ئێران

نوچه‌نێت

دەزگا هەواڵگرییەکانی وڵاتانی هوڵەندا، سوید و ئەڵمانیا ڕایانگەیاند، ئێان لە ساڵی ٢٠٢٠دا، هەوڵی بە دەستهێنانی تەکنۆلۆژیای پێشکەوتووی چەکی کۆمەڵکوژی داوە و ئێستایش کۆتایی بە هەوڵەکانی خۆی بۆ بەرهەمهێنانی چەکی ئەتۆمی نەهێناوە.

رۆژى سێشەممە چواری ئایاری ٢٠٢١، ئاژانسی هەواڵی "فۆکس نیوز" بڵاوی کردەوە، بەگوێرەی ڕاپۆرتێک کە دەزگای هەواڵگریی هوڵەندا لە مانگی نیسان ئامادەی کردووە، ئەو تۆڕانەی کە بۆ بەدەستهێنانی زانست و کەرەستە پێویستەکان بۆ بەرهەمهێنانی چەکە کۆمەڵکوژەکان هەوڵیان دابوو، دۆزراونەتەوە و دوای دەستوەردانی هێزەکانی ئاسایش شکستیان هێناوە.

لە ڕاپۆرتەکەی دەزگای هەواڵگری هوڵەندا هاتووە وڵاتانى وەک سووریا، پاکستان، ئێران و کۆریای باکوور، ساڵی ڕابردوو هەوڵیان داوە کەرەستە و تەکنۆلۆژیا پێویستەکان بۆ ئەو کارە لە ئەوروپا و هوڵەندا بە دەست بهێنن.

بەگوێرەی ڕاپۆرتەکەی فۆکس نیوز، ناوی کۆماری ئیسلامیی لە بەشی ڕێگریکردن لە دەستپێڕاگەیشتنی وڵاتان بە چەکە کۆمەڵکوژەکان هاتووە.

ڕاپۆرتەکەی دەزگای هەواڵگری هوڵەندا باسی لە وردەکارییەکانی ئەو هەوڵە جۆراوجۆرانە نەکردووە و هەروەها ئاشکرای نەکردووە کە ئایا ئێران بە توانیویەتی بە شێوەی نایاسایی، دەستی بەو تەکنۆلۆژیا و کەلوپەلانە بگات یان نا.

بەڵام بەگوێرەی ئەو ڕاپۆرتە، دەزگا هەواڵگرییەکانی MIVD  و AIVD ئەوروپا، لێکۆڵینەوەی جدییان دەربارەی چەندین تۆڕی چالاک لە ئەوروپادا ئەنجام داوە کە لە پەرەپێدان بە چەکە ئەتۆمییەکان ڕۆڵیان هەیە و لە کەسایەتییە جیاوازەکانی وڵاتانی ئەوروپی بۆ ئەو مەبەستە کەڵک وەردەگرن.

بە پێی ڕاپۆرتەکەی فۆکس نیوز، ئەو ڕاپۆرتانە، دەبنە جێگای مشتومڕ سەبارەت بە بەرنامەی ئەتۆمی ئێران و ئەو پرسیارە دێننە ئاراوە کە ئایا ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا دەبێ بگەڕێتەوە بۆ ڕێککەوتنەکەی ساڵی ٢٠١٥ یان نا؟ ڕەخنەگرانی ئەو ڕێککەوتنە پێشتریش دەیانگوت ڕێککەوتنی ئەتۆمی لە باشترین حاڵەتی خۆیدا تەنیا دەتوانێ بە شێوەی کاتی هەوڵەکانی کۆماری ئیسلامیی بۆ ئەوەی بچێتە ڕیزی وڵاتانی خاوەن چەکی ئەتۆمی، سنووردار بکات.

جگە لەوە، ڕۆژی دووشەممە گوتەبێژی تد کروز، نوێنەری کۆماریخوازی ئەنجومەنی پیران، بە فۆکس نیوزی گوت، "بەرنامەی حکومەتی ئێران بۆ کەڵکوەرگرتن لە چەکە کۆمەڵکوژەکان لە دژی ئەمریکا و هاوپەیمانەکانمان هەرگیز کۆتایی پێ نایەت. سەرەڕای هەموو ئەوانە، ئیدارەی بایدن، وەک ئیدارەی ئۆباما، دەیەوێت هەموو گوشارە کاریگەرەکانی سەر ئێران لە ناو ببات و سەدان ملیار دۆلار بەو وڵاتە بدات".

ئیدارەی بایدن لە ئێستادا سەرقاڵی گفتوگۆی ناڕاستەوخۆ لەگەڵ ئێرانە بە مەبەستی گەڕانەوە بۆ ڕێککەوتننە ئەتۆمییەکەی ساڵی ٢٠٢١٥.

ئیدارەی بایدن ساڵی ٢٠١٨ لەو ڕێککەوتنە چووە دەرەوە، چونکە بەرپرسانی ئەمریکا لەو بڕوایەدا بوون ئەو ڕێککەوتنە ڕێگا بە ئێران دەدات دەستی بە چەکی ئەتۆمی بگات.

هەروەها دەزگای هەواڵگریی سویدیش لە ڕاپۆرتەکەی خۆی سەبارەت بە ساڵی ٢٠٢٠، ئاشکرای کردووە ئێران هەوڵی داوە بۆ بەرنامە ئەتۆمییەکەی خۆی دەستی بە تەکنۆلۆژیای سوید بگات.

بەگوێرەی ئەو بەڵگەیە، ئێران هەوڵی سیخوڕیکردنی پیشەسازیی داوە و بە شوێن تەکنۆلۆژیای پیشەسازیی سویدەوە بووە بۆ ئەوەی لە بەرنامەی چەکە ئەتۆمییەکانی خۆیدا بەکاری بهێنێت.

دەزگای هەواڵگریی سوید جەختی کردووەتەوە کە ئێران سەرمایەگوزارییەکی بەرفراوانی لەو بوارەدا ئەنجام داوە و بەشێکیشی لە سوید خەرج کردووە.  لە ڕاپۆرتەکەی دەزگای هەواڵگریی سوید ئاماژە کراوە کە حکومەتی ئێران هەوڵی بەدەستهێنانی زانیاریی لە زانکۆ و کۆلیژەکانی سوید دەدات و چەندین هەوڵیشی بۆ ڕاکێشانی کارمەندانی کۆمەڵگەی توێژینەوەی سوید ئەنجام داوە.

هەروەها ئاژانسی هەواڵی فۆکس نیوز ڕایگەیاندووە، دەزگای هەواڵگریی باڤاریا، یەکێک لە ویلایەتەکانی باشووری ئەڵمانیا، لە مانگی نیسانی ئەمساڵدا لە ڕاپۆرتێکدا سەبارەت بە ساڵی ٢٠٢٠ڕایگەیاند: وڵاتانێک کە هەوڵی پەرەپێدان بە چەکی ئەتۆمی دەدەن و لەوانە ئێران، کۆریای باکوور و پاکستان هەوڵ دەدەن جبەخانەی چەکە کۆمەڵکوژەکان بەرهەم بێنن یان نوێی بکەنەوە.

جەیسۆن برودسکی، شرۆڤەکاری ناسراوی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست لە کەناڵی ئێران ئێنتەرنەشناڵ، بە فۆکس نیوزی گوتووە، "بە بڕوای من ئەو ئەنجامانە دەرخەری ئەوەن کە ئەوروپییەکان ژینگەیه‌کیان بۆ کۆماری ئیسلامی ڕەخساندووە کە بە ئاسانی بتوانێ سیخوڕی پیشەسازیی و چلاکی ئەمنیی و هەواڵگریی ئەنجام بدات".

فۆکس نیوز لە کۆتاییدا دەڵێت، "سەبارەت بەو ڕاپۆرتانە نوێنەری کۆماری ئیسلامی لە نەتەوە یەکگرتووەکان، باڵیوزخانەی ئەو وڵاتە لە بەرلین یان وەزارەتی دەرەوەی ئەو وڵاتە لە تاران هیچ وەڵامێکیان بەو ئاژانسە نەداوەتەوە.


 

 

بابەتی پەیوەندی دار

0 لێدوانەکان

نەزەری خۆتان بنووسن

ئیمەیلەکەتان بە هیچ شێوەیێک بڵاو نابێتەوە. هەموو فیڵدە ئەستێرە دارەکان ئیجبارین