ئیسرائیل و یۆنان و قوبرسی باشوور هێزێکی سەربازیی هاوبەش دادەمەزرێنن عێراق ناوچەکە و جیهان

نوچەنێت

کۆبوونەوەی نهێنی ئیسرائیل و یۆنان و قوبرسی باشوور بۆ پێکهێنانی هێزێکی سەربازی هاوبەش ترس و فشار لە ڕۆژهەڵاتی دەریای ناوەڕاست بۆ سەر تورکیا دروست دەکات. بەگوێرەی میدیاکانی تورکیا، "بە فەرمانی ناتانیاهۆ لیوایەکی هاوبەش لە دژی ئەنقەرە پێکدەهێنرێت."

ئەمڕۆ پێنجشەممە (2025/12/18) ماڵپەڕی (تورکیا گەزەتە) بڵاوی کردەوە، بەگوێرەی ئەو زانیارییانەی لە میدیاکانی یۆنان و ئیسرائیل بڵاوکراوەتەوە، لەکاتێکدا تورکیا هەوڵی چەسپاندنی دەسەڵات و هێزی سەربازییە لە دەریای ناوەڕاست، بە فەرمانی بنیامین ناتانیاهۆ سەرۆک وەزیرانی ئیسرائیل کۆبوونەوەیەکی بەپەلە لەنێوان تۆمەر بار، فەرماندەی هێزی ئاسمانی ئیسرائیل لە نیکۆسیا لەگەڵ بەرپرسانی هێزی ئاسمانی یۆنان و قوبرسی باشوور بەڕێوەچووە بۆ دامەزراندنی لیوایەکی هاوبەش لە دژی فراوانبوونی دەسەڵاتی ئەنقەرە لە ڕۆژهەڵاتی دەریای ناوەڕاست.

بەگوێرەی زانیارییەکان لە ناوەڕۆکی کۆبوونەوەکەدا، باس لە فراوانبوونی دەسەڵاتی تورکیا لەڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و هاوکاری ستراتیژی نێوان هەر سێ وڵات و هەماهەنگی هێزەکانی ئاسمانی و ئاسایش تاوتوێ کراوە. هاوکات میدیای یۆنان رایگەیاندووە، کۆبوونەوەکە بەشێک بووە لە پرۆسەی دامەزراندی هێزێکی هاوبەش و خێراکردنی پەیوەندی سەربازی نێوان هەر سێ وڵات. سەبارەت بە شێوازی دامەزراندنی هێزە هاوبەشەکە باس لەوە دەکرێت، نزیکەی دوو هەزار و (500) سەرباز لە هێزەکەدا دادەمەزرێت وەک ئەوەی بەرنامەیان بۆ دانراوە، ئیسرائیل بە هەزار سەرباز، یۆنان بە هەزار سەرباز و قەبرسی باشوریش بە (500) سەرباز بەشدار دەبێت. 

هەریەک لە یۆنان و ئیسرائیل پێیان وایە هەنگاوەکانی تورکیا لەم دواییانەدا لە ڕووی هێزی ئاسمانی و دەریایی و فڕۆکەی بێفڕۆکەوانی بۆتە هەڕەشە لەسەر پێگەکانیان لە ڕۆژهەڵاتی دەریای ناوەڕاست. چاودێرانی سیاسیش پێیانوایە دامەزراندنی ئەو هێزە فشار و ترسێکی زۆر بۆ سەر تورکیا دروست دەکات و دەسەڵاتی تورکیا لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست لاواز دەکات. 

بابەتی پەیوەندی دار

0 لێدوانەکان

نەزەری خۆتان بنووسن

ئیمەیلەکەتان بە هیچ شێوەیێک بڵاو نابێتەوە. هەموو فیڵدە ئەستێرە دارەکان ئیجبارین