سەرۆک وەزیرانى عێراق و سەرۆکى فەرەنسا گفتوگۆ لەسەر دۆخى ناوچەکە دەکەن عێراق ناوچەکە و جیهان

نوچەنێت

سەرۆکى فەرەنسا و سەرۆک وەزیرانى عێراق بە تەلەفۆن گفتوگۆیان لەسەر دۆخى سووریا و گواستنەوەى زیندانیانى رێکخراوى تیرۆرستى داعش بۆ عێراق کردووە.

ئەمرۆ هەینى (2026/1/23) نووسینگەى سەرۆک وەزیرانى عێراق بڵاوى کردەوە، محەمەد شیاع سوودانى بە تەلەفۆن لەگەڵ ئیمانوێل ماکرۆن، سەرۆکى فەرەنسا گفتوگۆیان لەسەر پەیوەندییەکانى بەغدا و پاریس و دۆخى ئەو ناوچەیە کردووە. 

نووسینگەى سەرۆک وەزیرانى عێراق دەشڵێت، دۆخى سووریا و گواستنەوەى ژمارەیەک ئەندامى بیانى رێکخراوى تیرۆرستى داعش لە گرتووخانەکانى هێزەکانى سووریاى دیموکرات و گواستنەوەیان بۆ عێراق تەوەرێکى دیکەى گفتوگۆکانیان بووە.

لەو گفتوگۆیانەدا محەمەد شیاع سوودانى جەختى لەسەر بایەخى وڵاتانى جیهان بە تایبەت وڵاتانى ئەوروپا کردووە، کە بەرپرسیارێتى بگرنە ئەستۆ، ئەو کەسانەى رەگەزنامەیان وڵاتەکانیان هەیە وەریانبگرنەوە و دادگاییان بکەن تاوەکوو سزاى دادپەروەرانەى خۆیان وەربگرن.

هەر لەو پەیوەندییە تەلەفۆنییەدا سەرۆک وەزیرانى عێراق ستایشى رۆڵى فەرەنساى لە هاوپەیمانى نێودەوڵەتى دژ بە رێکخراوى تیرۆرستى داعش کردووە و جەختى لەسەر بەردەوامى هەماهەنگى دوولایەنەى لە بوارەکانى ئاسایش و بەرگریى و پەرەپێدانى تواناکان جەنگییەکانى هێزەکانى عێراق کردۆتەوە.

لەبەرانبەردا ئیمانوێل ماکرۆن پیرۆزبایى سەرکەوتنى هەڵبژاردنەکانى پەرلەمانى عێراقى لە سوودانى کردووە و ستایشى هەڵوێستى عێراقى لە ئاستى نێودەوڵەتى و حکومەتى سوودانى لە بەڕیوەبردنى مامەڵەکردنى لەگەڵ قەیرانە هەرێمییەکان کردووە، کە هەنگاوەکانى بۆتە فاکتەرى سەقامگیرى ئەو ناوچەیە و بەردەوامى چارەسەرەکان.

سەرۆکى فەرەنسا بەڵێنى داوە وڵاتەکەى پابەند بێت بە پێشکەش کردنى پاڵپشتى تەکنیکى و دارایى بۆ چارەسەرى دۆخى زیندانیانى ئەندامانى داعش.

بابەتی پەیوەندی دار

0 لێدوانەکان

نەزەری خۆتان بنووسن

ئیمەیلەکەتان بە هیچ شێوەیێک بڵاو نابێتەوە. هەموو فیڵدە ئەستێرە دارەکان ئیجبارین