۆ، ئاشكرایە سكاڵا و ئاشكراكردنی تاوانەكان هەمووی لەناو پارتی گەلی كۆماری سەرچاوەی گرتووە، ئەندامەكان چاودێری و بەدواداچوونیان بۆ جووڵە و هەڵوسوكەوتەكانی ئەكرەم ئیمائۆغلۆ كردوو، بەڵگەیان لەسەر ئەو تاوانانە پێشكەش كردووە، لەوانە گرتەی ڤیدیۆی، كە چۆن شارەوانی لە بەرژەوەندی خۆی بەكارهێناوە، پێشتریش گوتم، هیچ ئەندامێكی پارتی دادوگەشەپێدان، یاخود حكومەتی ئێستا ئەو سكاڵایانەی پێشكەش نەكردووە، بەڵام ئاشكراكردنە لەناو (جەهەپە) بووە.

ئاشكرابوونی دۆسیەی گەندەڵی و بەرتیل دژ بە ئیمامئۆغلۆ لەناو حزبەكەی لەم رووەوەیە كە قبووڵ ناكەن ئیمامئۆغلۆ بە زەبری پارە و بەرتیل دەست بەسەر ئەو حزبە دابگرێت، چونكە لە بنەڕەتەوە ئەندامی ئەو حزبە نەبووە، لە ریزەكانی نەبووە بە پلەكان سەركەوێت، بەڵكوو لەسەرەتاوە لە كەرتی بارزگانی كەسێكی چالاك بوو، نەك سیاسی.

پێشتر هەوڵی داو خۆی لەسەر لیستی پارتی دادوگەشەپێدان خۆی كاندید بكات، بەڵام ئاكپارتی رەتی كردەوە، بۆیە رووی كردە جەهەپە و خۆی كاندید كرد و پێگەیەكی بۆخۆی لەو حزبە كڕی، ئەندامانی ئەو حزبە باش دەیانزانی ئەو كەسە هاوردەیە لەناو حزبەكەیان و لە ناوخۆ دژی وەستانەوە، پێشكەشكردنی ئەو جۆرە سكاڵایە جۆرێكە لە جۆرەكانی رەتكردنەوە لەناو حزب و هیچ پەیوەندی بە ئاكپارتییەوە نییە.

سەرچاوە: ماڵپەڕی ئیستقلال

بابەتی پەیوەندی دار

0 لێدوانەکان

نەزەری خۆتان بنووسن

ئیمەیلەکەتان بە هیچ شێوەیێک بڵاو نابێتەوە. هەموو فیڵدە ئەستێرە دارەکان ئیجبارین