ئێستا کاتى یەکخستنى باکوورى رۆژهەڵاتى کوردییە لەگەڵ هەموو خاکى سووریا
نوچەنێت
نووسينى: جيمس جيفرى و ديڤۆرا مارگۆلین
وەرگێرانى: ئیسماعیل تەها
بەردەوامى دواخستنى رێککەوتنى یەکخستنى باکوورى رۆژهەڵاتى سووریا لەگەڵ حکومەتى دیمەشق، هەڕەشەى بۆ سەر لەباربردنى تەواوى پڕۆژەى نیشتیمانى قۆناغى دواى بەشار ئەسەد لە سووریا، لەگەڵ ئەوەشدا پێوویست ناکات دیمەشق و کورد سەرجەم پرسە جەوهەرییەکان بە یەکجار چارەسەر بکەن، بەڵکوو پێویستە بۆ بونیادنانى متمانە دەست بە هەنگاوە خێراکان و دەرگە لەبەردەم چارەسەرێکى فراوانتر بکەنەوە.
لە کاتێکدا حکومەتى کاتى لە دیمەشق بەردەوامە لە کۆکردنەوەى پاڵپشتى نێودەوڵەتى، ئەو نەخشەرێگەیەى لە مانگى ئادارى ئەمساڵ لەگەڵ هێزەکانى سووریاى دیموکرات (هەسەدە) کە خاوەن سەرکردایەتیەکى کوردە دایناوە، تاوەکوو ئێستا جێبەجێ نەکراوە، ئەو دواکەوتنە لەم دوایە بێهیوایی ئەمەریکاى بە ئاشکرا دەرخستووە، بەتایبەت پلانى ئیدارەى ترەمپ بۆ کشانەوەى هێزەکانى ئەمەریکا لە سووریا، کە بە هۆى مەترسیەکانى لە تێکچوونى سەقامگیرى سووریا جێبەنەکراوە.
بۆ شکاندنى ئەو چەقبەستووییە، تۆم باراک نێردەى ئەمەریکى و بەراد کۆپر، فەرماندەى هێزەکانى ئەمەریکا لە هەفتەى رابروو سەردانى باکوورى سووریا و دیمەشقیان کرد، پێش ئەوەى ئاسانکارى بۆ کۆبوونەوەى هەردوولا بکات، بووە هۆى لێدوانى ئەرێنى لە واشنتن و بەرپرسانى کورد، بەڵام لە بەرانبەردا بووە هۆى سەرهەڵدانى شەڕ لەنێوان هێزە ئەمنییە کوردییە خۆجێیەکان و هێزەکانى حکومەتى سووریا لە حەلەب، کە ماوەى (24) كاتژمێرى خایاند، پێش ئەوەى هەردوو لا شەڕەکە بووەستێنن، دەبیت بیر لە مەترسییە گەورەکان بکەنەوە کە هەڕەشە لە جێبەجێکردنى ئەو نەخشە رێگەیە دەکات.
لەکۆتاییدا خۆشگوزەرانى سووریا و ئایندەى خەڵک و سامانەکەى پەیوەندى بەهێزى بە یەکخستنى ئاشتانیانەى باکوورى رۆژهەڵاتى سووریا هەیە، بۆ بەدیهێنانى ئەوەش، پێویستە لەسەر بەرپرسانى ئەمەریکا لایەنەکان بۆ گرتنەبەرى هەنگاوى خێرا هان بدەن، بۆ ئەوەى سنوورێک بۆ زیادبوونى مەترسیەکان بۆ ئەو ئاڵۆزییانە دابنێنن، دەست بکەن بە بونیادنانى متمانەى دوولایەنە، وەک رێگەخۆشکردنێک بۆ چارەسەرکردنى ناکۆکییە فراوانەکان کە بە درێژایى چەند مانگى رابردوو بەربەستى لەبەردەم بەرەو پێشچوون داناوە. لەو چوارچێوەیە لەسەر کورد پێویستە یەکەمجار دەستپێشخەرى بکەن بە گرتنەبەرى چەند هەنگاوێکى بەرنامەبۆداڕێژراو بۆ بونیادنانى متمانە، ئەوەش دڵنیایى لەلاى دەسەڵاتدارانى دیمەشق درووست دەکات، هانیان دەدات وەڵامى هەنگاوەکانى بدەنەوە (بڕوانە: ئەو هەنگاوانە لەخوارەوە). لەوەش گرنگتر ئەو هەنگاوە سەرەتاییانە نابێتە سازشى جەوهەرى لە پرسە هەستیارەکانى وەک ئاسایش، یاخود ئیدارەى خۆجێى، یاخود دۆسیە کلتوورییەکان بکات. لەو قۆناغەدا پێویستە کورد دان بە سەروەرى حکومەتى ناوەندى بەسەر هەموو خاکى سووریا دابنێت، ئەوەش لەبەر چەندین هۆکار کە لە بەشى دواتر باسى دەکرێت.
بۆچى یەکگرتوویى سووریا زۆر گرنگە؟
لە مانگى رابردوو ئەحمەد شەرع، سەرۆکى سووریا لە کۆبوونەوەکانى کۆمەڵەى نەتەوە یەکگرتووەکان، جەختى لەسەر یەکگرتوویى خاکى سووریا کرد، لەپاڵ هەوڵەکانى بۆ هەڵگرتنى سزا نێودەوڵەتییەکان بە تەواوى بە کارێکى لەپێشینەی گرنگى دانا، یەکەم دەرکەوتنى ئەحمەد شەرع لە نەتەوە یەکگرتووەکان لە لایەن نێونەرانى نێودەوڵەتى لە نیویۆرک پێشوازییەکى تایبەتى لێکرا، کە لە دەنگێکى فراوان بە متمانە بەرجەستە بوو، لە پاڵ ئەوەشدا تەوقەى لەگەڵ ترامپ کرد و قسەکانى بنیامین ناتەنیاهۆ، سەرۆک وەزیران سەبارەت بە ئەگەرى گەیشتن لە کۆتایی بە رێککەوتنى دوو لایەنە ئەرێنى بووە.
لەگەڵ ئەوەشدا تاوەکوو ئێستا چەندین مەترسى هەیە، بەتایبەت لەگەڵ خاوبوونەوەى دیمەشق لە چوونى بۆ پاڵ هاوپەیمانى نێودەوڵەتى بۆ بەرەنگاربوونەوەى رێکخراوى تیرۆرستى داعش و مامەڵەکردنى بە جدى لەگەڵ دۆسیە هەستیارەکانى قۆناغى دواى ئەسەد، چ لە پرسى پەیوەست بە لێپرسینەوە، یاخود ئاسایش، یا پرسەکانى دیکە بەگشتگیرى. تەنانەت تاوەکوو سووریا دەتوانێت ببێتە ئەندامێکى تەواو و کارا لە کۆمەڵگەى نێودەوڵەتی، ئەوەندە بەس نییە کە سەرسامى دیپلۆماتکارانى بیانى بەدەست بهێنێت، بەڵکوو پێویستە تواناى خۆى لە بوارى ئەمنى بسەپێنێت، سەقامگیرى قووڵ بکاتەوە و ئاستى حکومەتەکەى لە سایەى دابەشبوونێکى درێژمەودا لەنێوان ناوچەکانى هەژموونى جۆراوجۆر باشتر بکات.
لە واقیعدا دەردەکەوێت کەمینەکانى سووریا متمانەیان تواناى بۆ یەکخستنى سووریا و بەڕیوەبەردنى بە شێوەیەکى کارا متمانەیان بە ئەحمەد شەرع کەمترە، لەگەڵ ئەوەشدا زۆرینەى ئەو گرووپانە هەڕەشە نین لەسەر یەکپارچەبى نیشتیمانى، یاخود سەقامگیرى ناوخۆیى. بە نموونە درووز، بەشێکى گرنگن لە پەیوەندییەکان بۆ داهاتوو لەگەڵ ئیسرائیل، بەڵام سنووردارى ژمارەیان و دابەشبوونى جوگرافی واتا یەکخستنیان لەو قۆناغە تاوەکوو ئێستا ناگاتە ئاستى پرسە خێراکان، بە هەمان شێوە چارەسەرکردنى دۆخى عەلەوییەکان پرسى لە پێشینەى بە پەلە نییە، سەرەڕاى قەبارەى ئەو توندوتیژیەى کە بەرانبەریان کراوە، ئەوان دەستیان بەسەر خاک، یاخود دامەزراوە حکومییەکان، یا هێزە حکومییەکان نەگرتووە.
جگە لەوە بایەخى سەرەکى بەرپرسانى سووریا بۆ بەهێزکردنى یەکێتى نیشتیمانى و سەقامیگیرى ناوخۆیى لەسەر باکوورى رۆژهەڵاتە کە لەژێر دەسەڵاتى هێزە کوردییەکانە، بە جۆرێک زۆرینەى سامانى سووریا لە هایدرۆکاربۆن و بەشێکى زۆریى خاکى بەپیتى کشتوکاڵى و زیاتر لە (10%)ى دانیشتوانى کە تێکەڵەى کورد و عەرەب و پێکهاتەکانى دیکەن لەو ناوچەیەن.
بەرەنگاربوونەوەى تیرۆر، بەشێکى سەرەکییە لە کێشەى باکوورى سووریا، لەو چەند ساڵەى رێکخراوى تیرۆرشتى داعش بەهێزبوو و دەستى بەسەر ناوچەیەکى فراوانى ژێر دەسەڵاتى سووریا داگرتبوو، هێزەکانى سووریاى دیموکرات وەک هاوبەشى سەرەکى لە جەنگى هاوپەیمانى نێودەوڵەتى دژ بە جیهادییەکان دەرکەوت.ئەمڕۆ ئەو هێزانە کاراترینن هێزن لە بەرەنگاربوونەوەى پاشماوە مەترسیدارەکان، ئەوەش بە پشبەستن بە هاوپەیمانییەکى بەتین لەگەڵ بوونى سەربازیى سنوورداریى ئەمەریکا، بەڵام بە شێوەیەکى زیندوو لەسەر خاکى سووریا. هەروەها سەرپەرشتى گرتووخانەکان و کەمپەکان کە دەیان هەزار شەڕکەر و خێزانەکانى داعشى تێدایە بۆتە بارێکى ئەمنى و مرۆیى زۆر ئاڵۆز بەسەر هەسەدەوە.
لە هەمانکاتدا هێزەکانى سووریاى دیموکرات و سەرکردایەتى سیاسى لە ئیدارەى خۆسەرى دیموکراتى بۆ باکوور و رۆژهەڵاتى سووریا پارێزگاریان لەو پەیوەندییانە کردووە لەگەڵ پارتى کرێکاران کە جێگەى نیگەرانییە، سەرەڕاى ئەوەی پەکەکە ئێستا لەگەڵ تورکیا سەرقاڵى جێبەجێکردنى ئاگربەستى هەمیشەییە، حکومەتى تورکیا پێیوایە رەتکردنەوەى بەردەوامى دانانى چەک یاخود نەچوونى هەسەدە بۆ ناو سوپاى سووریا فاکتەرێکە هەڕەشە لە پڕۆسەى ئاشتى لە تورکیا دەکات.
لە دیدى ئەنقەرە ئەو کارە تەنیا پەیوەست نییە بەوەى کە پەکەکە و هەسەدە بە یەک کیان دادەندرێن، بەڵکوو هەبوونى هەسەدەیە لەسەر سنوورەکانى تورکیا، بەهۆى ئەزموونى قووڵیان لە جەنگ كە هێزەکانیان نزیکەى (100) هەزار کەس دەبێت، هەڕەشەى راستەوخۆى ئەمنییە لەسەر تورکیا، هەسەدە بە نەچوونى بۆ بەرەنگاربوونەوەى لەگەڵ تورکیا جگە لە چەند حاڵەتێک کە بەرگرى لەخۆى کردووە سەرکەوتوو نەبووە لە گۆڕینى ئەو قەناعەتى ئەنقەرە.
بەگوێرەى ئەو گفتوگۆیانەى ئامادەکارى ئەو راپۆرتە لەگەڵ ژمارەیەک سەرکردەى دیارى کورد لە باکوورى رۆژهەڵاتى سووریا کردوویەتى، لەو کاتەوەى نەخشەرێگەى مانگى ئادارى ئەمساڵ راگەیێندراوە، ئەنقەرە ئاراستەى چاودێرى گرتۆتەبەر، جڵەوى دەستپێشخەرییەکانى لەو دۆسیە داوەتە دەست ئەحمەد شەرع، لەگەڵ بەردەوامى فشارەکان لەسەرى بۆ ئەوەى هەڵوێستى توندتر بەرانبەر کورد بگرێتەبەر. جگە لەوەى تورکیا ئارامى نەماوە، پێشتر ئەنقەرە لە ماوەى (2016 و 2019) سێ جار دەستوەردانى سەربازیى کردووە، ئەوەش بۆ راگرتنى بەرەوپێشچوونى هێزەکانى سووریاى دیموکرات بووە.
هۆکارەکانى ئەو وەستانە چییە؟
چەندین جار بەرپرسانى کورد ئامادەیی خۆیان بۆ جێبەجێکردنى ئەو نەخشە رێگەیە دەربڕیووە کە لە مانگى ئادار داندراوە، ئاماژە بەوە زنجیرەیەک کۆبوونەوە لەسەر ئاستى وەزارەت لەگەڵ نوێنەرتنى حکومەتى ناوەندى دەکەن، لەگەڵ ئەوەشدا تاوەکوو ئێستا هیچ بەرەوپێچوونێکى بەرچاو بەدى نەهاتووە، کورد هۆکارى ئەوە بۆ چەند فاکتەرێک دەگەڕێنێتەوە، لەوانە ئەو شەپۆلە توندوتیژیەى دواى روخاندنى بەشار ئەسەد و بە ئامانجگرتنى کەمینەکانى دیکە و رووداوەکانى پارێزگاى سوەیدا و فشارەکانى تورکیا لەسەر دیمەشق بۆ گرتنەبەرى هەڵوێستى توندتر دەگەڕێتەوە، جگە لەوەش ئەو بڕیارە حکومیانەى کە بە جیاکارى دادەندرێت بەرانبەر کەمینەکان، وەک پێکهێنانى ئەنجوومەنى یاسادانانى کاتى لەم هەفتەیە و سووربوونى حکومەت بە ناساندنى سووریا کە وڵاتێکى عەرەبییە، لەگەڵ ئەوەشدا بەربەستى راستەقینە لە ناکۆکییە قووڵەکانى نێوان هەردوولایە.
لە سایەى سەرکردایەتى هێزەکانى سووریاى دیموکرات و بەڕێوبەرایەتى خۆسەرى دیموکراتى بۆ باکوور و رۆژهەڵاتى سووریا، باکوورى رۆژهەڵاتى سووریا چیرۆکى سەرکەوتنێکى رێژەییە لەسەر ئاستى سیاسى و ئەمنى و ئابووریى بەراورد بە هەموو سووریا، هیچ پاڵنەرێکى بەهێز نییە کورد لە بەرژەوەندى ئایندەیەکى نیشتیمانى ناڕوون دەستبەردارى ئەو نموونەیە بێت، لە پاڵ ئەوەشدا سیستەمەکەیان لەسەر بنەمایەکى عەلمانى سۆشیالیستى و یەکسانى نێوان هەردوو رەگەز دامەزراوە، ئەوەش جیاوازى ریشەیى لەگەڵ دیدە هەیە کە ئەحمەد شەرع خستۆتییە روو، هەروەک زۆربەى کاتیش دژدەبێتەوە لەگەڵ زۆربەى بەها کلتوورییە باوەکان لە زۆربەى کۆمەڵگە عەرەبیە سوننییەکانى ژێر دەسەڵاتیان، ئەوەش هەندێک جار دەبێتە هۆى سەرهەڵدانى ئاڵۆزییە ناوخۆییەکان.
دواى سەرهەڵدانى توندوتیژییەکان لە چەند پارێزگایەکى سووریا پێویستە دیمەشق زیاتر لە مامەڵەکردن لەگەڵ کەمینەکان خۆى کۆنتڕۆڵ بکات، لاى کەمى پابەند بێت بە پێوەرە نێودەوڵەتییەکان بۆ وەڵامدانەوەى داوا رەواکان، لەوانەش داواکارییەکانى کورد، لەگەڵ ئەوەشدا هێنانەدى یەکخستنى نیشتیمانى خواستێکى قوورسە، کە لە کاتێدا خەڵکێک چاوەڕوانە سووریا بەهۆى شەڕ لەسەر سیستەمى کۆمەڵایەتى ــ سیاسى لیبرالى تەواو لێکهەڵبوەشێتەوە، کە ئەوەش بەرجەستەبوونى نموونەیەکى دەگەمەنە، تەنانەت لە وڵاتانەى سەقامگبریان زیاترە. لە راستیدا سووریاى یەکگرتوو کەمتر دەبێتە نێچیرى وڵاتانى وەک ئێران و رێکخراوى تیرۆرستى داعش، هەردووکیان بەردەوام لە هەموو سووریا ئەو ناوچانە دەکەنە ئامانج کە پێویستى بە حکومى باش هەیە، بۆیە ئێستا کاتى ئەوەیە دانوستاندنەکان لەنێوان ئیدارەىى خۆسەرى و دیمەشق خێرا بکرێت.
هەنگاوەکانى داهاتوو
هەڵوێستى ئەمەریکا روونە: ئێستا کاتى دەستپێکردن بە یەکخستى سووریا هەیە، لەگەڵ رەچاوکردنى مەترسیەکانى پەیوەست بە توندوتیژى دژ بە کەمینەکان، پرسى زمانە خۆجێیەکان، مافە ئاینییەکان. ئەو ئاراستەیە لە پلانى هاوبەشى ئەمەریکا و ئوردن و سووریا لە (2025/9/16) بەرجەستەبووە، کە ئامانج لێى پارێزگارییە لە ئارامییەکان لە سوەیدا، کە پاڵپشتییەکى نێودەوڵەتى بۆ کەمکردنەوەى ئاڵۆزییەکان و بەهێزکردنى لێپرسینەوە و ئاشتەوایى لەخۆگرتوووە، بەڵام لە چوارچێوەى یەکێتى و سەقامگیرى سووریا، هەروەک وەزیرى دەرەوەى ئوردن رایگەیاند، بەرپرسێکى باڵاى ئەمەریکاش لە کۆتایی مانگى رابردوو لەگەڵ ژمارەیەک چاودێر باسى کرد، کە ئەگەر رێگە بەر هەر گرووپێک بدەین سازش لە دەسەڵاتى ناوەندى، یاخود بەرەنگاربوونەوەى بکات، ئەوە دەبێتە پێوەرێک بۆ گرووپەکانى دیکە هەمان شت بکەن.
بۆ بەدەستهێنانى کاتى زیاتر بۆ چارەسەرکردنى پرسە قووڵەکان ــ لەگەڵ هەمان کات پارێزگارى لە نیشانداندنى نیەتباشى نێودەوڵەتى و گرەنتى بەردەوامى ئارامگرى تورکیا بونیادنانى متمانە لەگەڵ دیمەشق بکرێت، پێویستە ئەمەریکا فشار بخاتە سەر کورد بۆ پەلەکردنى لە جێبەجێکردنى ئەو هەنگاوانە بۆ بونیاندنانى متمانە:
- لادانى هێزە ناسوورییەکان لە باکوورى رۆژهەڵات، بەتایبەت ئەندامانى پارتى کرێکارانى کوردستان، ئەوانەى وەک ئەندامى ئیدارى یا سەربازیى کاردەکەن، ئەو رێکارانە وەڵامى خواستە کۆنەکانى تورکیا دەداتەوە، لە هەمانکاتیش دیمەشق تاکە لایەن دەبێت پرسى بوونى ئەو کەسانە لە خاکى سووریا یەکلاى بکاتەوە.
- پێدانى مۆرکى فەرمى بە نووسین لەسەر رێکارە فەرمییەکانى ئێستا لەگەڵ دیمەشق، سەبارەت بە رادەستکردنى نەوت لە باکوورى رۆژهەڵات، ئەوەش داننانە بە خاوەندارییەتىى بنەڕەتى بۆ سامانى سەرەکى نیشتیمانى بەبێ داواکارى لایەنەکان، بۆ رێکارى هەر گۆڕانکارییەکى دەستبەجێ لە رادەستکردنەکان.هەروەک دان بە مافى تەواو بۆ حکومەت بێت لە رەوانەکردنى هایدرۆکاربۆنى سووریا.
- رادەستکردنى دەروازە سنوورییە نێودەوڵەتییەکان بە حکومەتى ناوەندیى، لەگەڵ رێکارەکان بۆ رێگەدان بە هاتنى هاوکارییە سەربازییە ئەمەریکییەکان بەبێ بەربەست. ئەوە دانپێدانانێکى روونە بە بەرپرسیارێتى سەروەریى ناوەندبى بۆ هەر وڵاتێک، هەنگاویکە عێراق کە دراوسێى سووریایە لە بەغدا و ئەنقەرە و حکومەتى هەرێمى کوردستان گیراوەتەبەر، کردنى ئەو کارە دەبێتە رێکخستنەوەى سنوورەکان لەگەڵ تورکیا و وەڵامدانەوەى خواستە دووبارەکانى ئەنقەرە، بۆ دوورخستنەوەى هێزە کوردییەکان لە سنوورەکانى تورکیا.
- خێراکردنى دانووستاندنەکان سەبارەت بە رادەستکردنى دێرزوورى زۆرینە عەرەب بە دیمەشق، ئەو هەنگاوە بایەخى تایبەتى لاى حکومەتى ناوەندى هەیە و دەبێتە ئاماژە یەک کە ئیدارەى خۆسەرى دیموکراسى لە باکوور و رۆژهەڵاتى سووریا هەنگاو لە پێناو دەسەڵاتێکى خۆجێى عەرەبى ــ کوردى نانێت.
لەبەرانبەردا پێویستە لەسەر واشنتن هانى دیمەشق بدات، هەنگاوى دەستبەجێ بنێت بۆ کەمکردنەوەى مەرسییەکانى کورد و کۆمەڵگەى نێودەوڵەتى بدات لەگەڵ تەرکیزکردن لەسەر ئەو رێکارانەى پەیوەستە بە خوێندن و ئاسایش و حکومەتى گشتگیر بیگرێتەبەر، سەرەڕاى ئەوەى دانوستاندنەکانى داهاتوو زۆر پرسى گشتگیرتر لەخۆى دەگرێت. هەروەک پێویستیشە ئەوە لە حکومەتى ئەحمەد شەرع چاوەڕوان بکرێت کە دان بەو رۆڵە گرنگە دابنێت هێزەکانى سووریاى دیموکرات لە جەنگى سووریا دژ بە هێزەکانى رێکخراوى تیرۆرستى داعش بینیویانە، بەهەمان شێوە هەڵگرتنى ئەو بارە قورسەى کۆمەڵگەى نێودەوڵەتى کە زیاتر لە (60) وڵاتە بۆ ئیدارەدانى گرتووخانە و کەمپەکان کە هەزاران دەستگیرکراوى داعشى تێدایە خستیانە ئەستۆى هێزە کوردییەکان، هەروەک بڕیارەکانى ئەمەریکا بۆ راگرتنى پاشەکشەى کاتى سەربازیى، پێویستە دیمەشق هەنگاوى کردەیى گەورەتر لە هەوڵەکانى بنێت بۆ دڵنیایى بەرپرسان لە باکوورى رۆژهەڵات و دەرەوە، کە ئامادەی وەرگرتنى تەحدى گەورەی ئاسایش و سەقامگیریی سووریایە، ئەو هەوڵانە بەو جۆرە دەبێت، هەریەک لەوانەش بە پاڵپشتى و ئاسانکارى لە ئەمەریکاوە دەبێت:
- چوونە پاڵ هاوپەیمانى نێودەوڵەتى دژ بە رێکخراوى داعش، وەک سەرۆک ترەمپ لە يەکەم کۆبوونەوەى لە مانگى ئادارى ئەمساڵ داواى لێکرد. پێویستە واشنتن فشار بخاتە سەر سووریا بۆ ئەوەى بە فەرمى بچێتە پاڵ هاوپەیمانى نێودەوڵەتى دژ بە داعش بەو مەرجەى بەشدارى حکومەتى سووریا نوێنەرایەتى هەسەدە بکات، ئەو بەشدارییە دەبێتە هۆى کەمکردنەوەى مەترسییەکان بەو ئامانجە هاوبەشە، هەروەها دەبێتە هۆى هەماهەنگى کردەیى نێوان دیمەشق و باکوورى رۆژهەڵات، دەبێتە هۆى گرتنەبەرى رێکارى هاوبەش بۆ بونیادنانى متمانە لەو ناوچانەى هەردوولا پێکەوە بەرەنگارى داعش دەبنەوە.
- دەربڕینى بایەخدان بە هەڵگرتنى بەرپرسیارێتى بەڕێوەبردنى گرتووخانەکانى کە ئەندامانى دەوڵەتى ئیسلامى تێدایە، چونکە ئەمرۆ بەشێکى گەورەى ئەرکى بەرەنگاربوونەوەى رێکخراوى تیرۆرستی پارێزگارییە لە کەمپەکان و شوێنەکانى دیکە لە باکوورى رۆژهەڵاتى سووریا، لەگەڵ ئەوەشدا ئەمەریکا و تورکیا دووبارەیان کردۆتەوە کە لە کۆتاییدا ئەبێ دیمەشق ئەو ئەرکە بگرێتە ئەستۆ، بەرپرسانى حکومەتى ناوەندى لە ئامادەبوونیان لە کۆبوونەوەى باڵاى نەتەوە یەکگرتووەکان لە هەفتەى رابردوو بۆ گفتوگۆ لەسەر کەمپى هۆل و کەمپەکانی دیکە شکستیان هێنا.لەو قۆناغە تەنیا دەربڕى بایەخ بە بەشدارى لەو پڕۆسەیە بۆ دیمەشق هەنگاویکى گرنگە، هەنگاوەکى دیکە سوود بەخش دەبێت لە جێبەجێکردنى پێشنیارەکەى ژەنەراڵ کۆپر، کە تێیدا داواى کردووە هەماهەنگى لەنێوان سوپاى نیشتیمانى سووریا و هەسەدە هەبێت، لەسەر بنەماى دروستکردنى شانەیەکى هاوبەش، بۆ دووبارە رەوانەکردنەوەى چەکدارانى بیانى داعش و خێزەکانى رێکخراوى دەوڵەتى ئیسلامى بۆ وڵاتەکانى خۆیان.
- چوونە پاڵ پرۆگرامى مەشق و گواستتەوە: ئەو هاوکاریى و سەرچاوە ئەمەریکیانە جووڵەیەکى گرنگە بۆ بەرەنگاربوونەوى داعش لە سووریا، لەوانەش نۆژەنکردنەوەى کەمپەکان، بۆیە پێویستە دیمەشق ئامادەبێت بچێتە پاڵ ئەو پڕۆگرامە و هەڵسەنگاندنى کاتى لەژێر سەرپەرشتى ئەمەریکا، وەک بەشێک لەو پڕۆسەیە، پێویستە دەسەڵاتدارانى سووریا سوودوەرگرتن لەو ساڵانەى ئەزموونى هێزەکانى سووریاى دیموکرات لەو پرسانە بەدەستیان هێناوە هاندبرێن. پێویستە هێزە تایبەتەکانى حکومەت سوود لە مەشقى باکوورى رۆژهەڵات وەربگرن بۆ بەرەنگاربوونەوەى داعش، لەوانەش ئەزموونى ناو کەمپەکان لە چوارچێوەى ئەو پڕۆسەیە و گەیشتن بە پێوەرە دیاریکراوەکان بە روونى بونیاد بندرێت، دیمەشق دەتوانێت تەنیا ئامادەکارى دەربخات بۆ جێبەجێکردنى ئەو ئەرکە، بەڵکوو تواناى خۆشى ئامادە بکات بۆ ئەو ئەرکە.
سەرچاوە: پەیمانگەى واشنتن
0 لێدوانەکان
Karla Gleichauf
12 May 2017 at 05:28 pm
On the other hand, we denounce with righteous indignation and dislike men who are so beguiled and demoralized by the charms of pleasure of the moment
M Shyamalan
12 May 2017 at 05:28 pm
On the other hand, we denounce with righteous indignation and dislike men who are so beguiled and demoralized by the charms of pleasure of the moment
Liz Montano
12 May 2017 at 05:28 pm
On the other hand, we denounce with righteous indignation and dislike men who are so beguiled and demoralized by the charms of pleasure of the moment