ئەحمەد شەرع سەردانی فەڕەنسا دەکات عێراق ناوچەکە و جیهان
سەرۆکایەتیی کۆماری فەڕەنسا ڕایگەیاند سەرۆکی نوێی سووریا یەکەم سەردانی بۆ ئەوروپا دەکات لە کۆبوونەوەیەکدا لەگەڵ سەرۆکی فەڕەنسا کۆدەبێتەوە.

ڕۆژی سێشەممە (شەشی ئایار/2025) ئاژانسی (فرانس24) بڵاویکردەوە، سەرۆکایەتیی کۆماری فەڕەنسا ڕایگەیاند، لە هەوڵێکدا بۆ بەهێزکردنی پەیوەندییەکانی نێوان هەردوو وڵات سەرەڕای توندوتیژیی تایەفەگەری کوشندە لە سووریا ڕۆژی چوارشەممە ئیمانوێل ماکرۆن، سەرۆکی فەڕەنسا میوانداری ئەحمەد شەرع، سەرۆکی سووریا دەکات.

لە ڕاگەیێندراوەکەی سەرۆکایەتیی فەڕەنسا ئاماژە بۆ ئەوە کراوە، "ماکرۆن پشتیوانی فەڕەنسا بۆ بنیاتنانی سووریایەکی نوێ دووپات دەکاتەوە، سووریایەکی ئازاد و سەقامگیر و خاوەن سەروەری کە ڕێز لە هەموو پێکهاتەکانی کۆمەڵگای سووریا بگرێت".

لە راگەیەندراوەکەدا ئەوەش هاتووە: "ئەم کۆبوونەوەیە بەشێکە لە پابەندبوونی مێژوویی فەڕەنسا بە گەلی سووریا کە هیوای ئاشتی و دیموکراسییان هەیە، لە کۆبوونەوەکەدا ماکرۆن جەخت لە داواکارییەکانی خۆی لە حکومەتی سووریا دەکاتەوە بە تایبەتی سەقامگیرکردنی ناوچەکە بە لوبنانیش و شەڕی دژی تیرۆرەوە".

لە مانگی شووباتدا، ماکرۆن بۆ یەکەم جار سەرۆکی کاتی سووریای بۆ فەڕەنسا بانگهێشت کرد دوای ئەوەی دەستەی تەحریر شام بەشار ئەسەدیان ڕووخاند. لە مانگی ئاداردا جارێکی تر بانگهێشتەکەی دووبارە کردەوە بەڵام مەرجی دامەزراندنی حکومەتێکی گشتگیر لە سووریا دووپات کردبۆوە کە نوێنەرایەتی هەموو پێکهاتەکانی کۆمەڵگەی مەدەنی بکات و دانووستاندنەکانی سەرەتایی لەگەڵ سەرکردە کاتییەکان بە ئەرێنی ناوبرد.

بابەتی پەیوەندی دار

0 لێدوانەکان

نەزەری خۆتان بنووسن

ئیمەیلەکەتان بە هیچ شێوەیێک بڵاو نابێتەوە. هەموو فیڵدە ئەستێرە دارەکان ئیجبارین