دوای بڕینی موچەی فەرمانبەران سوودانی پەنا بۆ سوننەكان دەبات عێراق ناوچەکە و جیهان

نوچه‌نێت

محەمەد شیاع سوودانی، سەرۆك وەزیرانی عێراق سەردانی پارێزگای ئەنباری كرد، كە بە بەهێزترین ناوچەی پێكهاتەی سوننی دادەندرێت، چاودێرانی سیاسیش ئەو سەردانە بە بەشێك لە چالاكی پێشوەختە بۆ ئامادەكاری هەڵبژاردنەكان و دووبارە وەرگرتنەوەی پۆستی سەرۆك وەزیران دادەنێن.

ئەمڕۆ سێشەممە (10/ حوزەیران/ ماڵپەڕی رۆژنامەی (ئەلعەرەب) لە راپۆرتێدا ئاشكرای دەكات، چاودێرانی سیاسی جەخت لەسەر ئەوە دەكەنەوە، سەردانی محەمەد شیاع سوودانی بۆ لای سوننەكانی ئەنبار، پەیوەستە بە پرسی رەوانەنەكردنی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێم، ئەوەش وای كردووە سوودانی پەنا ئەو ناوچە سوننیە ببات.

سەرچاوە عێراقییەكان جەخت لەسەر ئەوە دەكەنەوە، بۆ ئەو سەردانە هیچ هەماهەنگیەكی پێشوەختە لەگەڵ حكومەتی خۆجێی ئەنبار نەكرا بوو، سەرچاوەیەك لە ئەنجوومەنی پارێزگای ئەنبار ئاشكرای كردووە، سەردانی سوودانی بۆ پارێزگاكەیان لە چوارچێوەی فەرمی نەبوو، لەكاتی سەردانی ئاڵای ئەنجوومەن هەڵنەكراوە، ئەوەش بەڵگەیە كە هەماهەنگی پێشوەختە و كاری دامەزراوەیی لەگەڵ ئەنجوومەنەكە نەبووە. 

ئەو سەرچاوەیە دەشڵێت، ژمارەیەك كەسایەتی ناسراو پێشوازییان لە سوودانی كردووە، كە رەخنەیان لە حكومەتی خۆجێیی ئەنبار هەبوو، لە سەرووی هەموویانە حەمید هایس و ئەركان تەرموز، ئەوەش ئاماژەیە بۆ ئەوەی كە سەرۆك وەزیران هەوڵ دەدات جۆرێك لە هاوسەنگی لە دۆخی سیاسی ناو پارێزگە رابگرێت.

چاودێرانی سیاسی دەڵێن، ئەوەی ئەركی سەرۆك وەزیرانی قورس كردووە، پەیڕەوكردنی هەندێك سیاسیەت و دەركردنی هەندێك بڕیاڕ لەوانە راگرتنی موچەی فەرمانبەرانی هەرێمی كوردستان، كە سزادانی بە كۆمەڵی دانیشتوانی هەرێمی كوردستانە.

رۆژنامەكە جەخت لەسەر ئەوە دەكاتەوە، ئەو بڕیارە بۆشایی گەورەی لەنێوان سوودانی و دەسەڵاتدارانی هەرێم درووستكردووە، كە پارتی دیموكراتی كوردستان سەرۆكایەتی دەكات.

دەربارەی كاردانەوەكانی پارتیش، هۆشیار زێباری، ئەندامی مەكتەبی سیاسی پارتی دەڵێت، راگرتنی موچەی فەرمانبەرانی هەرێم بەبێ سزا تێناپەڕێت، پاشان دەشڵێت، بەرژەوەندی سوودانی و چوارچێوەی هەماهەنگی لە بڕینی مووچەی فەرمانبەران چییە، كە هەڵبژاردنمان لە پێشە، زێباری پێشی وایە، بڕیاری راگرتنی مووچە بڕیارێكی سیاسی و بەرنامەبۆداڕێژراوە دژ بەو هەرێمە دەستوورییە.

چاودێرانی سیاسیش لە بەشێكی دیكەی قسەكانیان دەڵێن، ئەوەی كە سوودمەندی گەورە دەبێت بڕینی بودجەی هەرێم ئەو كەسانەن كە لەناو ماڵی شیعە ململانێیانە لەسەر پۆستی سەرۆكی ئەنجوومەنی وەزیران، چونكە بەو ململانێیە سوودانی رێگە لە هەڵبژاردنەوەی خۆی دەگرێت بۆ جاری دووەم ئەو پۆستە وەربگرێتەوە.

بابەتی پەیوەندی دار

0 لێدوانەکان

نەزەری خۆتان بنووسن

ئیمەیلەکەتان بە هیچ شێوەیێک بڵاو نابێتەوە. هەموو فیڵدە ئەستێرە دارەکان ئیجبارین