داهاتووى غەززە لە نێوان حەماس و ئیسرائیلدا وەرگێڕان

نوچە نێت

ئا: سنوور یاسین

دوای تێپەڕبوونی زیاتر لە (22) مانگی بەردەوامی جەنگ لە نێوان ئیسرائیل و چەکدارانی حەماس، ئیسرائیل ئامادەکاری دەکات بۆ گواستنەوەی فەڵەستینییەکان بۆ باشووری غەززە. 

ڕۆژی یەکشەممە (17/ئاب/2025) ماڵپەڕی (جەزیرە) بڵاویکردەوە، ئیسرائیل ڕایگەیاند، پلانیان هەیە بۆ چۆڵکردن و گواستنەوەی فەڵەستینییەکان لە ناوچەکانی شەڕەوە بۆ باشووری غەززە بە ئامانجی کۆنترۆڵکردنی شاری غەززە کە گەورەترین ناوەندی شارەکەیە.

بەردەوامی جەنگ

گوتەبێژی سوپای ئیسرائیل دەڵێت، چادر و کەلوپەلی دیکەی پەناگە بە دانیشتووان دەدرێت و لە ڕێگەی نەتەوە یەکگرتووەکان و ڕێکخراوەکانی فریاگوزاری نێودەوڵەتییەوە دەگەیەندرێتە دەستیان، بەڵام تاوەکو ئامادەکردنی ئەم ڕاپۆرتە ئەمڕۆ نەتەوە یەکگرتووەکان هیچ لێدوانێکی لەبارەی پلانەکە یان بەشداریکردنی لە گەیاندنی یارمەتییە مرۆییەکاندا نەداوە، ئەگەرچی کۆتایی هەفتەی ڕابردوو هۆشداری دا لە ئەگەری بەردەوامبوونی پلانەکە لە شاری غەززە، هەزاران خێزان ڕووبەڕووی دۆخێکی مرۆیی خراپ دەبنەوە و بەرەو خاڵی تێکچوون دەڕوات.

ڕێکخراوی جیهادی ئیسلامیی فەڵەستینی کە هاوپەیمانی حەماسە ئەم ڕاگەیاندنەی سوپای ئیسرائیلی بە بەشێک لە هێرشی دڕندانەی بۆ داگیرکردنی شاری غەززە و پشتگوێخستنی ئاشکرا و بێ شەرمانە بۆ ڕێکەوتنە نێودەوڵەتییەکان وەسف کرد.

پشتیوانییە نیودەوڵەتییەکان

کۆتایی مانگی ئایاری (2025) ئاژانسی (رۆیتەرز) بڵاویکردەوە، سەرەڕای هەڕەشەکانی ئیسرائیل لە بڕیارێکی گرنگدا، "ئێرلەندا، ئیسپانیا و نەرویج دانیان نا بە دەوڵەتی فەڵەستین و داوا دەکەن وڵاتانی تریش بڕیاری لەو شێوەیە بدەن".

پێدرۆ سانچێز، سەرۆک وەزیرانی ئیسپانیا ڕایگەیاند، "بڕیارەکەمان لە پێناوی گەیشتنە بە ئاشتی و تاکە ڕێگەیە بۆ ئەوەی دەرفەت بڕەخسێنێت بۆ بەرەو پێشچوونی هەنگاوەکان و گەیشتن بە چارەسەر بۆ داهاتوو. دانمان نا بە دەوڵەتێکی یەکگرتوو بۆ فەڵەستین".

وەزیری دەرەوەی ئیسپانیا جەختی لەوە کردەوە، "لە (193) وڵاتی ئەندام لە نەتەوە یەکگرتووەکان (146) وڵات دانی ناوە بە دەوڵەتی فەڵەستیندا".

سەرۆک وەزیرانی ئێرلەندا لە بەیاننامەیەکدا ڕایگەیاند، "کۆتایی هێنان بە جەنگ گرنگە و دەمانەوێت ئاشتی ببینین، ئەم هەنگاوەمان بە دڵنیاییەوە کاریگەری خۆی هەیە بۆ فەراهەم کردنی ئاشتی یەکجارەکی".

دواتر ڕۆژی پێنجشەممە (24/تەمموز/2025) ماڵپەڕی (ئەلمۆنیتۆر) ئیمانوێل ماکڕۆن، سەرۆکی فەرەنسا ڕایگەیاند، "فەڕەنسا بە فەرمی دان بە فەڵەستین وەک دەوڵەت دەنێت و دەچێتە ڕیزی ئەو وڵاتانەی ئەوروپا کە هەمان هەنگاویان ناوە".

لە لایەکی ترەوە لە ناوەڕاستی ئابی (2025) ماڵپەڕی (شەرقولئەوسەت) بڵاویکردەوە، ئەنتۆنی ئەلبانێز، سەرۆک وەزیرانی ئوستراڵیا گوتی، "ئوستراڵیا لە هەشتەمین دانیشتنی کۆمەڵەی گشتی نەتەوە یەکگرتووەکان لە مانگی ئەیلوولدا دان بە دەوڵەتی فەڵەستین دەنێت بۆ یارمەتیدانی فشارە نێودەوڵەتییەکان بەرەو چارەسەری دوو دەوڵەت، ڕاگەیاندنی ئاگربەست لە غەزە و ئازادکردنی بارمتەکان."

سەرۆک وەزیرانی ئوستراڵیا دەشڵێت، "دانپێدانانەکە لەسەر بنەمای پابەندبوونی دەسەڵاتی فەڵەستین دەبێت بە بڕیارەکە، هاوکات چارەسەری کێشەی ئەم دوو دەوڵەتە باشترین هیوای مرۆڤایەتییە بۆ شکاندنی توندوتیژی لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و کۆتاییهێنان بە ناکۆکی، ئازار و برسێتی لە غەزە".

هەر سەبارەت بەم پرسە گرنگە ڕۆژی پێنجشەممە (31/تەمووز/2025) ماڵپەڕی (نوچە نێت) بڵاویکردەوە، تورکیا و کۆمكاری عەرەبی و یەکێتی ئەوروپا و (16) وڵاتی دیکە لە نیویۆرک بە شدارییان لە دانیشتنی نەتەوە یەکگرتووەکان کرد و بەیاننامەیەکی هاوبەشیان سەبارەت بە دۆخی فەڵەستین راگەیاند.

کۆتایی تەمموزی (2025) ماڵپەڕی (عەڕەبیە) ڕایگەیاند، وەزارەتی دەرەوەی سعودیە لە ڕاگەیێندراوێکدا دەڵێت، سعودیە ستایشی ئەو بڕیارانە دەکات کە ڕێگە خۆشکەرن و چارەسەری دوو دەوڵەت بەهێز دەکەن و جەخت لەسەر کۆدەنگی نێودەوڵەتی دەکاتەوە لەسەر پێویستی چارەسەرکردنی ئەو ئاڵەنگارییانەی ڕووبەڕووی هاووڵاتیانی فەڵەستین دەبنەوە.

بە گوێرەی ڕاگەیێندراوەکەی وەزارەتی دەرەوەی سعودیە، سعودیە پێشوازی لە ڕاگەیاندنی پورتوگالیش کرد کە بیر لە داننان بە دەوڵەتی فەڵەستین دەکاتەوە و داوای لە هاوبەشە جیهانییەکان کرد هەنگاوی هاوشێوە بنێن بۆ یارمەتیدان لە گەیشتن بە ئاشتییەکی دادپەروەرانە و گشتگیر. ئەمەش دوای ئەوەی ئۆفیسی سەرۆک وەزیرانی پورتوگال لە بەیاننامەیەکدا ڕایگەیاند، "پورتوگال بیر لە داننان بە دەوڵەتی فەڵەستین دەکاتەوە، وەک بەشێک لە ڕێوشوێنەکان کە بڕیارە لە مانگی ئەیلوولی (2025) لە کۆبوونەوەی گشتیی نەتەوە یەکگرتووەکان بەڕێوەبچێت.

سەبارەت بە دوایین ئاماری قوربانی و گیان لەدەستدانەکان هەفتەی ڕابردوو ئاژانسی (ئەنادۆڵ) بڵاویکردەوە، وەزارەتی تەندروستی فەڵەستین لە بەیاننامەیەکدا ڕایگەیاند، لە مانگی ئۆکتۆبەری (2023)وە نزیکەی (61) هەزار و (722) فەڵەستینی لە کەرتی غەزە گیانیان لەدەستداوە، هاوکات مردن بەهۆی برسێتییەوە گەیشتووەتە (235) هاووڵاتی کە (106) یان منداڵن.

بابەتی پەیوەندی دار

0 لێدوانەکان

نەزەری خۆتان بنووسن

ئیمەیلەکەتان بە هیچ شێوەیێک بڵاو نابێتەوە. هەموو فیڵدە ئەستێرە دارەکان ئیجبارین