ئەپیکور بۆ دەستکردن بە هەناردەکردنەوەى نەوت مەرج دادەنێت کوردستان- عێراق

نوچە نێت

کۆمەڵەی پیشەسازیی نەوتی کوردستان (ئەپیکور) راگەیێندراوێکى بڵاوکردەوە، تێیدا دەڵێت، لەگەڵ هەولێر و بەغدا کۆبوونەتەوە و ئامادەن 'دەستبەجێ' هەناردەکردنی نەوتی هەرێمی کوردستان دەستپێبکەنەوە، بەڵام مەرجیان ئەوەیە کە رێککەوتنێکی نووسراو هەبێت بۆ دڵنیاییدان لە وەرگرتنی شایستە داراییەکانیان و رێزگرتن لە گرێبەستە یاساییەکانیان.

ئەمرۆ دووشەممە (14/ تەمووز/2025) کۆمەڵەی پیشەسازیی نەوتی کوردستان (ئەپیکور) رایگەیاند، کۆمپانیا ئەندامەکانی "خۆشحاڵن" بەوەی گفتوگۆکانی نێوان حکومەتی هەرێمی کوردستان و حکومەتی عێراق بۆ گەیشتن بە رێککەوتن لەسەر دەستپێکردنەوەی هەناردەی نەوت چڕکراونەتەوە، هیوادارن لە ماوەیەکی نزیکدا ئەو ئامانجە بێتەدی.

ئەپیکور روونیشی جەخت لەسەر ئەوە دەکاتەوە، کە  دەبێت هەموو پارەدانێک "بە شێوەیەکی خێرا و شەفاف بێت، جێی قبووڵی کۆمپانیاکان و حکومەتی هەرێمی کوردستان بێت، ئینجا بە کاش بێت یان لە رێگەی رادەستکردنی پشکی نەوتی."

مایڵز کاگینز، گوتەبێژی ئەپیکور دەڵێت، "کۆمپانیا ئەندامەکانی ئەپیکور ئامادەن هەناردەکردن دەستپێبکەنەوە، هەر کە رێککەوتنی نووسراو واژۆ کرا کە رێز لە گرێبەستەکانمان بگرێت، کە بەپێی یاسا نێودەوڵەتییەکان رێکخراون."

گوتەبێژی کۆمەڵەکە ئاماژە بەوەش دەکات، "ئەپیکور هەمیشە جەختی کردووەتەوە کە دەبێت رێز لە گرێبەستەکانی هاوبەشی لە بەرهەمهێنانی ئەندامەکانی بگیرێت و ئەندامەکانیشی هەرگیز بەشدارییان لە هیچ کۆبوونەوەیەکدا نەکردووە لەگەڵ هیچ لایەنێکی حکومی، کە پێچەوانەی ئەمە پێشنیاز کرابێت."

بابەتی پەیوەندی دار

0 لێدوانەکان

نەزەری خۆتان بنووسن

ئیمەیلەکەتان بە هیچ شێوەیێک بڵاو نابێتەوە. هەموو فیڵدە ئەستێرە دارەکان ئیجبارین