وەزارەتى دەرەوەى ئەمەریکا و سووریا و ئیسرائیل راگەیێندراوێکى هاوبەشیان بڵاوکردەوە عێراق ناوچەکە و جیهان

نوچەنێت

بەگوێرەى راگەیێندراوى هاوبەشى ئەمەریکا ــ ئیسرائیل سووریا ــ کە وەزارەتى دەرەوەى ئەمەریکا لە ماڵپەڕى خۆى بڵاوى کردۆتەوە، بەرپرسیارى سووریا و ئیسرائیل بە چاودێرى ئەمەریکا لە پاریسى پایتەختى فەرەنسا کۆبووینەوە، لەو دیدارەدا گفتوگۆ لەسەر رێزگرتن لە سەروەرى خاکى سووریا و سەقامگیرى و گرەنتى ئاسایشى ئیسرائیل و بەهێزکردنى خۆشگوزەرانى هەردوو وڵات کراوە.

سێشەممە (2026/1/6) ماڵپەڕى (ئاڕتى) بڵاوى کردەوە، وەزارەتى دەرەوەى ئەمەریکا لە راگەیێندراوێکى هاوبەشدا لەگەڵ وەزارەتى دەرەوەى ئیسرائیل و سووریا ناوەڕۆکى دانوستاندنەکانى نێوان ئیسرائیل و سووریا کە بە چاودێرى نوێنەرى ترەمپ لە پاریس بەڕێوەچوو بڵاوکردەوە.

دەقى لێکتێگەیشتنى هاوبەش:

هەردوولا جەخت لەسەر پابەندبوونیان بە هەنگاونان بۆ جێگیرکردنى رێکارەکانى ئاسایش و سەقامگیرى بۆ هەر دوو وڵات کردۆتەوە.

هەردوولا بڕیاریان داوە، “میکانزمى یەکخستنى هاوبەش” درووست بکەن، کە بریتییە لە شانەیەک پەیوەندى تایبەت بۆ ئاسانکارى هەماهەنگى دەستبەجێ و بەردەوام کە پەیوەستە بە ئاڵوگۆڕى زانیاریى هەواڵگریى و کەمکردنەوى ئاڵۆزیى سەربازیى و گرتنەبەرى دیپلۆماسى و دەرفەتى بازرگانى، ئەوەش لە ژێر سەرپەرشتى ئەمەریکا دەبێت.

ئەو میکانزمە وەک سەکۆیەکە بۆ بۆ چارەسەرکردنى هەر ناکۆکیەک بە شێوەى دەستەبەجێ و کارکردن لەسەر رێگرى لە هەر رووداوێکى خراپ حاڵیبوون.

بەگوێرەى راگەیێندراوەکە ئەمەریکا ستایشى ئەو هەنگاو دەکات و بە ئەرێنى ناوى دەبات، جەختیش لەسەر پابەندى دەکاتەوە بۆ پاڵپشتی جێبەجێکردنى ئەو لێتێگەیشتنە کە لە چوارچێوەى هەوڵى فراوانتر دەبێت بۆ چەسپاندنى ئاشتى هەمیشەیى لە رۆژهەڵاتى ناوەڕاست.

هەر لەو راگەیێندراوە ئاماژە بە هەماهەنگى وڵاتانى خاوەن سەروەریى دەدات، لە رێگەى ڕێزگرتن و کردنەوەى ئاسۆى فراوانتر لەبەردەم خۆشگوزەرانى نێوانیان.

لە کۆتایی راگەیێندراوەکە هاتووە، ئەو راگەیێندراوە هاوبەشە رەنگدانەوەى رۆحى ئەو کۆبوونەوە گرنگەیە کە لە پاریس بەڕێوەچوو و سووربوونى هەردوو وڵاتە لەسەر کردنەوەى لاپەڕەیەکى نوێ لە پەیوەندییەکانیان کە خزمەتى نەوەکانى داهاتوو بکات.

پێشتر رۆژنامەى یەدیعوت ئەحرەنوتى ئیسرائیلى سەبارەت بە وردەکارییەکانى ئەو رێککەوتنە ئاشکراى کردبوو، کە گفتوگۆکانى پاریس جێگەى رەزامەندى بووە، بڕیاریش دراوە لە گەڕى داهاتووى دیدارەکان لێکنزیکبوونەوەى زیاتر لەنێوان هەردوولا درووست بێت و پاڵنەربێت بۆ بنیادنانى متمانەى دوولایەنە.

دیمەشق و تەلئەبیب لە گفتوگۆکانیان خواستى ئەوەیان دەربڕیووە کە هەنگاو بنێن بەرەو رێککەوتنى ئەمنى لەژێر سایەى دیدى دۆنالد ترەمپ بۆ رۆژهەڵاتى ناوەڕاست.

لە لایەکى دیکەوە سەرچاوەیەک لە حکومەتى سووریا بە ئاژانسى ساناى راگەیاند، بە شێوەیەکى سەرەکى گفتوگۆکان لەسەر دووبارە کاراکردنەوەى رێککەوتنى (1974) کراوەتەوە، لەگەڵ گرەنتى کشانەوەى هێزەکانى ئیسرائیل بۆ هێلەکانى پێش مانگى کانوونى یەکەمى (2024) کە گرەنتى چوارچێوەى رێککەوتنى ئەمەنى دەکات بۆ دانانى سەروەرى سووریا و گرەنتى هەر رێگرییەک دەکات لە هەر جۆرێک لە جۆرەکانى دەستوەردانى کاروباریى ناوخۆیى سووریا.

لەو گفتوگۆیانە، رۆن دیرمەر، وەزیرى پێشوو ئامادە نەبوو، ئەمجارە رۆمان گوڤمان، سکرتێرى بنیامین ناتەنیاهۆ، سەرۆک وەزیرانى ئیسرائیل و کاندیدى سەرۆکایەتى مۆساد و یەحئیل لایتر، باڵیۆزى ئیسرائیل لە واشنتن، گیل رایک، سەرۆکى کاربەڕێکەرى ئەنجوومەنى ئاسایشى نەتەوەیى ئامادەبوو، ئەسعەد شەیبانى، وەزیرى دەرەوە و حوسێن سەلامە، سەرۆکى دەزگاى هەواڵگریى  سووریا ئامادەبوون، لە لایەن ئەمەریکاوە،  جارید کۆشنەر و ستیڤ ویتکۆڤ نیردەى ترەم بۆ کاروبارى رۆژهەڵاتى ناوەڕاست و تۆم باراک نێردەى ترەمپ باڵیۆزى تورکیا لە ئامادەبوون.

پێشتر لە دیدارى لەگەڵ دۆناڵد ترەمپ، بنیامین ناتەنیاهۆ، سەرۆک وەزیرانى ئیسرائیل رایگەیاند، بەرژەوەندى ئیسرائیل لە هەبوونى سنوورەکانى ئاشتییە لەگەڵ سووریا، لەدواى دوو مانگ لە وەستانى گفتوگۆکانى ئیسرائیل و سووریا دووشەممە (2026/1/5) گفتوگۆکانیان دەستى پێکردەوە.

بابەتی پەیوەندی دار

0 لێدوانەکان

نەزەری خۆتان بنووسن

ئیمەیلەکەتان بە هیچ شێوەیێک بڵاو نابێتەوە. هەموو فیڵدە ئەستێرە دارەکان ئیجبارین