سعوودیە گفتوگۆی ڕاستەوخۆ لەگەڵ ئیرانی پشتڕاست کردەوە ئێران

نوچه‌نێت

بەرپرسێکی باڵای وەزارەتی دەرەوەی سعوودیە باسی لە گفتوگۆ ڕاستەوخۆکان لەگەڵ ئێران دەربارەی دۆزینەوەی ڕێگاچارەی کەمکردنەوەی گرژییەکانی ناوچە کرد و گوتی هێشتا زووە سەبارەت بە ئەنجامەکانی قسە بکەین.

ڕۆژی هەینی هەفتی ئایاری ٢٠٢١، ئاژانسی هەواڵی "دویچە ولە" بڵاوی کردەوە گفتوگۆ نهێنییەکانی نێوان ئێران و سعوودیە کە ماوەیەک پێش میدیاکان باسیان لەسەر کرد، لە لایەن یەکێک لە بەرپرسانی باڵای وەزارەتی دەرەوەی سعوودیەوە بە فەرمی پشتڕاست کرایەوە. ڕائێد قرملی بە ئاژانسی هەواڵی ڕۆیتەرزی گوتووە، ئەو گفتوگۆیانە بە شێوەی ڕاستەوخۆ و بە مەبەستی دۆزینەوەی ڕێگاچارەکان بۆ کەمکردنەوەی گرژییەکانی ناوچە بەڕێوە چوون.

دوو ڕۆژ پێش، سەرۆک وەزیرانی عێراق ڕایگەیاندبوو بەغدا میوانداری زیاتر لە یەک خول گفتوگۆی نوێنەرانی تاران و ڕێازی کردووە. قرملی وێرای ئەوەی هیوای خواستووە گفتوگۆکان بگەنە ئەنجام، جەختی کردووەتەوە کە ڕیاز خوازیاری ئەوەیە ئێران بە کردەوە هەنگاو بنێت. ڕۆیتەرز بە گێڕانەوە لە قرملی نووسی: "هێشتا زووە سەبارەت بە ئەنجامی گفتوگۆکان قسە بکەین".

ئەو بەرپرسە باڵایەی سعوودیە جەختی کردەوە کە سیاسەتی سعوودیە لە لایەن شازادەی جێنشینی ئەو وڵاتەوە بە ڕوونی ڕاگەیێندراوە.

محەمەد بن سەلمان دوو هەفتە پێش ئێستا، گوتبووی کە ئەگەرچی ڕیاز لەگەڵ "هەڵسوکەتە نەرێنییەکانی" تاران کێشەی هەیە بەڵام خوازیاری پەیوەندی ئەرێنییە لەگەڵ ئەو وڵاتە. محەمەد بن سەلمان لە دیمانەیەکی تەلەڤزیونیدا بە دەربڕینێکی ئاشتیخوازانە گوتی: "ئێران دراوسێی ئێمەیە و هەموو ئەو شتەی کە ئێمە دەمانەوێ ئەوەیە کە پەیوەندی باش و تایبەتمان لەگەڵ ئەو وڵاتە هەبێت".

بەرپرسە باڵاکەی وەزارەتی دەرەوەی سعوودیە ئەوەشی بە ڕۆیتەرز گوتووە کە ڕیاز بە پێی ئەو کردەوانە کە دەکرێ تاقی بکرێنەوە، بڕیار دەدات نەک بە پێی قسە و لێدوانەکان. 
ئەوە یەکەمین هەڵوێستی فەرمی سعوودیە دەربارەی دیدارەکان لەگەڵ بەرپرسانی ئێرانە. ڕۆیتەرز پێشتر گوتبووی دیداری سەرەتایی نێوان ئەو دوو وڵاتە لە نۆی نیسان لە بەغدا ئەنجام دراوە. نیویۆرک تایمزیش لە وتارێکدا لە سەرەتای ئەم مانگە (ئایار)، هەواڵی گفتوگۆی سەرۆکی دەزگای نهێنی هەواڵگریی سعوودیە و بەرپرسێکی باڵای دەزگای ئاسایشی ئێرانی لە بەغدا ڕاگەیاندبوو.

قرملی باسی لە باقی وردەکارییەکان نەکردووە بەڵام سەرچاوە لۆکاڵییەکان بە ڕۆیتەرزیان گوتووە لایەنەکان دەربارەی شەڕی یەمەن و ڕێککەوتنی ئەتۆمی گفتوگۆیان کردووە.

لە شەڕی ناوخۆیی یەمەن، هەر یەک لە وڵاتانی ئێران و سعوودیە پشتیوانی لە لایەنێک دەکەن. ڕیاز بە ڕابەرایەتی هاوپەیمانێتییەکی سەربازیی، پشتیوانی لە هێزەکانی وەفادار بە سەرۆک کۆماریی یاسایی ئەو وڵاتە دەکات، کۆماری ئیسلامیش لە ڕووی لۆجێستی و ڕاوێژکارییەوە یارمەتی حوسییەکانی یەمەن دەدات. هەر بەو پێیە شەڕی یەمەن، بە شەڕی بە وەکالەتی ئەو دوو ڕکابەرە ناوچەییەش ناوبانگی دەرکردووە. سعوودیە دەڵێت ئێران دەستی هەیە لەو هێرشانەدا کە حوسیەکان بە مووشەک و فڕۆکەی بێ فڕۆکەوان ئەنجامیان دەدەن. تاران ئەو تۆمەتانە ڕەت دەکاتەوە.

ئەو دوو هێزە شیعە و سوننە سەبارەت بە سووریا و لوبنانیش پێکناکۆکن و هەڵوێستەکانیان زۆر جیاوازن و کێبەرکێی جدییان هەیە.

سعوودیە لەو وڵاتانە بووە کە لە چوونەدەرەوەی ترەمپ لە ڕێککەوتنی ئەتۆمی پێشوازی کردووە و داوا دەکات ڕێککەوتنێکی بەهێزتر لەگەڵ تاران ئەنجام بدرێت کە بەرنامە مووشەکییەکانی ئەو وڵاتەیش لەخۆ بگرێت.

گفتوگۆ ڕاستەوخۆکانی ڕیاز و تاران لە کاتێکدا بە فەرمی پشتڕاست دەکرێنەوە کە پەیوەندییە دیپلۆماتییەکانی ئەو دوو وڵاتە، لە شەش ساڵ پێش ئێستاوە و دوای هێرش بۆ سەر باڵیۆزخانە و کونسولگەری ئەو وڵاتە لە تاران و مەشهەد، پچڕاون.

 

 

 

بابەتی پەیوەندی دار

0 لێدوانەکان

نەزەری خۆتان بنووسن

ئیمەیلەکەتان بە هیچ شێوەیێک بڵاو نابێتەوە. هەموو فیڵدە ئەستێرە دارەکان ئیجبارین