پارێزەرانی دەمیرتاش: مانگی داهاتوو دەمیرتاش ئازاد دەکرێت تورکیە

نوچە نێت

یەکێک لە پارێزەرانی سەڵاحەدین دەمیرتاش هاوسەرۆکی پێشووی هەدەپە رایگەیاند، "ڕەنگە دەمیرتاش مانگی داهاتوو ئازاد بکرێت" دەشڵێت، لە ئەگەری سەركەوتنی پرۆسەی ئاشتی دۆخێكی نوێ لە توركیا دێتە ئاراوە.

ئەمڕۆ یەکشەممە (سێی ئاب/2025) ماڵپەڕی (بیرگون) بڵاویکردەوە، یەکێک لە پارێزەرانی دەمیرتاش لە لێدوانێکیدا رایگەیاند، "رەنگە مانگی داهاتوو سەڵاحەدین دەمیرتاش لە زیندانی ئەدیرنە ئازاد بکرێت."

مسعود ئۆزەر سەبارەت بە دامەزراندنی کۆمسیۆنێک لە پەرلەمانی تورکیا بۆ چارەسەری پرۆسەی ئاشتی گوتی، "دامەزراندنی کۆمسیۆن لە پەرلەمانی تورکیا دەرگایەک دەبێت بۆ هەموارکردنەوەی ئەو یاسایانەی کە پێویستە لە تورکیا گۆرانکاری تێدا ئەنجام بدرێت. لەم کۆمسیۆنەدا پێشنیازێک بەهاوبەشی لایەنە سیاسیەکی تورکیا پێشکەش بە پەرلەمان دەکرێت و پێویستە (301) ئەندام پەرلەمان پەسەندی بکەن."

هەرچەندە دادگای باڵای مافی مرۆڤی ئەوروپا بۆ جاری سێیەم داوای ئازاد کردنی دەمیرتاشی ئاراستەی حکومەتی تورکیا کرد و بە پێشێلکردنی مافی مرۆڤ ناوی برد بەڵام ڕەتکرایەوە. مانگی رابردووش پارێزەرانی دەمیرتاش و دەم پارتی داوای ئازادکردنیان پێشکەش بە دادگای تورکیا کرد بەڵام ڕەتکرایەوە.

سەبارەت بە پرۆسەی ئاشتی دەمیرتاش لە پەیامێکی نوێیدا دەڵێت، "هیوادارم لەگەڵ هێنانەدی ئاشتی، لاپەرەیەکی نوێ لە تورکیا بکرێتەوە و بەیەکەوە بناغەیەکی بەهێز بۆ داهاتوومان دروست بکەین. گرینگ نییە من کەی ئازاد دەکرێم، گرینگ ئەوەیە ئاشتی لەو وڵاتە بەدیبهێنرێت، دڵنیام ڕۆژێک من هەر ئازاد دەبم."

جێگەی ئاماژە پێدانە، تورکیا لە (4)ی کانوونی دووەمی (2016)، هاوسەرۆکان هەدەپە و ژمارەیەکی زۆر لە پەرلەمانتارانی ئەو پارتە دەستبەسەرکران و دواتر بەبڕیاری دادگە خرانە زیندانەوە. هەروەها سەڵاحەدین دەمیرتاش بە (42) ساڵ و فیگەن یوکسەکداغ بە (30) ساڵ زیندانیکردن سزادران. 

 

بابەتی پەیوەندی دار

0 لێدوانەکان

نەزەری خۆتان بنووسن

ئیمەیلەکەتان بە هیچ شێوەیێک بڵاو نابێتەوە. هەموو فیڵدە ئەستێرە دارەکان ئیجبارین