عێراق ئاستی هەناردەکردنی نەوت بۆ ئەمەریکا بەرزدەكاتەوە ئابووری جیهان

نوچە نێت

ڕاپۆرتی کارگێڕیی وزەی ئەمەریکا (EIA) ئاشکرای دەکات عێراق دووەم گەورەترین هەناردەکاری نەوتە بۆ ئەمریکا، بە جۆرێک ڕۆژانە (273) هەزار بەرمیل هەناردە دەکات.

ڕۆژی یەکشەممە (27/تەمموز/2025) ماڵپەڕی (شەفەق نیوز) بڵاویکردەوە، بە گوێرەی ڕاپۆرتێکی کارگێڕیی وزەی ئەمەریکا هەفتەی رابردوو عێراق بوو بە دووەم گەورەترین دابینکەری نەوتی خاو بۆ ئەمەریکا.

بە گوێرەی ئامارەکانی ڕاپۆرتەکە تێکڕای هاوردەکردنی نەوتی خاوی ئەمەریکا لە (9) وڵاتی سەرەکی لە ماوەی هەفتەی ڕابردوودا (5.351) ملیۆن بەرمیل بووە، بەراورد بە هەفتەی پێشووتر (274) هەزار بەرمیل لە ڕۆژێکدا دابەزیوە چونکە لەو کاتدا ڕێژەکە (5.625) ملیۆن بەرمیل لە ڕۆژێکدا بوو.

لە وڵاتانی هەناردەکردنی نەوت بۆ ئەمەریکا، کەنەدا بە پلەی یەکەم دێت بە بڕی (3.996) ملیۆن بەرمیل لە ڕۆژێکدا و دوای ئەویش عێراق بە (273) هەزار بەرمیل لە ڕۆژێکدا دێت. 

بەرازیل لە پلەی سێێەمدایە بە ڕێژەی (249) هەزار بەرمیل لە رۆژێکدا، دوای ئەویش هەریەک لە وڵاتانی کۆڵۆمبیا و سعودیە دێن بە ڕێژەکانی (179) هەزار بەرمیل و (178) هەزار بەرمیل لە ڕۆژێکدا.

وڵاتانی دیکەی هەناردەکاری نەوت بۆ ئەمەریکا بریتین لە مەکسیک بە (165) هەزار بەرمیل لە ڕۆژێکدا، لیبیا بە (105) هەزار بەرمیل، ئیکوادۆر بە (103) هەزار بەرمیل و نەیجیریا تەنیا بە (85) هەزار بەرمیل لە پلەی کۆتایی ڕیزبادییەکەدا دێت.

بابەتی پەیوەندی دار

0 لێدوانەکان

نەزەری خۆتان بنووسن

ئیمەیلەکەتان بە هیچ شێوەیێک بڵاو نابێتەوە. هەموو فیڵدە ئەستێرە دارەکان ئیجبارین