ساڵێک بەسەر ڕووخانی بەشار ئەسەددا تێپەڕی عێراق ناوچەکە و جیهان

نوچەنێت

سووریا یادی یەکەمین ساڵیادی ڕووخانی ڕژێمی بەشار ئەسەدی کردەوە، ئاهەنگی سەرتاسەری گێڕدرا و سەرۆکی سووریا ڕایگەیاند، "دەسەڵاتەکانی بەردەوام دەبێت و گۆڕانکاری گەورە لەم وڵاتەدا ئەنجام دەدرێت".

ڕۆژی دووشەممە (2025/12/8) ئاژانسی (رۆیتەرز) بڵاویکردەوە، لە ڕێوڕەسـێکی شایستە و فراواندا سووریا یادی یەکەمین ساڵی ڕووخانندی ڕژێمی بەشار ئەسەدی کردەوە، ئەحمەد شەرع، سەرۆکی سووریا ڕایگەیاند، "سووریایەکی دادپەروەر و بەهێز بنیات دەندرێت لە باکوورەوە بۆ باشوور، لە ڕۆژهەڵاتەوە بۆ ڕۆژئاوا، بە دڵنیاییەوە سووریا ڕێز لە ئێستا و ڕابردووی هەموو پێکهاتەکان دەگرێت".

ئەحمەد شەرع، سەرۆک کۆماری سووریا چەندین جار دووپاتی کردووەتەوە، "سووریا باشترین کاتەکانی بەڕێدەکات و ناکۆکی و ئاڵەنگارییەکان تێدەپەڕێنێت و ئەوانەی بەرپرسیارن لێپرسینەوەیان لەگەڵدا دەکرێت یاسا سەروەر دەبێت و دەستوورێکی نوێ کە دەخرێتە دەنگدانی گشتییەوە بوونی دەبێت لە وڵاتدا".

وەک ئاشکرایە لە ماوەی ئەم ساڵەدا ئەحمەد شەرع، سەرۆکی سووریا گۆڕانکاری گەورەی لە سووریا ئەنجام داوە و پەیوەندییەکانی دەرەوەی سووریای گۆڕیوە بۆ ئاستێکی زۆر بەرز بۆ نموونە، پەیوەندی لەگەڵ ئەمەریکا دامەزراندووە، پشتیوانی وڵاتانی کەنداو و تورکیای بەدەست هێناوە، سیاسییانە و دیپلۆماسییانە توانیویەتی لە ئێران و ڕووسیا دوور بکەوێتەوە. زۆربەی سزاکانی سووریا لەلایەن وڵاتانی ڕۆژئاوا و ئەمەریکاوە هەڵگیراون. 

هەر ئەمڕۆ کۆمیسیۆنی پەنابەرانی نەتەوە یەکگرتووەکان ڕایگەیاند، "لە ماوەی ئەم ساڵەدا کە ڕژێمی ئەسەد ڕووخاوە و کۆتایی هاتووە نزیکەی (1.2) ملیۆن پەنابەر لەگەڵ (1.9) ملیۆن ئاوارە گەڕاونەتەوە گەشەی ئابووری بەهێز بووە لە سووریادا". هاوکات ئۆفیسی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ هەماهەنگی کاروباری مرۆیی دەڵێت، "ئەگەرچی بووژاندنەوە لە کەرتە جیاوازەکانی سووریادا ڕوویداوە، بەڵام بەدەستهێنانی پێداویستییە سەرەتاییە مرۆییەکان لە سەرانسەری سووریا هێشتا کارێکی ئاسان نییە، لە (2025)دا نزیکەی (16.5) ملیۆن هاووڵاتی هێشتا پێویستیان بە یارمەتییە سەرەتاییەکانی ژیانکردن هەیە". 

بابەتی پەیوەندی دار

0 لێدوانەکان

نەزەری خۆتان بنووسن

ئیمەیلەکەتان بە هیچ شێوەیێک بڵاو نابێتەوە. هەموو فیڵدە ئەستێرە دارەکان ئیجبارین