ترەمپ و ناتەنیاهۆ بە تەلەفۆن گفتوگۆ لەسەر دۆسیەى ئەتۆمى ئێران دەکەن عێراق ناوچەکە و جیهان

نوچە نێت

دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکى ئەمەریکا و بنیامین ناتەنیاهۆ، سەرۆک وەزیرانى ئیسرائیل بە تەلەفۆن گفتوگۆیان لەسەر دۆسیەى ئەتۆمى ئێران و جەنگى غەزە کردووە، بڕیاریشە دواى ئەو پەیوەندییە تەلەفۆنییە ئێوارەى ئەمرۆ حکومەتى ئیسرائیل هەڵسەنگاندنێکى بچووکراوەى دۆخى ئەمنى بکات.

ئێوارەى ئەمرۆ دووشەممە (نۆى حوزەیران/2025) ماڵپەڕی (ئەنادۆڵ) بڵاوى کردەوە، رۆژنامەى یەدیعوت ئەحرەنۆتى ئیسرائیل ناوەڕۆکى گفتوگۆى نێوان ناتەنیاهۆ و ترەمپى ئاشکراکردووە، کە گفتوگۆیان لەسەر پرسى ئێران لە سایەى گفتوگۆکانی نێوان تاران و واشنتن لەسەر رێککەوتنى نوێى ئەتۆمى.

لە بەشێکى دیکەى ئەو پەیوەندییە تەلەفۆنییە، گفتوگۆیان لەسەر دۆسیەى دیلەکانى ئیسرائیل لە لاى چەکدارانى حەماس کردووە، بەگوێرەى سەرچاوە ئیسرائیلییەکان ئێوارەى ئەمرۆش بنیامین ناتەنیاهۆ هەڵسەنگاندنێکى ئەمنى بچووک لەدواى گفتوگۆکان هەردوو سەرۆک بکات.

لە لایەکى دیکەوە کەناڵ 14ى ئيسرائيلى بڵاوى کردەوە، تەوەرى سەرەکى ئەو گفتوگۆیانە دۆسیەى ئێران بووە، ئەوەش بەهۆى وەڵامى نەرێنى چاوەڕوانکراوى تاران سەبارەت بە پێشنیارى ئەمەریکى بۆ دۆسیەى ئەتۆمى ئێران.

کەناڵەکە ئاماژە بەوەش دەکات، دۆناڵد ترەمپ ماوەى (60) رۆژى بۆ گفتوگۆکانى ئێران و ئەمەریکا دیاریکردووە، ئەو وادەیەش تەنیا سێ رۆژى ماوە، کەناڵەکە جەخت لەسەر ئەوە دەکاتەوە، کە ترەمپ پلانى هێرشى راستەوخۆى نییە، رێگەش نادات ئیسرائیل هێرشى دەستبەجێ بکات، بە کۆتاییهاتنى ئەو وادەى سەرۆکى ئەمەریکا دیاری کردووە.

کەناڵ 14 دەشڵێت، لە ئیسرائیل ترسێک لەو رەشنووسە پێشنیارکراوەى ئەمەریکا بۆ ئێرانییەکان هەیە، بەڵام تاوەکوو ئێستا هیوایەک هەیە، کە ئێرانییە، لەبرى ئیسرائیلییەکان ئەو رەشنووسە رەت بکەنەوە.

بابەتی پەیوەندی دار

0 لێدوانەکان

نەزەری خۆتان بنووسن

ئیمەیلەکەتان بە هیچ شێوەیێک بڵاو نابێتەوە. هەموو فیڵدە ئەستێرە دارەکان ئیجبارین