خەلیفە حەفتەر رێککەوتنى دەریایى لەگەڵ تورکیا واژۆ دەکات شیکاری

نوچە نێت

وەرگێرانى: ئیسماعیل تەها

دواى ئەوەى خەلیفە حەفتەر، فەرماندەى سوپاى لیبیا پێگەى خۆى بە تەواوى لە رۆژهەڵات بەهێز کرد، دانوستاندنەکانى لەگەڵ ناوەندە جیاوازەکانى هێز دەست پێکردووە، ئەو کارەشى  لەسەر بنەماى بەرژەوەندى سیاسیە، لە ماوەى رابردوو هەنگاوەکانى بۆ واژۆکردنى رێککەوتنى دەریایى لەگەڵ تورکیا دەست پێکردووە.

رۆژنامەى (نیزاڤیسیمایا گازێتا)ى رووسى لە راپۆرتێکدا دەڵێت، بەر لە شەش ساڵ خەلیفە حەفتەر هێزەکانى جووڵاند بۆ ئەوەى دەست بەسەر تەرابلوسى پایتەختى لیبیا دابگرێت، بەڵام هەوڵەکانى شکستى هێنا، یەکێک لەو هۆکارانەى بووە شکسپێهێنانى هێزەکانى حەفتەر پاڵپشتى سەربازیى و هەواڵگریى تورکیا بۆ هێزەکانى حکومەتى نیشتیمانى، کە لەلایەن کۆمەڵگەى نێودەوڵەتییەوە دانى پێدانرابوو.

ئەمرۆ حەفتەر پێگەیەکى نوێى بۆخۆى سەپاندوو هەوڵدەدات دووبارە پێگەى خۆى بەهێز بکاتەوە، بەڵام ئەمجارە لە رێگەى جووڵە سیاسییەکانیەتى.

دڵەڕاوکێی یۆنان

پەرلەمانى لیبیا کە لە رۆژهەڵاتى ئەو وڵاتیە لەژێر دەسەڵاتى حەفتەرە، بڕیارى پێکهێنانى لیژنەیەکى تەکنیکى داوە بۆ گەیشتن بە رێککەوتنى دەریایى لەگەڵ تورکیا، هاوشێوەى ئەو رێککەوتنەى لە (2019) لەگەڵ تەرابلوس لەکاتى جەنگى هەردوو بەرە واژۆى کرد.

ئەو رێککەوتنە مۆرکێکى فەرمى لە دیدى تورکیا وەرگرت بۆ سنوورەکانى هەژموونى لە رۆژهەڵاتى دەریاى ناوەند، بۆیەش نەک تەنیا لە لایەن حەفتەرەوە بەڵکوو لە لایەن وڵاتانى ئەوروپاشەوە بە تایبەت یۆنان رەتکرایەوە.

لە دووى حوزەیرانى (2025) عەقیلە ساڵح داواى پێکهێنانى لیژنەیەکى کرد، بۆ پێداچوونەوە بە گەیشتن بە رێککەوتنى دەریایى، دیاریکردنى دانیشتنێکى تایبەت بۆ ئەو مەبەستە.

رۆژنامەکە رووسیەکە نووسیوویەتى، ئەو بڕیارە دڵەڕاوکێى لە ناوەندە یۆنانییەکان زیادکردووە، ترسى ئەوەیان هەیە دەسەڵاتدارانى لیبیا لە بەشى رۆژهەڵات رێککەوتنى دیاریکردنى سنوورە ئاوییەکان لەگەڵ تورکیا واژۆ بکەن.

ئەسینیا پێیوایە پێهێنانى لیژنە رێگەخۆشکردنە بۆ رەزامەندى لەسەر رێککەوتنى هاوشێوە لەگەڵ رۆژهەڵاتى لیبیا، کە سەرەڕاى ئەوەى ئەو بەرەیە ساڵانێکى درێژ سەرسەخترین نەیارى هەوڵەکانى رەجەب تەیب ئەردۆغان بوو بۆ فراوانکردنى هەژموونى وڵاتەکەى لەو ناوچەیە.

حکومەتى تەرابلس تا ئەمرۆ لەگەڵ بەرەى حەفتەر ناۆکۆکە، کە چەند ساڵێک پێش ئێستا رێککەوتنى یەکەمى دەرەیایى لەگەڵ ئەنقەرە واژۆ کرد.

رۆژنامە رووسیەکە جەخت لەسەر ئەوە دەکاتەوە، ئەو رێککەوتنە پشتگوێخستنى گەورەى مافەکانى یۆنان و قوبرسە لە ناوچە ئابوورییەکان لە رۆژهەڵاتى ناوەند و چەسپاندنى خواستە هەرێمییەکانى تورکیایە، بۆیەش ئەو رێککەوتنەى ئەو کاتە لەلایەن ئەسینیا و نیقۆسیا و قاهیرە وڵاتانى ئەوروپا کە پەیوەندى بەهێزیان لەگەڵ حەفتەر هەبوو رەخنەى توندى لێ گیرا.

رۆژنامە رووسییەکە ئاشکراى دەکات، کە یۆنان داواى لە میسر کردووە، کە هاوبەشى سیاسى و سەربازیى کۆنى حەفتەرە فشار بخاتە سەر حەفتەر و رێگە نەدات ئەو رێککەوتنە لەگەڵ تورکیا واژۆ بکات.

نزیکبوونەیەکى تێبینیکراو

لەم چوارچێوەیە گوتارى نەیارانە بۆ تورکیا بە یەکێک لە دیارترین میکانزمەکانى بانگەشەى حەفتەر دادەندرا، لەو چەند ساڵەى رابردوو بە شێوەیەکى بەرچاو پاشەکشەى کردووە، بۆ نموونە سەدام حەفتەر کە کوڕى خەلیفە حەفتەرە سەرۆکایەتى دەستەى هێزە وشکانییەکان دەکات، لە پایزى ساڵى رابردوو بەشدارى لە پێشەنگەى پیشەسازیى بەرگریى تورکیاى لە ئیستەنبۆڵ کرد.

رۆژنامە رووسیەکە ئەو بەشدارییەى بە هەنگاونان بەرەو فرەکردنى پاڵپشتى کەناڵە سیاسیى و سەربازیى شرۆڤە کردووە، راپۆرتەکان ئاماژە بەوە دەکەن سەدام حەفتەر بایەخ بە کڕینى پێداویستى سەربازیى تورکی دەدات.

رۆژنامەکە پێیوایە کێشەى بنەڕەتى ئەوەیە کە ئەو رێککەوتنە نوێیە دەبێتە بەرگێکى یاسایى بۆ بانگەشەکانى تورکیا لە رۆژهەڵاتى ناوەند بەناوى هەموو لیبیاوە، بەڵام ئەوەش زیان بە هەوڵەکانى ئەردۆغان دەگەیێنێت بۆ نزیکبوونەوە لەگەڵ یەکێتى ئەوروپا، هەریەک لە یۆنان و قوبرس بەشێکن لە یەکێتى ئەوروپا. 

رۆژنامەکە ئاماژە بەوەش دەکات، سەرەڕاى ئەوەى ئەنقەرە سوورە لەسەر ئەندامبوونى تەواو لە یەکێتى ئەوروپا، بەڵام تاوەکوو ئێستا وڵاتانى ئەوروپا زۆر بە هەستیارییەوە ماڵە لەگەڵ ئەو دۆسیە دەکەن.

لە هەشتى مانگى ئایارى (2025) پەرلەمانى ئەوروپا رەزامەندى لەسەر ئەو راپۆرتە نیشان دا، کە دەڵێت، لەو دۆخەى ئێستا ناتواندرێت دەست بە دانوستاندنى پڕۆسەى وەرگرتنى تورکیا لە یەکێتى ئەوروپا بکرێت، ئەندامانى پەرلەمانى ئەوروپا نیگەرانى قووڵی خۆیان بەرانبەر پاشەکشەى پێوەرە دیموکراسییەکان لە تورکیا و کپکردنەوەى بەردەوامى دەنگى ئۆپۆزسیۆن دەربڕى.

ئەنتۆن مەرداسۆڤ، پسپۆڕ لە کاروبارى رۆژهەڵاتى ناوەڕاست دەڵێت، ناڕوونییەک بە هەر رێککەوتنێکى لیبى و پرسى رەزامەندى لەسەرى هەیە، ئەوەش بەهۆى فاقى دەسەڵات لە لیبیا و ئاڵۆزییە سییەکان لەناو حکومەتى تەرابلوس. 

رۆژنامەکە دەڵێت، بۆ نموونە هەر رێککەوتنێکى فەرمى دەرفەتى بە سوپاى تورکیا دابێت بنکە سەربازییەکان لە رۆژئاواى ئەو وڵاتە بەکار بهێنێت، بەرەى رۆژئاوا رەزامەندى لەسەر نیشان نەداوە، هەروەک دادگا لە تەرابلوس لەدواى وەرگرتنى دەسەڵات لەلایەن عەبدولحەمید دبیبە بۆ سەرۆکایەتى کارکردن بە رێککەوتنى دەریایى هەڵپەسێردرا.

ئەنتۆن دەشڵێت، گۆڕەپانى سیاسى لیبیا فێڵ و رووکەشى زۆرى پێوەدیارە، بۆیە قورسە دەرفەتەکانى رەزامەندى کردەیى لەلایەن رۆژهەڵاتى لیبیا لەسەر ئەو رێککەوتنە دەریاییە هەڵبسەنگێدرێت.

ئەو پسپۆڕە پێیوایە، ئەو رێککەوتنە بۆ ئەنقەرە زۆر گرنگە دەبێتە فراوانکردنى پەیوەندییەکانى لەگەڵ رۆژهەڵاتى لیبیا و بە دیاریکراویش سەدام حەفتەر، تەنانەت ئەگەر رێککەوتنێکى فەرمیش بوونى نەبێت.

لە بەشێکى دیکەى قسەکانى جەخت لەسەر ئەوە دەکاتەوە، کە سەرەڕاى رووداوەکانى رابردوو، بەڵام کۆمپانیاکانى بیناسازى تورکى لە رۆژهەڵاتى لیبیا لە کارەکانیان بەردەوام بوون، هەندێک زانیارى هەیە کە گرێبەستى سەربازیى لەژێر ئامادەکردن دایە.

ئەنتۆن لە بەشێکى دیکەى قسەکانى دەڵێت، سەبارەت بە رۆژهەڵاتى لیبیا و بنەماڵە حەفتەر پەیوەندییەکان لەگەڵ هاوپەیمان و نەیارەکانى پێشووى بایەخى گەورەى هەیە، چونکە پاڵپشتى کۆمەڵگەى نێودەوڵەتى و وڵاتە جۆراوجۆرەکان دەبێتە هۆى بەهێزبوونى دەسەڵات و گرەنتى گواستنەوەى دەسەڵات لە داهاتوو بۆ سەدام, بەبێ روودانى دابەشبوون لەناو ئەو بنەماڵەیە.

سەرچاوە: ماڵپەڕى ئیستقلال

بابەتی پەیوەندی دار

0 لێدوانەکان

نەزەری خۆتان بنووسن

ئیمەیلەکەتان بە هیچ شێوەیێک بڵاو نابێتەوە. هەموو فیڵدە ئەستێرە دارەکان ئیجبارین