نەتەوە یەكگرتووەكان: گەندەڵی هەڕەشە لە داهاتووی عێراق دەكات عێراق ناوچەکە و جیهان

نوچە نێت

نوێنەری تایبەتی سکرتێری گشتیی نەتەوە یەکگرتووەکان لە عێراق هۆشداری دا لەوەی گەندەڵی لە دامەزراوەکانی دەوڵەتدا هەیە، کە دەبێتە مایەی هەڕەشە بۆ سەقامگیری وڵات، هەروەها دەشڵێت، گەندەڵی سیاسی زۆر مەترسیدارە.

ڕۆژی شەممە (2025/8/30) ماڵپەڕی (شەفەق نیوز) بڵاویکردەوە، محەمەد ئەلحەسەن، نوێنەری تایبەتی سکرتێری گشتیی نەتەوە یەکگرتووەکان لە عێراق ڕایگەیاند، "ترسی زۆرم هەیە لە عێراق گەندەڵی تەشەنە بكات".

ئەلحەسەن دەشڵێت، گەندەڵی تەنیا لە سیاسەت نییە بەڵکو بوارەکانی دارایی، کارگێڕی، دادوەری، زانستی و دامەزراوەیی دەگرێتەوە و بەرەنگاربوونەوەی گەندەڵی ئەرکێکی ئەخلاقی و ئایینییە. کۆمەڵگا گەندەڵەکان ناتوانن لەسەر پێی خۆیان بوەستێنن کە دەبێتە هۆی بەربەستێکی ڕاستەوخۆ لەبەردەم دادپەروەری و گەشەسەندن.

نوێنەری تایبەتی سکرتێری گشتیی نەتەوە یەکگرتووەکان لە عێراق داوا لە عێراقییەکان دەکات پابەند بن بە دەستپاکی و لێپرسینەوە لە سەرپێچیکاران.

بە گوێرەی گوتەکانی ئەلحەسەن نەتەوە یەکگرتووەکان چەندین دەستپێشخەری گرینگی هەیە بۆ عێراق وەک، پرۆگرامەکان بۆ بەهێزکردنی دەزگاکانی چاودێری، پەرەپێدانی شەفافییەت، پەرەپێدانی میکانیزمەکان بۆ یارمەتیدان لە دروستکردنی دادوەرێکی سەربەخۆ و دوور لە گەندەڵی.

شارەزایان و شیکەرەوەکان دەڵێن، دوای (2003) سیاسەتی تایەفەگەری گەندەڵی لە گرێبەست و خەرجی گشتی لە عێراق قوڵتر بووە، لە ئێستاشدا بەهۆی خراپ بەکارهێنانی سەرچاوەکانەوە متمانە بە دادوەری، حکومەت و کەرتەکانی بازرگانی لاوازبووە.

بە گوێرەی ئامارەکانی ڕێکخراوی شەفافیەتیی نێودەوڵەتی عێراق بە یەکێک لە گەندەڵترین وڵاتانی جیهان دادەندرێت بۆ ساڵی (2024).

 

 

بابەتی پەیوەندی دار

0 لێدوانەکان

نەزەری خۆتان بنووسن

ئیمەیلەکەتان بە هیچ شێوەیێک بڵاو نابێتەوە. هەموو فیڵدە ئەستێرە دارەکان ئیجبارین