وۆڵ ستریت جۆڕناڵ: ئەمەریکا هێزەکانی لە سووریا دەکشێنێتەوە عێراق ناوچەکە و جیهان

نوچەنێت

بەرپرسێکی باڵای ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکا ڕایگەیاند، "ئەمەریکا ئامانجییەتی هێزەکانی لە سووریا بکشێنێتەوە بەهۆی ئەوەی ئیدارەی ترەمپ دەیەوێت پەیوەندییە دیپلۆماسییەکان لەگەڵ بەرپرسانی باڵای سووریا بەهێز بکاتەوە".

ڕۆژی پێنجشەممە (2026/2/19) ماڵپەڕی (وۆڵ ستریت جۆڕناڵ) ڕایگەیاند، بەرپرسێکی باڵای ئەمەریکا ئاشکرای کردووە، "وڵاتەکە خەریکی کشانەوەی هەموو سەربازەکانییەتی لە سووریا، بەم هەنگاوەش کۆتایی بە ژمارەی هەموو ئەو سەربازانە دێت کە لەم وڵاتەدا شەڕی دژی داعشیان کردووە".

هاوکات بەرپرسە باڵاکەی ئەمەریکا ئاشکراشی دەکات، "بڕیاری کشاندنەوەکە هەموو هێزەکانی باکووری ڕۆژهەڵاتی سووریا و ناوچە سنوورییەکانی سووریا، ئوردن و عێراق دەگرێتەوە کە چالاکانە بەشداربوون لە ئۆپراسیۆنە جیاوازەکانی دژی داعش و ڕۆڵیان هەبوو لە تێکشکاندنی تیرۆریستاندا".

لە لایەکی ترەوە، سەرەتای ئەم مانگە پێنتاگۆن ڕایگەیاند، "هێزەکانیان لە سووریا دەکشێننەوە". پێشتریش ئاماژەی بۆ ئەوە کردبوو، "لە ماوەی دوو مانگی داهاتوودا هەموو هێزەکانی ئەمەریکا سووریا بەجێ دەهێڵن و کۆتایی بە بوونی دە ساڵەی سەربازی ئەمەریکا دێت بەهۆی ئەوەی ئیدارەی ترەمپ پێی وایە پێویست ناکات چیتر سوپای ئەمەریکا بوونی هەبێت لەم وڵاتەدا".

بۆ یەکەم جار لە (2014) کە باراک ئۆباما، سەرۆکی ئەمەریکا بوو بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی تیرۆریستانی داعش هێزەکانی ئەمەریکا ڕەوانەی سووریا کران، دواتر دۆناڵد ترەمپ لە ماوەی خولی سەرۆکایەتیی ئەمەریکادا وردە وردە دەستی کرد بە کشاندنەوەی هێزەکان و لە خولی دووەمی سەرۆکایەتییەکەیدا ئامانجییەتی سەربازەکانی لە سووریا و عێراقدا کەم بکاتەوە.

بابەتی پەیوەندی دار

0 لێدوانەکان

نەزەری خۆتان بنووسن

ئیمەیلەکەتان بە هیچ شێوەیێک بڵاو نابێتەوە. هەموو فیڵدە ئەستێرە دارەکان ئیجبارین