عێراق هەوڵ دەدات گەشتەكانی هێڵی ئاسمانی عێراقی دەست پێبكاتەوە عێراق ناوچەکە و جیهان

نوچەنێت

دوای یەک دەیە یەکێتیی ئەوروپا بەردەوامە لە قەدەغەکردنی گەشتکردنی هێڵی ئاسمانی عێراقی بەهۆی نەبوونی سەلامەتی و پابەند نەبوون بە ستانداردە نێودەوڵەتییەکانی فڕۆکەوانی و بەرپرسێکی حکومەتی عێراقی ڕایدەگەیێنێت، "حکومەت و هێلەکە بەردەوامن لە چاکسازییەکان بۆ دەستپێکردنەوەی گەشتەکان".

ڕۆژی یەکشەممە (2025/11/9) ماڵپەڕی (شەفەق نیوز) بڵاویکردەوە، مەیسەم سافی، گوتەبێژی وەزارەتی گواستنەوەی عێراق دەڵێت، "حکومەت هێشتا چالاکانە بەردەوامە لە هەوڵی لابردنی قەدەغەکردنەکە لە ڕێگەی لیژنەیەکی تایبەت بە هاوکاری یەکێتیی نێودەوڵەتی گواستنەوەی ئاسمانی پێداچوونەوە بە سەرجەم کارەکان دەکات تاوەکو گەشتە ئاسمانییەکانی هێڵەکە دەست پێبکاتەوە".

گوتەبەشێكی دیكەی قسەكانی دەڵێت،  یەکێتیی ئەوروپا هێشتا قەدەغەکردنی گەشتەکانی هێڵی ئاسمانی عێراقی بۆ وڵاتانی ئەوروپا لانەبردووە چونکە هێڵەکە پابەند نەبووە بە کارکردن بە گوێرەی ستانداردە نێودەوڵەتییەکان و ئەمەش لەدەستدانی رێگایەكی ئاسمانی جیهانی و شکستێکی گەورەیە بۆ عێراق.

گوتەبێژی وەزارەتی گواستنەوەی عێراق دەشڵێت، "لابردنی قەدەغەكردنی گەشتەکان پەیوەندیدارە بە دوو خاڵی گرنگەوە، یەکەمیان چارەسەرکردنی هەموو کەموکوڕییە ستانداردەکانە و دووەمیان دەستەبەرکردنی هەموو پێداویستییەکی هێڵەکەیە بە گوێرەی پێوەرە جیهانییەکانی فڕۆکەوانی. نزیکەی (79٪) پرۆگرامی چاکسازی تەواو بووە و گەیشتووەتە ئەو قۆناغەی کە وڵاتانی یەکێتیی ئەوروپا دەست بە هەڵسەنگاندن بکات بۆ هەڵگرتنی قەدەغەکردنی گەشتەکانی ئەم هێڵە ئاسمانییە".

دوای چەندین ساڵ قەدەغەکردنی گەشتەکانی هێڵی ئاسمانی عێراقی بۆ وڵاتانی یەکێتیی ئەوروپا، مانگی حوزەیرانی (2025) یەکێتیی ئەوروپا قەدەغەکردنەکەی بۆ شەش مانگی دیکە درێژکردەوە و ڕایگەیاند، "بڕیارەکە بەهۆی نەبوونی  چاودێری سەلامەتی و جێبەجێنەکردنی یاسا و ستانداردە جیهانییەکانە لەلایەن هێڵەکەوە". گەشتیاران زیانمەندی یەکەمن لە بڕیارەکە و ناچارن لە ڕێگەی وڵاتانی ترەوە بە کات و تێچووی زیاترەوە گەشتەکانیان ئەنجام بدەن. 

بابەتی پەیوەندی دار

0 لێدوانەکان

نەزەری خۆتان بنووسن

ئیمەیلەکەتان بە هیچ شێوەیێک بڵاو نابێتەوە. هەموو فیڵدە ئەستێرە دارەکان ئیجبارین