ئەرمینیا و ئێران رێگە لە ئەنقەرە ـ قەتەر ـ باكۆ دەگرن وەرگێڕان

نوچە نێت

وەرگێڕانی: ءئیسماعیل تەها

ئەو جەنگەی لەنێوان ئیسرائیل و ئەمەریكا لە بەرەیەك، ئێران لەبەرەیەكی دیكە كە ماوەی (12) رۆژ بەردەوام بوو، زنجیرەیەك جووڵەی هەرێمیی درووست كرد، كە هەوڵ هەیە بۆ دووبارە داڕشتنەوەی هاوسەنگی هێزەكان لە ناوچەی باشووری قەوقاز.

بەگوێرەی ماڵپەڕی "الدبلوماسية الإيرانية" ئەو رووبەڕوونەوەی تاران پاڵنەر بوو بۆ دووبارە بونیادنانەوەی توانا بەرگریی و ئەتۆمییەكان، ئەوەش لە كاتێدایە وڵاتانی وەك توركیا و ئازەربایجان و تەنانەت ئەمەریكاش دەرفەتێكیان بۆ رەخساوە بۆ بەهێزكردنەوەی هەژموونیان لە ناوچەی قەوقاز لە رێگەی بیرۆكەی درووستكردنی رێڕەوی زەنگزور.

قۆستنەوەی دەرفەت

شایەنی باسە رێڕەوی زەنگزور درێژیەكەی (32) كیلۆمەترە، لە پارێزگای سیونیك لە باشووری ئەرمینیا دەست پێدەكات، ئەو رێڕەوە بووتە هۆی تەقینەوەی ئاڵؤزیی هەرێمی، لەو كاتەوەی بیرۆكەی جێبەجێكردنی خراوەتەڕوو، كە ئامانجی بەستنەوەی ئازەربایجانە بە هەرێمی نەخجوان و لەوێوە بۆ توركیا، بۆ ئەوەی ببێتە بەشێك لە رێڕەوەی ناوەڕاست بۆ بارزگانی نێوان ئاسیای ناوەڕاست و ئێران.

ماڵپەڕەكەی ئێران ئاماژە بەوە دەكات، كە ئەرمینیا رەتی كردۆتەوە ناوی زەنگزور بەكاربێت كە هەڵگری جۆرێك لە دەلالەتی ئایدۆلۆژییە پەیوەستە بە گێڕانەوەی ئازەربایجانی، كە سوورە پارێزگاری لە كۆنتڕۆڵی تەواو بكات بەسەر ئەو ناوچەیە.

لە لایەكی دیكەوە پێشنیاری ئەمەریكا بۆ بەڕێوەبردنی ئەو رێڕەوە بە كۆمپانیایەكی تایبەت وەك بەشێك لە هەوڵی نێوەندگیری نێوان باكۆ و یەریڤان ئاڵۆزی زیاتری درووستكردووە، كە ئەو پێشنیارە هەڕەشە لە بڕینی رێگەی نێوان ئەرمینیا و ئێران دەكات و هەژموونی ئێران لە باشووری قەوقاز لاواز دەكات.

ماڵپەڕە ئێرانییەكە سەبارەت بە جووڵەكانی توركیا ــ ئەمەریكا دەڵێت، ئەنقەرە و واشنتن خواستی خۆیان بە روونی بۆ قۆستنەوەی ئەو دەرفەتە دەربڕیووە كە دۆخی دوای جەنگی ئیسرائیل ــ ئێران درووست بووە، بۆ ئەوەی ئامادەییان لە قەوقاز بەهێز بكەن، توركیا لە چوارچێوەی پاڵپشتی رێڕەوی زەنگزور خۆی بكات بە ناوەندێكی بازرگانی  ئاسیای ناوەڕاست بە ئەوروپا ببەستێتەوە.

لە دیداری ئەم دواییەی نێوان نیكۆڵ باشینیان، سەرۆك وەزیرانی ئەرمینیا و رەجەب تەیب ئەردۆغان، لە ئەنقەرە رەنگدانەوەی هەوڵەكانی ئەنقەرە بوو بۆ ئاساییكردنەوەی پەیوەندییەكانی نێوان هەردوو وڵات، رێگەخۆشكردنیش بوو بۆ هەنگاونان لە جێبەجێكردنی ئەو پڕۆژەیە.

واشنتن پێیوایە ئەو رێڕەوە ئامرازێكە بۆ بەهێزكردنی بوونی خۆی لەو ناوچەی كە ئاڵۆزییەكانی نێوان رۆژهەڵات و رۆژئاوا زیا دەكات، بەتایبەت لەگەڵ زیادبوونی هەژموونی چین و رووسیا.

لەنێوان ئەو جووڵانە ئێران لە دۆخی بەرگری دایە، هەوڵ دەدات پارێزگاری لە پێگەی خۆی لە هاوكێشەی ئەو هەژموونە بكات، كە ئەگەر هەیە لەگەڵ توركیا بەریەك بكەون.

هەماهەنگی هاوبەش

لەو چوارچێوەیە عەلی ئەكبەر ئەحمەدیان، راوێژكاری ئەنجوومەنی باڵای ئاسایشی نەتەوەیی ئێران لە پەیوەندییەكی تەلەفۆنیدا لەگەڵ ئەرمەن گریگۆریان، راوێژكاری ئاسایشی نەتەوەیی ئەرمینیا جەختی لەسەر ئەوە كردۆتەوە كە پێویستە هەردوو وڵات پارێزگاری لە دۆخی جیۆسیاسی ناوچەكە بكەن.

گریگۆریان جەختی لەسەر ئەوە كردۆتەوە، كە هەڵوێستی یەریڤان بەرانبەر رێڕەوی زەنگزور نەگۆڕاوە، كە ئامانج لێی بەستنەوەی ئازەربایجانە بە كۆماری نەخجوان لە رێگەی خاكی وڵاتەكەی ئەرمینیا.هەر لەو پەیوەندییە تەلەفۆنییەدا، ئاماژەی بەوە كردووە، كە ئەرمینیا دەستبەرداری سەروەری خاكی وڵاتەكەی نابێت.

لە بەرانبەردا ئەحمەدیان هەڵوێستی ئەرمینیای لە پاڵپشتی تاران بەرانبەر هێرشەكانی ئیسرائیل بۆ سەر دامەزراوە ئەتۆمی و سەربازییەكانی ئێران بەرز نرخاندووە، جەختیشی لەسەر ئەوە كردۆتەوە كە سیاسەتی ئێران لەسەر بنەمای هەر گۆڕانكارییەكی جیۆسیاسی لەو ناوچەیە بونیادنراوە.

ئەحمەدیان لە بەشێكی دیكەی قسەكانی جەختی لەسەر ئەوە كردەوە، كە هەر هەموارێك لە هاوسەنگی جیۆسیاسی لێكەوتەی نەرێنی لەسەر هەموو لایەنەكان دەبێت.

بەگوێرەی ماڵپەڕی"الدبلوماسية الإيرانية" ئەو هەماهەنگەی نێوان تاران و یەریڤان رەنگدانەوەی نزیكیانە لە رووبەڕووبوونەوەی جووڵە هەرێمییەكان كە هەڕەشە لە بەرژەوەندی هاوبەشی هەردوو وڵات دەكات.

سەبارەت بە هۆكارەكانی رەتكردنەوەی تاران بۆ ئەو پڕۆژەیەش نووسیوویەتی، رێڕەوی زەنگزور هەڕەشەی راستەوخۆ دەكاتە سەر بەرژەوەندییە ستراتیژییەكانی لەبەر پشبەستنی گەورەی بەو رێڕەوە بازرگانییە كە بە ئەرمینیای دەبەستێتەوە.

لە بەشێكی دیكەی نووسینەكە هاتووە، ئێران دەتوانێت بەپشبەستن بە پاڵنەرە هەرێمییەكان لەوانەش پەیوەندییەكانی لەگەڵ ئەرمینیا هاوسەنگی هێز بگۆڕێت.

سەبارەت بەوەش توركیا دۆخی لاوازی ئێران دەقۆزێتەوە، ماڵپەڕەكە ئاماژە بەوە دەكات لەوانەیە شەپۆلێكی نوێی ئاڵۆزی لەو ناوچەیە سەر هەڵبداتەوە، ئەگەر ئێران زۆر بەخێرایی و كارایی نە جووڵێت.

گۆڕپانی كێبڕكێ

ئەو ماڵپەڕە ئێرانییە پێیوایە، ئەو دیپلۆماسیەتە زیرەكانی تاران گرتۆتییەبەر بە تایبەت لە چوارچێوەی بەهێزكردنی پەیوەندییە ئابووریییەكانی لەگەڵ ئەرمینیا كاریگەری دەیێت لە چارەسەر بەبێ پاشەكشەی هەژموونی.

سەبارەت بە جووڵەكانی ئەم دوایەی توركیا و ئەمەریكا ئازەربایجان لە باشووری قەوقاز بە تایبەتبس لە پڕۆژەی رێڕەوەی زەنگزور، وای كردووە ئەو ناوچەیە ببێتە گۆڕەپانێكی هەستیار بۆ ململانێی جیۆسیاسی ئاڵۆز.

دەربارەی هاوپەیمانی نێوان ئێران و ئەرمینیاش دەڵێت، دەستگرتنی ئەو دوو وڵاتە بە پاراستنی ئەو دۆخە جیۆسیاسییە دەبێتە رێگری لە درووستبوونی هەر گۆڕانكارییەكی نەویستراو، بەڵام دەستوەردانی لایەنە دەرەكییەكانی وەك قەتەر و ئیمارات لە پڕۆژە هاوشێوەكانی وەك "رێگەی گەشە"ی عێراقی و رۆڵی چین و رووسیا ئاڵۆزییەكان زیاتر دەكەن.

سەبارەت بە توانای ئێران لە پاراستنی هەژموونی لە ناوچەی قەوقاز پشت بە ئاستی سەركەوتنیان لە گرتنەبەری دیپلۆماسی چالاك و دووركەوتنە لە ئاڵۆزی دەبەستێت لەو ناوچەی لەسەر لێواری دووبارە داڕشتنەوە و گۆڕانكاریی سیستەمیی هەرێمییە بە تەواویی.

لە (2025/6/13) ئیسرائیل بە پاڵپشتی ئەمەریكا بۆ ماوەی (12) رۆژ هێرشی كردە سەر پێگە سەربازیی و بنكە ئەتۆمییەكان، چەندین زانای ئەتۆمی و فەرماندەی سەربازییشی كردە ئامانج.

ئێران لە وەڵامدا بارەگا سەربازیی و هەواڵگریییەكانی ئیسرائیلی بە موشەكی بالستی و فڕۆكەی بێفڕۆكەوان كردە ئامانج، پاشان واشنتن لە (2025/6/24) جەنگی لەنێوان هەردوو وڵات راگرت.

سەرچاوە: ماڵپەڕی ئیستقلال

بابەتی پەیوەندی دار

0 لێدوانەکان

نەزەری خۆتان بنووسن

ئیمەیلەکەتان بە هیچ شێوەیێک بڵاو نابێتەوە. هەموو فیڵدە ئەستێرە دارەکان ئیجبارین