هێرشە درۆنییەكانی سەر هەرێمی كوردستان لە بەرزبوونەوەدایە ناوخۆیی

نوچە نێت

دوای جەنگی ئیسرائیل و ئێران، ژمارەی هێرشە درۆنییەكان بۆ سەر هەرێمی كوردستان بە زیادبووندایە، دوایین هێرش، كە ئەمڕۆ بوو هێرشی درۆنی ژمارە (11)مین بوو، کە کرایە سەر کێڵگەیەکی نەوت لە سنووری قەزای ئامێدی لە پارێزگای دهۆک.

لە ماوەی یەك مانگی ڕابردوو، چەند هێرشی درۆنی بۆ سەر شوێن و پارێزگاكانی هەرێمی كوردستان ئەنجامدراوە، كە تاوەكو ئێستا سەرچاوەی ئاستەكردنی درۆنەكان و ئامانجەكەی ڕوون و نەگەیێندراوە.

سەرۆكایەتیی هەرێم: ڕێكارى به‌په‌له‌ بیگرێته به‌ر بۆ ڕێگه‌گرتن لە هێرشەكان

سەرۆكایەتیی هەرێمی كوردستان لە ڕاگەیێندراوێكدا لەبارەی هێرشە درۆنییەكەی ئەمڕۆ بۆ سەر كێڵگەیەكی نەوتی لە پارێزگای دهۆك دەڵێت، "به‌ توندى سه‌ركۆنه‌ى ئه‌و هێرشانه‌ ده‌كه‌ین كه‌ به‌ درۆن ده‌كرێنه‌ سه‌ر ژێرخان و ناوچه‌ جیاجیاكان له‌ هه‌رێمى كوردستان و له‌و چوارچێوه‌یه‌دا دوێنێ و ئه‌مڕۆ كێڵگه‌ى نه‌وتییان له‌ ناوچه‌كانى خورمه‌ڵه‌ و سه‌رسنگ به‌ ئامانج گرتووه‌."

هاوكات داوا لە حكوومەتی عێراق دەكات، "پێویسته‌ هه‌موو ڕێكارێكى به‌په‌له‌ و پێویست بگرێته‌ به‌ر بۆ ڕێگه‌گرتن له‌و هێرشانه‌ و دۆزینه‌وه‌ى هێرشبه‌ران و سزادانیان. ئه‌و هێرشانه‌ سه‌قامگیرى و سه‌روه‌ریى وڵات و وه‌به‌رهێنانى ناوخۆیى و بیانى ده‌خه‌نه‌ مه‌ترسییه‌وه‌."

سەبارەت بە ژمارەی هێرشە درۆنییەكان، تاوەكو ئەمڕۆ سێ هێرشی درۆنی لە سنووری پارێزگای هەولێر، چوار هێێرشی درۆنی لە سلێمانی، دوو هێرشی درۆنی لە دهۆك، لە کەرکووکیش سێ هێرش هەبووە، دووانیان درۆن و ئەوی دیکەش بە مووشەک ئەنجامدراون.

 بە گوێرەی بەدواداچوونەكانی ماڵپەڕی نوچە نێت، زۆربەی هێرشەكان بۆ سەر دامەزراوە نەوتی و ئابوورییەكان، فڕۆكەخانەكان، شوێنی سەربازی و سەنگەری هێزەكانی پێشمەرگەی كوردستان بووە.

 وەزارەتی ناوخۆی هەرێمی كوردستان ڕۆژی (5-7-2025) لەبارەی هێرشە درۆنییەكان ڕایگەیاند، "ئەو چاوەڕوانییە لە لایەنە پەیوەندیدارەكانی حكومەتی فیدڕاڵ هەیە كە لە كاتی بوونی هەڕەشە لەسەر هەرێمی كوردستان یان هەر ناوچەیەكی تری عێراق، لەپێناو دەركەوتنی ڕاستییەكان و ڕێگەگرتن لە دووبارەبوونەوەی هەڕەشەكان و سزادانی ئەنجامدەران، ڕێوشوێنی پێویست بگیرێتە بەر، بەڵام بە داخەوە هەست دەکەین جۆرێك لە پەردەپۆشكردن و خۆدزینەوە لە بەرپرسیارێتی هەیە بەرانبەر ئەو زێدەڕۆییە ئەمنییانەی كە لە دژی هەرێمی كوردستان ئەنجام دەدرێن."

حكوومەتی هەرێم و عێراق وەڵامی یەكتر دەدەنەوە

وەزارەتی ناوخۆ لە ڕاگەیێندراوەكەی دا بیری حكومەتی عێراق هێنایەوە كە "لە ساڵانی ڕابردووش كە بە دەیان جار هەرێم بەر پەلاماری درۆن و مووشەكەكان دەكەوت، هەرچەندە ئاراستە و سەرچاوەی مووشەك و درۆنەكانیش دیار بوون و چەندین جار بۆ دەرخستنی ڕاستییەكان لیژنەی هاوبەشی نێوان حكومەتی هەرێم و حكومەتی فیدڕاڵ دروست بوون، بەڵام دیسان بەداخەوە نە دەرئەنجامی لێكۆلینەوەكان بۆ ڕای گشتی ئاشكرا دەكران و نە لەسەر ئەو تاوانە ئاشكرا و كردەوە نایاساییانە كەس سزا دەدرا و هیچ ڕێوشوێنێكیش لەبەرانبەر هیچ لایەنێك نەگیرایەبەر."

هاوكات ڕۆژی (4-7-2025) وەزارەتی ناوخۆی هەرێمی كوردستان بە فەرمی ڕایگەیاند، "ئەم هێرشانەش لەلایەن هەندێک گرووپی سەر بە حەشدی شەعبی بە مەبەستی ئاژاوەنانەوە کراون، پێویستە لایەنە پەیوەندیدارەکان لە حکومەتی فیدراڵی سنوورێک بۆ ئەم کارە تێکدەرانە دابنێن و رێکاری یاسایی بەرامبەر بە تاوانباران بگرنەبەر."

 بەڵام لە وەڵامی ئەم پەیامەی حكوومەتی هەرێمی كوردستان، سەباح نوعمان، گوتەبێژی محەممەد شیاع سوودانی، فەرماندەی گشتیی هێزە چەکدارەکانی عێراق رایگەیاند، "ئەوەی لە وەزارەتی ناوخۆی هەرێمی کوردستانەوە دەرچووە سەبارەت بە تۆمەتبارکردنی دامەزراوەیەکی ئەمنیی فەرمیی عێراقی، کارێکە رەتکراوە و سەرکۆنەکراوە و بە هیچ بیانوویەک رێگەپێدراو نییە."

 هەر ئەمڕۆ سێشەممە د. لەتیف رەشید سەرۆك كۆماری عێراق، هێرشە درۆنییەكەی سەر كێلگەی غازی خورمەڵە و سەرسنگ بەتیرۆریستی ناوبرد و گووتی، ئیدانەی ئەو هێرشانە دەكەین، دووبارەبوونەی ئەم هێرشە ئاشكرایانە هەڕەشەن بۆسەر ئاسایش و سەقامگیری وڵات و بناغەكانی ئابوری لاواز دەكەن، بە ئامانجگرتنی بەرژەوەندییە گشتییەكانی دەوڵەتەو هەڕەشەیە لە ئاسایشی هاوڵاتی.

ڕاشیگەیاند، سەرۆكایەتی كۆمار داوا لە لایەنە ئەمنییە پەیوەندیدارەكان لە حكومەتی فیدراڵ و حكومەتی هەرێم دەكات رێوشوینی گونجاو و خێرا بگرنەبەر بۆ ئاشكراكردنی تاوانباران و رێگریكردن لە دووبارەبوونەوەی ئەم جۆرە هێرشە تیرۆرستییانە، كە هەڕشەن بۆسەر ئابوری عێراق و ئاسایش و سەلامەتی هاوڵاتییەكانی دەكەن.

بابەتی پەیوەندی دار

0 لێدوانەکان

نەزەری خۆتان بنووسن

ئیمەیلەکەتان بە هیچ شێوەیێک بڵاو نابێتەوە. هەموو فیڵدە ئەستێرە دارەکان ئیجبارین