توێژینەوەیەكی نەرویجی: (2024) بە ساڵی جەنگ و پێکدادان ناودەبردرێت عێراق ناوچەکە و جیهان

نوچە نێت: تایبەت

توێژینەوەیەکی نەرویجی کە هاوکات پشت بە زانیاری کۆکراوەی زانکۆی ئوپسالا لە سوید دەبەستێت ئاشکرای دەکات لە (2024)دا جیهان زۆرترین ژمارەی پێکدادانی چەکداری لە ماوەی نزیکەی (80) ساڵی ڕابردوودا بەخۆوە بینیوە.

ڕۆژی چوارشەممە (11/حوزەیران/2025) ماڵپەڕی (شەرقولئەوسەت) بڵاویکردەوە، لە ساڵی ڕابردوودا، (61) شەڕ لە سەرانسەری جیهان لە (36) وڵات تۆمار کراون، کە چەندین وڵات ڕووبەڕووی چەندین شەڕ لە یەک کاتدا بوونەتەوە.

بە گوێرەی ئاژانسی فرانس پرێس، لە (2023) دا (59) شەڕ لە (34) وڵاتدا روویانداوە. سیری ئاس ڕوستاد، نووسەری توێژینەوەکەیە کە ئاڕاستەی ململانێی چەکداری لە ماوەی ساڵانی (1946) بۆ (2024) باسدەکات و دەڵێت: "ئەمە تەنها بەرزبوونەوەی ئامارەکان و ژمارە نییە، بەڵکو گۆڕانکارییەکی پێکهاتەییە، جیهان ئێستا زۆر توندوتیژترە بە شێوەیەکی زیاتر بەرچاو و  بە بەراورد بە دە ساڵ پێش ئێستا.

لە توێژینەوەکەدا ئەفریقا بە یەکەم کیشوەر دێت دوای ئەویش ئاسیا، دوای ئاسیا ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و دواتر ئەوروپا و لە کۆتایشدا ئەمەریکا. زیاتر لە نیوەی ئەم وڵاتانە دوو یان زیاتر ناکۆکییان بەسەردا هاتووە. بەگوێرەی توێژینەوەکە، لە (2024) بە بەراورد بە (2023) دا (129) هەزار هاووڵاتی گیانیان لەدەستداوە و (2024) چوارەمین ساڵی خوێناوییانە بووە لە دوای کۆتایی هاتنی جەنگی سارد لە (1989).

هاوکات ژمارەی کوژراوان بە شێوەیەکی سەرەکی بەهۆی جەنگەکانی ئۆکراینا و کەرتی غەززە و پێکدادانەکانی ناوچەی تیگرای ئەسیوپیا بووە. نووسەری توێژینەوەکە دووپاتی دەکاتەوە، "ئێستا کاتی ئەوە نییە ئەمەریکا یان هەر هێزێکی جیهانیی لە پەیوەندییە نێودەوڵەتییەکان بکشێنەوە، گۆشەگیری لە بەرامبەر زیادبوونی توندوتیژی جیهانیدا هەڵەیەکی گەورە دەبێت و دەرەنجامی درێژخایەنی نەرێنی لەسەر ژیانی مرۆڤ دەبێت".

نووسەرەکە دەشڵێت، ئەم بۆچوونە هەڵەیە کە بڵێین جیهان دەتوانێت ئەم کێشانە پشتگوێ بخات بێ گوێدانە ئەوەی ترەمپ یان هەر سەرکردەیەکی داهاتوو لە پۆستەکەیدا بێت، شکستهێنان لە بەردەوامی هاوکاری جیهانی لەم کاتەدا مانای جیابوونەوەیە لەو سەقامگیرییەی کە ئەمەریکا لە دوای (1945)وە بەشداری لە دامەزراندنی کرد.

بابەتی پەیوەندی دار

0 لێدوانەکان

نەزەری خۆتان بنووسن

ئیمەیلەکەتان بە هیچ شێوەیێک بڵاو نابێتەوە. هەموو فیڵدە ئەستێرە دارەکان ئیجبارین