ترەمپ ئاگربەستى لەنێوان ئیسرائیل و ئێران راگەیاند عێراق ناوچەکە و جیهان

نوچە نێت

دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکى ئەمەریکا ئاگربەستى لەنێوان ئیسرائیل و ئێران راگەیاند، بنامین ناتەنیاهۆش داواى لە وەزیرەکانى کردووە،لەدواى ئاگربەست هیچ لێدوانێک نەدەن.

ئەمرۆ سێشەممە (24/ حوزەیران/2025) ماڵپەڕى (سکاى نیوز عەرەبى) بڵاوى کردەوە، شەوى رابردوو دۆناڵد ترەمپ لە لاپەڕەى خۆى لە تروس سۆشیال رایگەیاند، لەدواى (24) کاتژمێرى داهاتوو بە فەرمى جەنگ لەنێوان ئیسرائیل و ئێران کۆتایی دێت.

بەگوێرەى لێدوانى ترەمپ لە کاتژمێرى چوارى بەرەبەیانى رۆژى سێشەممە بە کاتى گرینێچ ئاگربەست لەنێوان هەردوو وڵات دەست پێدەکات، دەربارەى ئەو جەنگەش ترەمپ دەڵێت، ئەگەر ئێمە رێگریمان لەو جەنگە نەكردایە، چەندین ساڵ درێژەى دەکێشا، کە بەردەوامبوونی ئەو جەنگە دەبووە هۆى وێرانکارى گەورە لە ناوچەکە.

لە بەشێکى دیکەى قسەکانى دەڵێت، بۆ کۆتاییهێنان بەوەى کە پێیى دەگوترێت جەنگى (12) رۆژەی  نێوان ئیسرائیل و ئێران دەمەوێت پیرۆزبایى لە هەردوو وڵات بکەم، کە خاوەن توانا و ئازایەتى و زیرەکی بوون.

دواى بڵاوبوونەوەى هەواڵى ئاگربەستى نێوان ئیسرائیل و ئێران، سەرۆک وەزیرانى ئیسرائیل داواى لە وەزیرەکانى کردووە، هیچ لێدوانێک لەسەر رگەیاندنى ئاگربەست نەدەن، رادیۆى سوپاى ئیسرائیلیش بڵاوى کردەوە، بەرپرسانى ئیسرائیل جەخت لەسەر ئەوە دەکەنەوە بە کردەیى جەنگ لەگەڵ ئێران راوەستاوە.

سەبارەت بەو ئاگربەستە، عەباس عێراقچى، وەزیرى دەرەوەى ئێران راگەیاند، تاوەکوو ئێستا هیچ رێککەوتنێک لەسەر ئاگربەست نەکراوە، هیچ چالاکیەکیش سەربازیى لەنێوان ئێران و ئیسرائیل نەوەستاوە.

بابەتی پەیوەندی دار

0 لێدوانەکان

نەزەری خۆتان بنووسن

ئیمەیلەکەتان بە هیچ شێوەیێک بڵاو نابێتەوە. هەموو فیڵدە ئەستێرە دارەکان ئیجبارین