ئه‌مریكا خاوه‌نى چه‌كه‌ گیراوه‌كه‌ ئاشكرا ده‌كات ئێران

نوچه‌نێت

دوای ئەوەی ئەمریکا دەستی بەسەر کەشتیه‌کی هەڵگری مووشەک و چەکی قاچاخ لە دەریای عەرەبدا گرت، بەرپرسێکی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا ڕایگەیاند، لێکۆڵینەوە سەرەتاییەکان دەرخەری ئەوەن ئەو کەشتییە لە ئێرانەوە بە مەبەستی پڕچەککردنی حوسییەکانی یەمەن ڕەوانە کراوە.

ڕۆژی یەکشەممە نۆی ئایاری ٢٠٢١، ئاژانسی هەواڵی "ئەخبار روز" بە گێڕانەوە لە ئاسۆشیتێد پرس بڵاوی کردەوە، ئەو بەرپرسە ئەمریکییە جەختی کردەوە ئەو کارەی ئێران پێچەوانەی گەمارۆکانی ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکانە.

بەگوێرەی ئاسۆشیتێد پرس، نوێنەرایەتی ئێران لە نەتەوە یەکگرتووەکان وەڵامی داواکاریی ئەو ئاژانسە هەواڵگرییەی بۆ ڕوونکردنەوە لەو بارەوە نەداوەتەوە.

پێشتر یەکەی پێنجەمی هێزی دەریایی ئەمریکا ڕایگەیاندبوو لە دەریای عەرەب دەستی بەسەر بارێکی مووشەک و تەقەمەنی لە کەشتیێکدا گرتووە کە دیار نییە سەر بە چ وڵاتێکە.

ئەو یەکە دەریاییە لە بەیاننامەیێکدا گوتبووی ئەو کەشتییە ئاڵای هیچ وڵاتێکی بەرز نەکردبووەوە.

بەگوێرەی ئەو ڕاگەیێندراوە، دەیان مووشەکی پێشکەوتووی دژە تانکی دروستکراوی ڕووسیا، هەزاران چەکی جۆری ٥٦ی چینی، سەدان ڕەشاشەی P.K.M، تفەنگی قەناس و نارنجۆک و کامێرای پێشکەوتووی هەڵگرتبوو. 

ئاسۆشێتید پرس ڕایگەیاندووە هەناردەکردنی چەک بۆ میلیشیا حوسییەکان لە کاتێکدایە کە ئەمریکا هەوڵەکانی بە مەبەستی کۆتاییهێنان بە شەڕی یەمەن چڕ کردووەتەوە. هەروەها قەبارەی بەرچاوی چەکی ناو ئەو بارە دەرخەری ئەوەیە کە ڕەنگە ئەو شەڕە درێژەی هەبێت.

لە ڕاگەیێندراوەکەی یەکەی پێنجەمی هێزی دەریایی ئەمریکادا جەخت لەوە کراوەتەوە کە ئەو کەشتییە لە لایەن هێزی دەریایی ئەمریکاوە دەستی بەسەردا دەگیرێت تا ئەو کاتەی شوناس و ئەو وڵاتەی کە هەناردوویەتی دیاری بکرێت، بەڵام خزمەتکارەکانی کەشتییەکە دوای لێپرسینەوە ئازاد کراون.

بەرپرسێکی ئەمریکی ڕایگەیاند ئەو چەکانەی دەستیان بەسەردا گیراوە، لەو چەکانەن کە پێشتر بۆ حوسییەکان هەناردە کرابوون.

 

 

 

 

 

بابەتی پەیوەندی دار

0 لێدوانەکان

نەزەری خۆتان بنووسن

ئیمەیلەکەتان بە هیچ شێوەیێک بڵاو نابێتەوە. هەموو فیڵدە ئەستێرە دارەکان ئیجبارین