سۆماڵ سەرجەم رێککەوتنەکانى لەگەڵ ئیمارات هەڵوەشاندەوە عێراق ناوچەکە و جیهان

نوچەنێت

حکومەتى سۆماڵ بە پشنبەستن بە دەسەڵاتە دەستوورییەکانى و پارێزگاریى لە سەروەرى وڵاتەکەى سەرجەم رێککەوتنەکانى لەگەڵ ئیمارات هەڵوەشاندەوە، داواشى لە وەزارەتى دەرەوە کردووە، ئەو بڕیارە بەگەینێتە ئەبوو زەبى و هاوبەشە هەرێمى و نێودەوڵەتییەکان.

ئەمڕۆ دووشەممە (2026/1/12) ماڵپەڕى (ئاژانسى هەواڵى سۆماڵ) بڵاوى کردەوە، ئەنجوومەنى وەزیرانى سۆماڵ لە کۆبوونەوەى خۆى بەپشتبەستن بەو دەسەڵاتانەى دەستوور پێى داوە و لە پێناو بەرگریى لە فیدراڵیەتى سۆماڵ و یەکپارچەیى ئەو وڵاتە و سیستەمى دەستووریى، سەرجەم رێککەوتنەکانى لەگەڵ ئیمارات هەڵوەشاندەوە.

ماڵپەڕەکە نووسیوویەتى، دواى هەڵسەنگاندنى بارودۆخى ئەم دواییە، حکومەتى سۆماڵ رێککەوتنەکانى لەگەڵ ئیمارات هەڵوەشاندۆتەوە، ئەو بڕیارە سەرجەم رێککەوتنەکان و هەماهەنگى لە بەندەرەکانى بەربەڕە و بوساسۆ و کەسمایۆش دەگرێتەوە.

جگە لەو رێککەوتنانە حکومەتى سۆماڵ رێککەوتنە ئەمنیى و بەرگرییەکانیشى لەگەڵ ئیمارات هەڵوەشاندۆتەوە، کە بەگوتەى حکومەت هەنگاوەکانى ئیمارات دەبێتە هۆى تێکدانى سەقامگیریى و یەکپارچەیى و سەربەخۆیى وڵاتەکەیان.

حکومەتى سۆماڵ جەخت لەسەر ئەوە دەکاتەوە، هەنگاوەکانى ئیمارات دژ بە پرەنسیپەکانى سەروەریى و دەستوەرنەدان و رێزنەگرتنى سیستەمى دەستووریى وڵاتەکەمانە، وەک لە پەیماننامەى نەتەوەیەکگرتووەکان و پەیماننامەى یەکێتى ئەفریقیا و رێکخراوى هاریکاریى ئیسلامیى و کۆمکاریى وڵاتانى عەرەبییە، کە سۆماڵ تێیدا ئەندامە.

حکومەتى سۆماڵ دەشڵێت، ئەو هەنگاوانەى ئیمارات پێچەوانەى خواستى گەلى سۆماڵییە کە بە روونى هەڵوێستى خۆى بەرانبەر کارەکانى ئیمارات دەڕبڕیووە، بۆ ئەوەش وەزارەتى دەرەوەى راسپاردووە، بە فەرمى بڕیارەکان بگەیێنێتە ئیمارات و کاریش لەسەر جێبەجێکردنى بکات، لە هەمانکاتدا داواشى لە وەزارەتى دەرەوەى وڵاتەکەى کردووە، کە ئەو بڕیارانە بگەیێنتە هاوبەشە نێودەوڵەتى و هەرێمییەکانى وەک یەکێتى ئەفریقیا و نەتەوە یەکگرتووەکان.

بەگوتەى ماڵپەڕەکە ئەو بڕیارەى کۆمارى سۆماڵ جەختکردنەوەیە لەسەر بەرپرسیارێتى و مافە سەروەرییەکانى پەیوەست بە خاک و بەندەرەکان و کاروباریى ئەمنى و دەرەکى.

سەبارەت بە هەڵوێستى فەرمى ئیمارات تاوەکوو ئێستا هیچ لێدوانێکى فەرمیى لەسەر ئەو بڕیارانەى حکومەتى سۆماڵ نەداوە.

بابەتی پەیوەندی دار

0 لێدوانەکان

نەزەری خۆتان بنووسن

ئیمەیلەکەتان بە هیچ شێوەیێک بڵاو نابێتەوە. هەموو فیڵدە ئەستێرە دارەکان ئیجبارین