ئیسرائیل ڕەتیدەکاتەوە هێرش بکاتە سەر ئێران عێراق ناوچەکە و جیهان

نوچە نێت

ڕۆژنامەی نیویۆرک تایمز باس لە هێرشکردنەسەر ئێران دەکات لەلایەن ئیسرائیلەوە و نووسینگەی سەرۆک وەزیرانی ئەم وڵاتەش بە تووندی بەرپەرچی هەواڵەکە دەداتەوە.

ڕۆژی چوارشەممە (28/ئایار/2025) ڕۆژنامەی (نیویۆرک تایمز) بڵاویکردەوە، ئیسرائیل هەوڵەکانی چڕکردووەتەوە بۆ هێرشکردنە سەر ئێران و هیچ گوێی بە دانوستاندنە ئەتۆمییە بەردەوامەکانی نێوان ئێران و ئەمەریكا نادات. 

بە گوێرەی زانیارییەکانی ڕۆژنامەکە، لە دەزگا هەواڵگرییەکانی ئەمەریکاوە زاندراوە لە ماوەی حەوت کاتژمێردا هێرشەکە ئەنجام دەدرێت و ڕێگری لە فشارەکانی ئەمەریکا دەکرێت بۆ ڕاگرتنی هێرشەکە.

لە لایەکی ترەوە ڕۆژنامەکە دەڵێت، بەرپرسانی ئیسرائیل دووپاتی دەکەنەوە ئیدارەی ترەمپ ئامادەکاری دەکات بۆ هێرشکردنە سەر شوێنە ستراتیژییە گرنگەکانی ئێران وەک دامەزراوە ئەتۆمییەکانی ئەم وڵاتە و سەبارەت بەم پرسە ترەمپ قسەی لەگەڵ بنیامین ناتەنیاهوو کردووە.

لە بەرامبەردا، بەشێک لە بەرپرسانی ئیسرائیلی نزیک لە نەتانیاهوو پێیان وایە، لە ئەگەری ئەنجامدانی هەنگاوێکی وا لەلایەن ئیسرائیلەوە، بە دڵنیاییەوە ئێران هێرشی پێچەوانە دەست پێدەکات، ئەمەریکا هیچ ڕێگەیەکی دیکەی نییە جگە لە هاوکاریکردنی ئیسرائیل لە ڕووی سەربازییەوە. بەرپرسانی ئیسرائیل باس لەوە دەکەن ڕەنگە ناتەنیاهوو لە ئەگەری ڕێککەوتنی نێوان ئێران و ئیسرائیلیش ئەم بڕیارە هەر بدات.

بە گوێرەی زانیارییەکان، دوای کۆبوونەوەی لەگەڵ ترەمپ لە مانگی نیسانی ساڵی ڕابردوودا، سەرۆک وەزیرانی ئیسرائیل بە بەرپرسانی ئاسایشی نەتەوەیی ئیسرائیلی ڕاگەیاندووە، "بە شێوەیەک پلان بۆ هێرشکردنە سەر ئێران دابنێن کە پێویستی بە هاوکاری ئەمەریکا نەبێت".

لە لایەکی ترەوە هەر ئەمڕۆ ئاژانسی (رۆیتەرز) بڵاویکردەوە، ئیسرائیل ڕاپۆرتێکی ڕۆژنامەی نیویۆرک تایمزی ڕەتکردەوە کە گوایە سەرۆک وەزیران هەڕەشەی ڕێگریکردن لە دانوستاندنەکانی ڕێککەوتنی ئەتۆمی نێوان ئەمەریکا و ئێران کردووە. 

هەر سەبارەت بە وەڵامدانەوەی ڕۆژنامەکە، نووسینگەی بنیامین ناتەنیاهوو، سەرۆک وەزیرانی ئیسرائیل ڕاگەیەندراوێکی بڵاوکردەوە و دەڵێت، "هەواڵی ساختە بڵاوکراوەتەوە و  ڕەتی دەکەینەوە ناتەنیاهوو لە گفتوگۆیەکدا لەگەڵ ترەمپ هەڕەشەی لێدانی دامەزراوە ئەتۆمییەکانی ئێرانی کردبێت".

بابەتی پەیوەندی دار

0 لێدوانەکان

نەزەری خۆتان بنووسن

ئیمەیلەکەتان بە هیچ شێوەیێک بڵاو نابێتەوە. هەموو فیڵدە ئەستێرە دارەکان ئیجبارین