چالاکییەکانى مۆساد بەرپرسانى ئێران تووشى شۆک دەکات راپۆرت و شیکاری

نوچە نێت

ئامادەکردنى: ئیسماعیل تەها

دەزگا هەواڵگرییەکان خەڵکى تایبەتیان لەناو هێزە نەیارەکانیان درووستکردووە، بۆ گواستنەوەى زانیارییەکان، ئەوەش وادەکات نەیارەکان زەبرى کوشندە لە یەکترى بدەن، ئێران و ئیسرائیل چەندین ساڵە لە ململانێدان و لێدوان لە دژى یەکترى دەدەن، لە ساڵى رابردوو ململانێکان بوونە بەکردەیى، ئیسرائیل چەند گورزیکى گەورەى لە ئێران دا پێشتریش چەند زانایەکى ئەتۆمى لەناو ئێران کوژران، پەنجەى تۆمەت بۆ مۆسادى ئیسرائیلى رادەکێشرا، بەرپرسى پێشووى مۆسادیش باسى گواستنەوەى ئەرشیفێکى گرنگى ئێران دەکات بۆ ئیسرائیل، مەحموود ئەحمەدى نەژاد، سەرۆک کۆمارى ئێرانیش ئەو چالاکییە پشتڕاست دەکاتەوە. 

گواستنەوەى ئەرشیفى ئەتۆمى ئێران بۆ ئیسرائیل

یوسى کۆهین، سەرۆکى پێشووى مۆساد وردەکارى گواستنەوەى ئەریشیفى ئەتۆمى ئێران بۆ ئیسرائیل ئاشکرا دەکات  کە ئەو کارە لە (2018/1/31) ئەو چالاکییە ئەنجامدراوە، نزیکەى (20) سیخوڕ بەشداریان کردووە، سەبارەت بە ناسنامەیان ئاشکراى نەکردن، کە ئایا ئەوانە هەموویان ئیسرائیلى بوون، یاخود خەڵکى ئێرانیشى تێدا بووە، دەربارەى چۆنیەتى ئەو چالاکییە کۆهین دەڵێت، ئەو چالاکییە گەورە دوو ساڵ پێش جێبەجێکردنى، پیلانى بۆ داڕێژرا، کاتێک مۆساد شوێنى ئەرشیفى داواکراوى دۆزییەوە، کە لە لە دەوروبەرى تارانى پایتەختى ئێران لە باڵەخانەیەک بوو، سیخوڕەکانى بۆ ئەو کارە، بارەگایەکى تەواویان لە وڵاتێک کردەوە، لەسەر چۆنیەتى کۆنتڕۆڵکردنى ئەو باڵەخانە و گواستنەوەى ئەو ئەرشیفە دەستیان بە مەشق کرد.

لە بەشێکى دیکەى قسەکانى کۆهین دەڵێت، دەبوو ئەو چالاکییە بە حەوت کاتژمێر تەواو بکرێت، ئەو کەسانەى بەشداربوون لە شوێنى چالاکییەکە هچیان ئیسرائیلى نەبوون، دەربارەى چارەنووسیشیان دەڵێت، ئێستاش هەموویان لە ژیاندا ماون، هەندێکیشیان ئێرانیان جێهێشتووە، بەر لەوەى ئەو ئەرشیفە بگاتە ئیسرائیل، بە ئەلیکترۆنى گەیشتەوە ئیسرائیل.

ئاشکردانى نهێنییەکان 

عەلى یونسى، وەزیرى پێشووترى ئەمنى ئێران دەڵێت، لە ماوەى (10)ساڵى دوایى مۆسادى ئیسرائیلى بۆ ناو هەموو کەرتەکان قووڵبۆتەوە، بە جۆرێکە سەرجەم بەرپرسانمان ترسیان لە رۆحى خۆیان هەیە.

یونسى کە لەسەردەمى محەمەد خاتەمى وەزیرى هەواڵگرى ئێران بوو دەڵێت، دەزگا ئەمنیی و هەواڵگرییەکانى ئێران لەبرى دۆزینەوەى ئەندامانى مۆساد لەناو وڵات سەرقاڵى تۆمەتبارکردنى یەکترى بوون، کە بە جۆرێک چەندین گورزى لەناو ئێران وەشاند و بوو بە هەڕەشەیەکى روون و راشکاو بۆ بەرپرسانى ئێران.

يونسى ئاماژە بەوەش دەکات، ئێرانییەکان ئەمرۆ مافیان خۆیانە لە هەر رووداوێک کە لە ئێران روودەدات تووشى دڵەڕاوکێ بن، دواشى کردبوو کە کۆتایی بە ململانێى نێوان دەزگا ئەمنییەکانى ئێران بهێندرێت، بەرەنگارى قووڵبوونەوەى دوژمن ببێتە کارى لەپێشینە.

مەحموود ئەحمەدى نەژاد سەرۆک کۆمارى ئێران رەخنە لە دەسەڵاتدارانى وڵاتەکەى دەگرێت و دەڵێت، هیچ کەسێک بەرپرسیارێتى دزینى بەڵگەنامەکانى لە تورقوزئاباد نەگرتە ئەستۆ، هۆشداریشى لە مەترسى گرووپە ئەمنییەکان دا، کە زیان بە ئێرانى دەگەیێنن، داواشى لە وەزارەتى هەواڵگرى کرد بووم، ئاراستەیان بەرەو نەتنز (وێستگەى ئەتۆمى) و تورقوزئاباد بێت، بەڵام ئەو دەڵێت، ئەوەش شێوازى پاراستنیانى ئەو شوێنانەیە. لەدواى قسەکانى نەژاد وەزارەتى هەواڵگرى ئێران رایگەیاند، قسەکانى ئەحمەدى نەژاد پەیوەست بەو بابەتە کۆنە و لێدوانى بێبنەما و ناواقیعین، ئامانجیش لێى بەلاڕیبردنى رایگشتییە.

هەروەها ئەحمەدى نەژاد دەڵێت، " مۆساد لە هەستیارترین ناوەند دەستى بەسەر بەڵگەنامە ئەتۆمى و ئاسمانییەکان داگرت، باڵاترین بەرپرس لە وەزارەتى هەواڵگرى ئێرانى راسپێردرابوو بۆ بەرەنگاربوونەوەى چالاکییەکانى مۆساد، کەچى روونبۆوە ئەو بەرپرسەى وڵاتەکەمان سیخوڕە و لە بەرژەوەندى مۆساد کار دەکات.

ئاشکرابوونى ژمارەیەک سیخوڕ.

لە سەرەتاى ساڵى (2023) ئاژانسى هەواڵى فارسى ئێرانى راپۆرتێکى بڵاوکردەوە، تێیدا ناوى ژمارەیەک کەسى بڵاوکردەوە، کە لە لایەن هێزە ئەمنییەکانى ئێران دەستگیرکراون، بەگوێرەى راپۆرتەکە هەریەکەو لە ژێر ناوێک کاریان کردووە، پاشان هەندێکیان لە سێدارە دراون، یەکێک لە سیخوڕەکانیش گۆڕینەوەى لەگەڵ ئەمەریکا پێکراوە، کە ئەوانە دیارترین سیخوڕەکانن:

جیسۆن رەزائیان: لەژێر ناوى رۆژنامەنووسى ئێرانى ــ ئەمەریکى کارى کردووە، ماوەیەک لە تاران بەرێوەبەرى رۆژنامەى واشنتن پۆست بوو، توانیویەتى بگات بە هەندێک دامەزراوە و زانیارى گرنگ لەسەر پڕۆگرامیى ئەتۆمى و رێگەکانى خۆدزینەوە لە سزاکان بەدەست بهێنێت، لە (2014/8/22) بە تۆمەتى سیخوڕى و بڵاوکردنەوەى پڕوپانگەندە دژ بە ئێران دەستگیرکرا، لەدواى نزیکەى دوو ساڵ لە (2016/1/16) لەگەڵ سێ ئەمەریکى دیکە وەک بەشێک لە رێککەوتنى گۆڕینەوەى زیندانیان ئاڵوگۆڕى پێکرا.

عەلى ئەشتەرى: لە (2008) بە تۆمەتى سیخوڕى لە بەرژەوەندى ئیسرائیل دەستگیرکرا، لە (2008/8/30) دەستگیر کرا، ئەشترى پسپۆڕى بوارى ئەلیکترۆنیات بوو، لە یەکێک لە گەشتەکى بۆ دەرەوە لە میانەى دیدارى لەگەڵ چەند ئەفسەرێکى مۆساد پەیوەندى درووست دەکات، مەشقى پێویستى پێ دەکەن، کار لەسەر کۆکردنەوە و گواستنەوەى زانیارى گرنگ دەکات بۆیان، لە (2008/11/17) لە سێدرارەدرا.

عەبدورەسول دورى ئەسفەهانى: ناوى پەیوەستە بە پلانى کارى هاوبەشى گشتگیر (رێککەوتنى ئەتۆمی) مێژووێکى لەکاکردن لە کۆمپانیا گشتى و تایبەتییەکان هەبوو، گەیشتە بەرزترین ئاستى تیمى دانوستاندنى ئێرانى، وەک نوێنەرى بانکى ناوەندى بوو لە دانوستاندنە ئەتۆمییەکان، تا دواى کۆتاییهاتنى دانووستاندنى ئەتۆمى، صلەى خزمەتگوزارى پلەى دووى لە سەرۆک کۆمارى ئەو کاتە بەدەست هێنا.

شەهرام ئەمینى: کارى لێکۆڵەر و پسپۆڕبوو تیشکى پزیشکى بوو لە زانکۆى "مالیک ئەشتەر" بۆ تەکنەلۆژیا، کە سەر بە وەزارەتى بەرگرى بوو، لە مانگى حوزەیرانى (2009) لە کاتى بەجێهێنانى عومرە ون بوو، لەدواى (13) مانگ و بڵاوکردنەوەى چەند ڤیدیۆیەکى دژ بەیەک لە (2010/7/13)  گەڕایەوە بۆ نووسینگەى چاودێرى بەرژەوەندییەکانى ئێران لە ئەمەریکادەرکەوتەوە، لەدواى دوو رۆژ گەڕایەوە ئێران.

لەدواى گەڕانەوەى دەستگیرکرا، روون بۆوە دەستى گەیشتووە بە زانیارى زۆر نهێنى، دواتر پەیوەندى لەگەڵ دەزگا سیخوڕییەکانى ئەمەریکا درووستکردووە و زانیارى پەیوەست بە ئێرانى پێداون، لە مانگى ئابى (2016) ئێران لە سێدارەى دا.

جەلال حاجى زوار:   چالاکوان بوو، وەک فەرمانبەرى گرێبەست لە رێکخراوى جیۆئاسمانى، سەربە وەزارەتى بەرگرى کارى دەکرد،  لە پێنجى ئەیلوولى (2017) بە تۆمەتى سیخوڕى لە بەرژەوەندى ئەمەریکا لەگەڵ خێزانى پێشووى دەستگیرکرا، کە لەلایەن دەزاگاى هەواڵگرى سەر بە وەزارەتى بەرگرى چاودێرى کرا و دەستگیرکرا، لە لێکۆڵینەوە دانى بەوەدانا، کە لە بەرژوەندى هەواڵگرى ئەمەریکا لە بەرانبەر هاوکارى دارایى کارى کردووە، لە ماڵەکەى ژمارەیەک بەڵگەنامە و ئامێرى سیخوڕى دۆزرایەوە، لە مانگى تەمووزى (2019) لە سێدارەدرا.

مەحموود مووسەوى مەجد: بە تاوانى هەماهەنگى سیخوڕى لەگەڵ دەزگاى هەواڵگرى ئەمەریکا و ئیسرائیل دەستگیرکرا، چەندین زانیارى هەواڵگرى لە هێزە چەکدارەکان و هێزى قودسى سەر بە سوپاى پاسداران گواستبۆوە، لەبەرانبەر بڕێک پارە، یەکیک لە تۆمەتەکانى مووسەوى مەجد: ئەوە بوو شوێنى مانەوەى قاسم سلێمانى و هەندێک لە فەرماندەکانى سوپاى پاسدارانى دابوو بە ئەمەریکا لە تەمووزى (2020) لە سێدارە درا.

عەلى رەزا ئەکبەرى: پێشتر چەندین بەپرسیارێتى لە وەزارەتى بەرگرى وەرگرتبوو، راوێژکارى بوو لە دانوستاندنە ئەتۆمییەکان، سێ ساڵ پێش ئێستا دەستگیرکرا، دانى بەوە دانا کە سیخوڕى لە بەرژەوەندى هەواڵگرى بەریتانیا کردووە، پێش چەند رۆژێک لە سێدرارە درا.

کوژرانى زانا ئەتۆمییەکانى ئێران

بەگوێرەى راپۆرتێک کە لە ساڵى رابردوو بڵاوکراوەتەوە، لە چەند ساڵى رابردوو، چەندین زاناى ئەتۆمى ئێران خاکى ئێران بە رێگەى جیاواز کوژراون، لایەنە پەیوەندیدارەکانى ئێران پەنجەى تۆمەت بۆ مۆسادى ئیسرائیلى درێژ دەکەن.

لە ( 12/ 2/2010) مەسعوود عەلى محەمەدى، مامۆستاى فیزیا لە پەرەپیدانى پڕۆگرامیى ئەتۆمى ئێران بە بۆمبێکى چێندراوە بە ماتۆڕێکەوە لەنزیک ماڵەکەى خۆى کرایە ئامانج و لەو تەقینەوە گیانى لەدەست دا.

لە (2010/11/29) مەجید شەهریارى، بە لە رێگەى لکاندنى بۆمبێکەوە بە ئۆتۆمبێلەکەى کرایە ئامانج، هەمان رۆژ فەرەیدوون عەباسى، سەرۆکى دەستەى وزەى ئەتۆمى ئێران لە هەوڵێکى کوشتن رزگارى بوو، کە بۆمبێکى موگناتیسى بە ئۆتۆمبێلەکەى لێکندرابوو.

لەدواى ئەوە لە (2011/7/23) داریوش رەزایى نەژاد، قوتابى دکتۆرا لە ئەندازیارى کارەبا بە دەستدڕێژى گولە لە لایەن چەند چەکدارێکەوە بەسەرپشتى ماتۆڕەوە کوژرا.

لە (2012/1/11) مستەفا ئەحمەدى رۆشان و شوفێرەکەى لە رێگەى لکانندنى بۆمبى موگناتیسەوە لە باکوورى تاران کرایە ئامانج.

بەڵام کوشتنى موحسین فەخرزادە، گەورە زاناى ئەتۆمى لە ئێران لە (2020/11/27) بە یەکێک لە گەورەترین و ئاڵۆزترین چالاکیەکانى لەناو ئێران دادەندرێت، فەخریزادە بە چەکى بچووک کە بە کۆنتڕۆڵ کارى دەکرد لە مەودایەکى دوور کرایە ئامانج، سەرچاوەکان دەڵێت، ئیسرائیل لەو هێرشەى تەکنەلۆژیاى زیرەکى دەستکیرى بۆ بەهێزکردنى وردبینى بەکارهێنا،چەندین ساڵ بۆ ئەو چالاکییە چاودێرى کرابوو، زانیارى هەواڵگرى کۆکرابۆوە، دواى کەمتر لە دوو ساڵ لەسەر کوشتنى فەخریزادە، چەند چەکدارێک بە سوارى مانتۆڕ حەسەد سەیاد خودایان لە (2022/3/22) کوشت، خودایى کەسایەتى دیارى سەربازیى ئێرانى و ئەندامى دەستەبژێرى فەیلەقى قودس و باڵى ئۆپراسیۆنەکانى سوپاى پاسداران بوو لە دەرەوەى سنوورەکان.

فشارەکانى ئەمەریکا بۆسەر ئیسرائیل

لە (2014) کەناڵى سى بى ئێس نیوزى ئەمەریکى بڵاوى کردووە، چەند سەرچاوەیەکى نزیک لە هەواڵگرى ئیسرائیل ئاشکرایان کردووە، مۆساد هەست بە فشارى ئیدارەى باراک ئۆباما دەکات بۆ راگرتنى چالاکییەکانى لە ناو ئێران.

ئەو کەناڵە ئاماژەى بەوەش کردووە، سەرەڕاى ئەوەى پێشتر مۆساد دانى بەوە دانەناوە کوشتنى زانا ئەتۆمییەکان ئەوان، کە ئامانج لێى لاوازکردنى بەرەوپێشچوونى ئێران بوو، ئیدارەى ئۆباا نایەوێت ئیسرائیل بەردەوام بێت، بەڵام مۆساد پەناى بردۆتە ئەو هەڵمەتە مەترسیدارە، ناشیەوێت سیخوڕەکانى دەستگیربکرێن، یان لە سێدارە بدرێن. 

چەند سەرچاوەیەک ئەوەشیان ئاشکرا کردووە، کە بنیامین ناتەنیاهۆ فەرمانى دەکردووە ناو ئێران و ئەو شوێنەى دیکە بپشکنن کە بەڵگەن لەسەر ئەوەى ئێران تێیدا پێشێلى ئەو پابەندییانە دەکەن, کە لە رێککەوتنى ئەتۆمى لەگەڵ کۆمەڵەى 5+1  لە مانگى تشرینى دووەمى (2013) رێککەوتنى لەسەر کردبوو.

هەڵوێستى ئیسرائیل 

بەگشتى بەرپرسانى ئیسرائیل راستەوخۆ خۆیان لە کاتى کوشتنى زانا ئەتۆمییەکانى ئێران بەرپرسیارێتیان نەگرتۆتە ئەستۆ، کاتێکیش فەخریزادە لە ناو تاران کوژرا، وڵاتانى ناوچە و یەکێتى ئەوروپا سەرۆکۆنەى ئەو کوشتنى دیارترین زاناى ئەتۆمیان کرد، ئیلى کۆهین، وەزیرى دەرەوەى ئیسرائیل رایگەیاند، ئەو سەرکۆنەکردنەى یەکێتى ئەوروپا تەنیا دووڕووییە، چونکە لەبرى ئەوەى هەڵوێستى روونیان لەسەر سزا پێویستییەکان هەبێت، بۆ ئەوەى گرەنتى بکرێت ئێران چەکى ئەتۆمى بەدەست نەهێنێت، دەبینین جارێکى دیکە سەرخۆیان دەخەنەوە ژێر لم، دەربارەى کوشتنى  ئەو زانا ئەتۆمیەش دەڵێت، بیرم بۆ کەس ناچێت لەپشت کوشتنى فەخریزادە دەبێت، بەڵام دەشڵێت، ئێران راشکاوانە داواى وێرانکردنى ئێران دەکات، بۆیە لە دیدى ئێمە هەر کەسێک چالاکانە بەشدار بێت لە هەوڵى پەرەپێدانى چەکى ئەتۆمى دەکرێتە ئامانجى کوشتن.

هێرشەکانى شەوى رابردوو

لە هێرشى شەوى (2025/6/13) شەش زاناى ئەتۆمى ئێرانى کوژران، عەبدوحەمید مەنوچەر، ئەحمەد رەزا زولفەقارى، ئەمیر حوسێن فەقیهى، مەتڵەبى زادە، محەمەد مەهدى تارانچى، فەرەیدون عەباسى.

جە لە زانا ئەتۆمییەکانیش ژمارەیەک بەرپرسى باڵا لە سوپا و سوپاى پاسداران کوژراون، لەوانە، 

حوسێن سەلامى، فەرماندەى سوپاى پاسداران.

محەمەد باقرى، سوپاسالارى ئێران.

غولام عەلى رەشید، فەرماندەى بارەگاى خاتەمى ئەنبیاى سەربازیی.

ئەمیر عەلى حاجیزادە، فەرماندەى هێزە جیۆئاسمانییەکان لە سوپاى پاسداران.

تاهیر پور، فەرماندەى هێزى فڕۆکەى بێفڕۆکەوانى سەر بە سوپاى پاسدارانى ئێران.

داود شەیخیان، فەرماندەى بەرگرى ئاسمانى سەر بە سوپاى پاسداران.

مەهدى رەبانى، فەرماندەى گشتى چالاکییەکان لە سوپاى پاسداران، خۆی و منداڵەکانى بەر ئەو هێرشە کەوتوون.

عەلى شەمخانى، راوێژکارى باڵاى عەلى خامنئەیى، کە یەکێکە لە بەرپرسە باڵاکانى ئێران، بە سەختى بریندارە.

ئەنجام

بە ئامانجگرتنى ئەو هەموو کەسایەتییە سەربازیى و زانا ئەتۆمییە لە یەک کات بەڵگەیەکى روونە لەسەر ئەوەى کە مۆسادى ئیسرائیلى بە قووڵى چۆتە لەناو دەزگا گرنگەکانى ئێران.

ئێران لە چەند ساڵى رابردوو هەندێک هەوڵى بۆ ئاشکراکردنى سیخوڕەکان، وەک لە راپۆرتەکەى باسى چەند کەسیکى کردووە، بەڵام قووڵبوونەوەى مۆساد بە جۆرێکە ئەو هەوڵانە ناتوانێت کاریگەرى لەسەر کەمکردنەوەى ئەو چالاکیانە هەبێت. 

جگە لەوەش ئەو گورزەى ئەمجارە کاریگەریی درێژمەوداى لەسەر دۆخى سەربازیى و هەواڵگرى ئێران دەبێت، پێویستى بە چەندین ساڵە بۆ بەهێزکردنەوەى هەژموونى سەربازیى لەو ناوچەیە.

بابەتی پەیوەندی دار

0 لێدوانەکان

نەزەری خۆتان بنووسن

ئیمەیلەکەتان بە هیچ شێوەیێک بڵاو نابێتەوە. هەموو فیڵدە ئەستێرە دارەکان ئیجبارین