حەماس بە ئاگربەست ڕازی بوو عێراق ناوچەکە و جیهان

نوچە نێت

بەرپرسێکی فەلەستینی ڕایگەیاند، حەماس وەڵامێکی ئەرێنی داوەتەوە بۆ پێشنیاری ڕاگەیاندنی ئاگربەست لە غەزە. پێشتر سەرۆکی ئەمەریکا، "داوای لە حەماس کرد بە ئاگربەست ڕازی بێت".

ڕۆژی هەینی (چواری تەمموز/2025) ماڵپەڕی (شەفەق نیوز) بلاویکردەوە، ئەمەریکا لە ڕێگەی نێوەندگیرەکانەوە پێشنیاری ئاگربەستی کردبوو بۆ ماوەی (60) ڕۆژ کە ئازادکردنی نیوەی بارمتەکان بگرێتەوە لە بەرامبەر زیندانیانی فەلەستینی و تەرمی فەلەستینییەکانی تر و حەماس بە پێشنیارەکە ڕازی بووە.

سەرەتای ئەم هەفتەیە وەزیری دەرەوەی ئیسرائیل ڕایگەیاند، "ئیسرائیل ڕازی بووە بە پێشنیاری ئەمەریکا بۆ ئاگربەست بۆ ماوەی (60) ڕۆژ و پێویستە حەماس ڕازی بێت".

بە گوێرەی زانیارییەکان ئاگربەستەکە ئاڵوگۆڕی قۆناغ بە قۆناغ و هاوکاری مرۆیی دەگرێتەوە، لە ڕۆژی یەکەمدا هەشت بارمتەی زیندوو ئازاد دەکرێن. لە ڕۆژی حەوتەمدا، حەماس ڕوفاتی پێنج بارمتە دەگەڕێنێتەوە و پاشان ڕوفاتی پێنج بارمتەی دیکە لە ڕۆژی سی یەمدا دەگەڕێننەوە. لە ڕۆژی پەنجایەمدا دوو بارمتەی دیکە بە زیندوویی ئازاد دەکرێن و هەشت بارمتەی تر لە ڕۆژی کۆتایی ئاگربەستەکەدا دەگەڕێننەوە.

هاوکات لە ماوەی ئاگربەستەکەدا ڕاستەوخۆ یارمەتییە مرۆییەکان بۆ غەزە دەگوازرێنەوە، دەبێت بە بڕێکی زۆر و بەپێی پێویست دابین بکرێت. 

چاوەڕوان دەکرێت پێش ڕاگەیاندنی ئاگربەستی نێوان حەماس و ئیسرائیل گفتوگۆ بکرێت لەسەر بابەتە گرنگەکان بە مەبەستی گەیشتن بە ئاگربەستێکی هەمیشەیی، بۆ نموونە باسکردنی ئازادکردنی هەموو بارمتەکانی ئیسرائیل لە بەرامبەر زیندانیانی فەلەستینی، کشانەوەی هێزەکانی ئیسرائیل، پلانی ئاسایشی درێژخایەن، بەڕێوەبردنی غەزە لە دوای جەنگ و ڕاگەیاندنی ئاشتی.

 

 

بابەتی پەیوەندی دار

0 لێدوانەکان

نەزەری خۆتان بنووسن

ئیمەیلەکەتان بە هیچ شێوەیێک بڵاو نابێتەوە. هەموو فیڵدە ئەستێرە دارەکان ئیجبارین