ترەمپ: سوپاسى ئێران دەکەم پێشوەختە ئاگادارى کردینەوە عێراق ناوچەکە و جیهان

نوچە نێت

دواى هێرشەکەى ئێران بۆ سەر بنکەى عودەیدە لە قەتەر، دۆناڵد ترەمپ پەیامێکى بڵاوکردەوە، تێیدا سوپاسى ئێران دەکات، کە پێشوەختە لە هێرشەكە ئاگادارى کردونەتەوە و دەشڵێت، ڕەنگە ئێران بتوانێت بەرەو ئاشتى هەنگاوبنێت.

ئێوارەى ئەمڕۆ دووشەممە (23/حوزەیران/2025) ماڵپەڕى (سکاى نیوز عەرەبیە) بڵاوى کردەوە، دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا لە لاپەڕەى خۆى لە تورس سۆشیال پەیامێکى بڵاوکردەوە، لە بەشێکى پەیامەکەى دەڵێت، "ئێران بە فەرمی وەڵامی لەناوبردنی دامەزراوە ئەتۆمییەکانی بە وەڵامێکی زۆر لاواز داوەتەوە، کە چاوەڕێمان دەکرد، ئێمەش زۆر بە هێزەوە بەرپەرچمان داوەتەوە."

ترەمپ ئاماژە بەوە دەکات، ئێران (14) مووشەکی هەڵداوە، بەڵام (13) یان خراونەتەخوارەوە و یەک دانەیان رێگەدرا دەربازی ببێت، چونکە بەرەو ئاراستەیەکی بێهەڕەشە دەچوو.
ترەمپ دەشڵێت، "خۆشحاڵم رایبگەیەنم کە هیچ ئەمریکییەک زیانی پێنەگەیشتووە و هێرشەکان زیانی زۆریان نەبووە. لە هەمووی گرنگتر، ئەوان هەموو شتێکیان لە سیستەمی خۆیان دەرکردووە، هیوادارم هیچ رقێکی دیکە لە ئارادا نەبێت."
ترەمپ سوپاسی ئێرانیش دەکات کە پێشوەختە ئاگادارى کردوونەتەوە، ئەوەش وایکردووە زیانی گیانی نەبێت. 
سەرۆکی ئەمریکا ئەوەشی نووسیوە، "رەنگە ئێران ئێستا بتوانێت بەرەو ئاشتی و هاوئاهەنگی لە ناوچەکەدا هەنگاو بنێت و منیش بە پەرۆشەوە هانی ئیسرائیل دەدەم هەمان شت بکات. سوپاس بۆ سەرنجتان لەسەر ئەم بابەتە!"

ئێوارەى ئەمرۆ سوپاى ئێران ژمارەیەک مووشەکى ئاراستەى بنکەى سەربازیى ئەمەریکا لە قەتەر کرد، هەڕەشەى هێرشکردنە سەر بنكەیەكی سەربازیی ئەمەریکاى لە عێراق دەکرد.

بابەتی پەیوەندی دار

0 لێدوانەکان

نەزەری خۆتان بنووسن

ئیمەیلەکەتان بە هیچ شێوەیێک بڵاو نابێتەوە. هەموو فیڵدە ئەستێرە دارەکان ئیجبارین