بەرپرسانی تورکیا لەدوای كۆنگرەی پەکەکە پەیوەندییەکانیان چڕتر دەکەنەوە شیکاری

نوچە نێت: تایبەت

ئامادەكردنی: دنیا ئەحمەد

پارتی کرێکارانی كوردستان (پەکەکە) لە ڕاگەیێندراوێکدا ڕایگەیاند، کە دوازدەهەیەمین کۆنگرەی پەکەکە لە ڕۆژانی پێنج تا حەوتی ئایار لە هەرێمەکانی پاراستنی میدیا بە سەرکەوتوویی بەڕێوەچوو. لەدوای ئەم پەیامەی پەکەکە بەرپارسانی تورکیا پەیوەندییەکانیان چڕتر دەکەنەوە. 

لەدوای ڕاگەیاندنی ئەنجامی کۆنگرەی (12) لەلایەن پەکەکەوە پەروین بوڵدان ئەندام پەرلەمانی توركیا و ئەندامی شاندی ئیمڕاڵی لەبارەی کۆنگرەکە و هەڵوەشاندنەوەی پەکەکە ڕایگەیاند، "بانگهێشکردنی کۆنگرە ئەوەندە ئاسان نییە و ماوەی سێ ڕۆژی دەوێت، پێموایە بڕیارەکانی دوای کۆنگرەی پەکەکە لەماوەیەکی نزیکدا ڕادەگەیێندرێت، نامەوێت وردەکاری زۆر باس بکەم، بەڵام بە ئەگەرێکی زۆرەوە عەبدوڵڵا ئۆجەڵان بەرێگەی ئۆنلاینەوە بەشداری کۆنگرەی کردووە."

بوڵدان ئاماژەی بەوەشکرد، "خۆزگە سری سورەییا ئۆندەر ئەم ڕۆژەی بینیبا، خۆزگە ئەم لێدوانانەی بینیبا، ئەو لەپێناو ئاشتی هەوڵ و ماندووبونێکی زۆری داوە، ئەو ئێستا لە ئێمە تێدەگات کە لە قۆناغێکدا دەژین کە هەوڵا و تێکۆشان لە تورکیا کۆتایی هاتووە."

ئەو پەرلەمانتارەی دەم پارتی باس لە هەنگاوەکانی داهاتووش دەکات و دەڵێت، " لەئێستادا ڕێگایەکی دوورودرێژمان لەبەردەم دایە دەبێت هەموو لایەک بە هەستیارییەوە لێدوان  بدەن و مامەلە بکەن بۆ ئەوەی هیچ زیانێک بە پرۆسەکە نەگەیێنن و بتوانین پرۆسەکە بەسەرکەوتووی کۆتایی پێبهێنرێت."

هەر لەو بارەیەوە لەدوای ڕاگەیاندی کۆنگرەی پەکەکە دەوڵەت باخچەلی سەرۆکی مەهەپە کە بە دەستپێکەری پرۆسەی ئیمراڵی دادەنرێت، پەیوەندی بە ئەحمەت تورک سەرۆکی شارەوانی مێردین، کە قەیووم لەشوێنی دانراوە و یەکێک لە ئەندامانی ئیمڕالی دەکات و پیرۆزبایی لێدەکات کە پێیان ناوەتە پرۆسەیەکی نوێی لە تورکیایەکی بێ تیرۆر.

بەگوێرەی میدیاکانی تورکیا باخچەلی پەیوەندی بە پەروین بوڵدان کردووە و بەشێوەیەکی تایبەت سوپاسی کردووە بۆ هەوڵەکانی و ڕاشیگەیاندووە، کە بەشداری ئەو لەم پرۆسەیە زۆر گرینگەو بەهۆی هەوڵەکانی ئەو توانیویانە پێ بنێنە قۆناغێکی نوێ.

هەروەها سەرۆکی مەهەپە بە بوڵدانیشی ڕاگەیاندووە کە ئەو پەڕی هەوڵی خۆی دەدات بۆ تەواوکردنی پرۆسەکە. لە بەرامبەردا بۆڵدانیش سوپاسی کردووە و ڕاشیگەیاندووە کە دەبێت پرۆسەکە بەیەکەوە تەواو بکەن.

هاکان فیدان وەزیری دەرەوەی تورکیا لەدوای ڕاگەیاندنی بەستنی کۆنگرەی پەکەکە لە چاوپێکەوتنێکدا ڕایگەیاند، "عەبدوڵڵا ئۆجەلان هەموو مەرجەکانی بینی و بانگەوازەکەی بۆ پەکەکە کرد، چەکدانان تەنیا بەس نییە، پێویستە هەموو ڕێکخراوە نایاساییەکان کۆتاییان پی بهێنرێت و هەڵبوەشێننەوە."

وەزیری دەرەوەی تورکیا باسی لەوەش کرد، "پرۆسەیەکی زۆر گرینگە و ئامانج و خەباتی ئێمە ڕوونە، ئێمە هەمووکات ئامادەین و چاوەروانی بڕیارەکانی کۆنگرەین هیواخوازین وەڵامی ئەوان بۆ بانگەوازە مێژوویەکەی ئۆجەلان ئەرێنی بێت."

فیدان جەختی لەوە کردەوە، "کە پەکەکە نەیتوانیوە بستێک لە خاکی تورکیا داگیر بکات، بەڵام چەند شوینێکیان لە سووریا و عێراق داگیرکردووە و ئەمەش پرسێکە بۆ ئەوان و ئێمە هەوڵی چارەسەرکردنی دەدەین، ئەگەر هاتوو پەکەکەش وەڵامی ئەرێنی نەو کۆیایی ژیان نییە دەبێت لەمەوبەدوا ناوچەیەک بنیاتبنێین دوور لە ململانێ و شەڕ بێت و رێز لەیەکتری بگرین."

ڕەمزی کارتال هاوسەرۆکی کۆنگرەی گەلی کوردستان لەبارەی بەشداربوونی عەبدوڵڵا ئۆجەلان لە کۆنگرەی پەکەکە لە لێدوانێکدا بۆ کەناڵی ستێرک ئاشکرای دەکات کە عەبدوڵڵا ئۆجەلان ڕێگەی پەیوەندی تەلەفۆنییەوە بەشداری کۆنگرەکەی کردووە و چەند پەیامێکی بەوان ڕاگەیاندووە و لەبارەی پرۆسەکەشدا چەند ڕێنمایەکی خستۆتە ڕوو.

کارتال دەشڵێت، ئۆجەلان هەڵوێستی خۆی لەبارەی پرسی چارەسەری دیموکراسی و چەکدانان ڕوونکردۆتەوە و بەر لە بەستنی کۆنگرەکەش ئەم پەیوەندی ئۆجەلان ڕێکخرا و لە کۆنگرەکە ناوەرۆکەکەمان تاوتوێ کرد.

هەروەها ئاماژەی بەوەشکردووە کە ئۆجەلان بەنهێنی هیچ شتێک ناکات، ڕاستەوخۆ و  بە ئاشکرا هەم لەگەڵ پەکەکە و هەم لەگەڵ حکومەتی تورکیا گفتوگۆ دەکات و ئیرادەی ئەو بۆ بەستنی کۆنگرە ڕوونەو کۆنگرەی پەکەکەش ئیرادەیان بۆ ئاشتی و چارەسەری دیموکراسییە.

 

بابەتی پەیوەندی دار

0 لێدوانەکان

نەزەری خۆتان بنووسن

ئیمەیلەکەتان بە هیچ شێوەیێک بڵاو نابێتەوە. هەموو فیڵدە ئەستێرە دارەکان ئیجبارین