ئەڵمانیا دەستپێکردنەوەی ناردنی چەکی بۆ ئیسرائیل ڕاگەیاند عێراق ناوچەکە و جیهان

نوچەنێت

گوتەبێژی حکومەتی ئەڵمانیا ڕایگەیاند، "وڵاتەکەی کۆتایی بە هەڵپەساردنی ناردنی چەک بۆ ئیسرائیل دەهێنێت، هەفتەی داهاتوو هەناردەکردنی چەک بۆ ئیسرائیل دەستپێدەکاتەوە". هاوکات، "یارمەتییە مرۆییەکانیان بۆ غەززە بەردەوام دەبێت".

ڕۆژی دووشەممە (2025/11/17) ماڵپەڕی (شەفەق نیوز) بڵاویکردەوە، ستێفان کۆرنیلیوس، گوتەبێژی حکومەت ئەڵمانیا ڕایگەیاند، "هەفتەی داهاتوو و بە دیاریکراوی لە (24)ی تشرینی دووەم ئەڵمانیا دەست بە هەناردەکردنی چەک بۆ ئیسرائیل دەکاتەوە و کۆتایی بە هەڵپەساردنی ئەم هەنگاوە دەهێنێت". هەروەها، "ڕێکخراوە مرۆییەکانیان لە بەردەوامی گەیاندنی هاوکارییە مرۆییەکان بۆ هاووڵاتییانی سڤیلی غەززە بەردەوام دەبێت بە تایبەتی پێداویستییە سەرەکییەکانی ژیان و بەرلین پشتیوان و هاوکار دەبێت بۆ نوێکردنەوەی دیپلۆماسی نێوان وڵاتان و بەردەوامی ئارامی و ئاسایشی ناوچەکە".

گوتەبێژی حکومەتی ئەڵمانیا دەشڵێت، "بڕیارەکە دوای ماوەیەک لە ئارامی دێت دوای ئاگربەستی (10)ــی تشرینی یەکەمی (2025) لە نێوان ئیسرائیل و چاکدارانی حەماس کە کۆتایی بە شەڕێکی دوو ساڵە هێنا و زیاتر لە (69) هەزار فەڵەستینی گیانیان لەدەستداوە".

بە گوتەی ستێفان کۆرنیلیوس لە مەودوا گواستنەوەی چەک لە ئەڵمانیاوە بۆ ئیسرائیل هەڵسەنگاندنی جیاوازی بۆ دەکرێت و دەسەڵاتدارانی ئەڵمانیا لە نزیکەوە چاودێری چۆنیەتی و شێوازی بەکارهێنانی چەکەکان دەکەن لەلایەن ئیسرائیلەوە.

وەک ئاشکرایە دوای ئەمەریکا ئەڵمانیا دووەم گەورەترین دابینکەری چەکی ئیسرائیلە، بەڵام بەهۆی فشارە جیاوازەکانەوە مانگی ئابی (2025) هەڵپەساردنی هەندێک لە چەکەکانی ڕاگرت بۆ ئیسرائیل بەهۆی خراپی دۆخی هاووڵاتییان بەهۆی جەنگی نێوان ئیسرائیل و فەڵەستینەوە.

بابەتی پەیوەندی دار

0 لێدوانەکان

نەزەری خۆتان بنووسن

ئیمەیلەکەتان بە هیچ شێوەیێک بڵاو نابێتەوە. هەموو فیڵدە ئەستێرە دارەکان ئیجبارین