تورکیا پەیوەندییە بازرگانییەكانی لەگەڵ ئیسرائیل دەپچڕێنێت تورکیە

نوچە نێت

وەزارەتی بازرگانی تورکیا ڕایگەیاند، "زیاتر لە ساڵێکە مامەڵەی بازرگانی وڵاتەکەمان لەگەڵ ئیسرائیل وەستاوە، هەموو دەنگۆیەک سەبارەت بە ئەنجامدانی ئەو کارە ڕەتدەکەینەوە".

ڕۆژی شەممە (24/ئایار/2025) ئاژانسی (ئەنادۆڵ) بڵاویکردەوە، لە ڕاگەیێندراوێکدا وەزارەتی بازرگانی تورکیا ڕایگەیاند، "هەموو ئەو تۆمەتانە ڕەتدەکەینەوە کە پەیوەندیدارن بە بازرگانیکردنی نێوان تورکیا و ئیسرائیل".

لە ڕاگەیێندراوەکەدا ئاماژە بۆ ئەوەش کراوە، "تورکیا بە سەرۆکایەتی ڕەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆک کۆماری تورکیا بە بەردەوامی خەباتی کردووە لە بوارە جیاوازەکانی دیپلۆماسی، بازرگانی، یاسا، تەندروستی و یارمەتی مرۆیی دژ بە جینۆسایدی ئیسرائیل لە غەزە، دەستدرێژییەکانی کەناری ڕۆژئاوا، لوبنان و سوریا ئەنجامداوە".

وەزارەتی بازرگانی تورکیا دەشڵێت، زیاتر لە ساڵێکە قەبارەی بازرگانی نێوان هەردوو وڵات سفڕە، وڵاتەکەمان سەدان جار ژمارە و داتا و زانیاری پێشکەش کردووە، هەروەها لە ماوەی نێوان (7)ی تشرینی یەکەمی (2023) تا (2)ی ئایاری (2024) ئاڵوگۆڕی بازرگانی تورکیا لەگەڵ ئیسرائیل بە رێژەی (٪30) کەمبووەتەوە.

بە بڕیارێک حکومەتی تورکیا لە (9)ی نیسانی (2024) هەناردەکردنی (1,019) بەرهەمی بۆ ئیسرائیل ڕاگرت. سێ هەفتە دواتر لە سەرەتای ئایاری (2024)، هەناردەکردن، هاوردەکردن و بازرگانی ترانزیت لە تورکیاوە بۆ ئیسرائیل بە تەواوی وەستێندرا.

لە کۆتایی ڕاگەیێندراوەکەدا وەزارەتەکە دووپاتی دەکاتەوە، تورکیا یارمەتی حکومەتی فەلەستینی داوە بە تایبەتی لە کەناری ڕۆژئاوا بۆ ئاڵوگۆڕکردنی پێداویستییە بەپەلەکانی فەلەستین، میکانیزمێکی بازرگانی کۆنتڕۆڵکراوی تایبەت بە گوێرەی پرۆتۆکۆلی هەردوو دەوڵەت لە (7)ی حوزەیرانی (2024) واژۆ کراوە و بەردەوام بەرەو پێشەوە چووە.

 

بابەتی پەیوەندی دار

0 لێدوانەکان

نەزەری خۆتان بنووسن

ئیمەیلەکەتان بە هیچ شێوەیێک بڵاو نابێتەوە. هەموو فیڵدە ئەستێرە دارەکان ئیجبارین