سەرۆكی ئۆكراینا: ئامادەم پێنجشەممە لەگەڵ سەرۆكی رووسیا لە ئیستەنبۆڵ كۆببمەوە. عێراق ناوچەکە و جیهان

نوچە نێت

دوای ئەوەی مۆسكۆ رایگەیاند بەبێ مەرج لەگەڵ ئۆكرتینا دەست بە دانووستاندنەكان دەكەین، ڤۆلدیمێر زیلینسكی، سەرۆكی ئۆكراینا سەبارەت بە كۆبوونەوەی لەگەڵ سەرۆكی رووسیا رایگەیاند، لە توركیا چاوەڕوانی ڤلادیمێر پۆتین دەكەم.

ئەمرۆ دووشەممە (12/ ئایار/2025) ماڵپەڕی (ئەنادۆڵ) بڵاوی كردەوە، سەرۆكی ئۆكراینا جەختی لەسەر ئەوە كردۆتەوە، چاوەڕان دەكات ئەمرۆ دووشەممە رووسیا بە یەكجاری هێرشەكان رابگرێت رۆژی پێنجشەممەش لەگەڵ سەرۆكی رووسیا لە توركیا كۆبێتەوە. بەرپرسێكی ئۆكرایناش دەڵێت، تەنانەت ئەگەر رووسیا لەسەر دەستپێكردنی ئاگاربەستیش ئامادە نەبێت لە دووشەممە، ئەوا زیلنسی رۆژی پێنجشەممە لە توركیا دەبێت.

ئەو بەرپرسەی ئۆكراینا ئاماژە بەوە دەكات، سەرۆكی ئۆكراینا لە یەكەم هەوڵی كۆبوونەوەی راستەوخۆ لە (2022) ئامادەبوو لە توركیا لەگەڵ سەرۆكی رووسیا كۆبێتەوە.

رۆژنامەی مۆسكۆ تایمز لە راپۆرتێكدا ئاماژە بەوە دەكات، دۆناڵد ترەمپ، سەرۆكی ئەمەریكا هانی ئۆكراینای داوە قبووڵی گفتوگۆكان لەگەڵ رووسیا بكات.

رۆژی شەممەی رابردوو ڤلادیمێر پووتین پێشنیاری دەستپێكردنەوەی گفتوگۆكانی لەگەڵ ئۆكرایننا بەبێ مەرجی پێشوەختە.

دوێنێ یەكشەممە كۆشكی سەرۆكایەتی رووسیا كرملین رایگەیاند، رەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆك كۆماری توركیا پاڵپشتی تەواوی بۆ پێشنیارەكەی پووتین دەبڕیووە لەسەر گفتوگۆی راستەوخۆ لەگەڵ ئۆكراینا لە ئیستەنبۆڵ.

فەرمانگەی سەرۆكایەتی توركیا لە راگەیێندراوێكدا ئاشكرای كرد، سەرۆك كۆماری توركیا ئامادەیی وڵاتەكەی بۆ سەرۆكی رووسیا دەربڕیووە بۆ دەستپێكردنەوەی گفتوگۆی ئاشتیانەی نێوان مۆسكۆ و كیێڤ.

لە مانگی تەمووزی (2022) توركیا و نەتەوە یەكگرتووەكان نێوەندگیری نێوان رووسیا و ئۆكراینایان كرد بۆ تێپەڕینی دانەوێڵە بە دەریای رەش، ئەوەش بۆ چارەسەری قەیرانی خۆراكی جیهانی بوو، كە ئەو رێككەوتنە تاوەكوو (17/ تەموزی/2023) بەردەوام بوو.

لە (24/ شوبات/ 2022) رووسیا هێرشی سەربازی كردە سەر ئۆكراینا، مەرجی راگرتنی جەنگیش دەستبەردابوونی كیێڤ بوو لە چوونە پاڵ لایەنە سەربازییەكانی رۆژئاوا.

بابەتی پەیوەندی دار

0 لێدوانەکان

نەزەری خۆتان بنووسن

ئیمەیلەکەتان بە هیچ شێوەیێک بڵاو نابێتەوە. هەموو فیڵدە ئەستێرە دارەکان ئیجبارین