دەقی پەیامی نوێی ئۆجەلان سەبارەت بە پڕۆسەى ئاشتى کوردستانی

نوچەنێت

عەبدوڵڵا ئۆجەلان رێبەرى زیندانى کراوى پارتى کرێکاران، پەیامێکى نووسراوى بڵاوکردەوە، لە پەیامەکەى جەخت لەسەر پەیامەکەى (2025/2/27) دەکاتەوە، دەشڵێت، دەبێت پەکەکە لە توندوتیژى فیزیکى دوور بکەوێتەوە.

ئەمڕۆ هەینى ((2026/2/27) عەبدوڵا ئۆجەلان رێبەرى زیندانى کراوى پارتى کرێکاران پەیامێکى نووسراوى بڵاوکردەوە، لە پەیامەکەى دەڵێت، من ئیرادەی بەڕێز ئەردۆغان، بانگەوازەکەی بەڕێز باخچەلی، هاوکاریی بەڕێز ئۆزەل و هەوڵەکانی هەموو کەسایەتی و دامەزراوە سیاسی، کۆمەڵایەتی و مەدەنییەکانی تر کە ساڵی ڕابردوو بە شێوەیەکی ئەرێنی بەشدارییان لە پڕۆسەکەدا کرد، بە زۆر گرنگ دەبینم. 

دەقی پەیامەکەی ئۆجەلان:

بانگەوازەکەمان لە ٢٧ی شوباتی ٢٠٢٥دا، گوزارشتە لەوەی لەو شوێنەی سیاسەتی دیمۆکراتیک جێگیر دەبێت، چەک واتای خۆی لەدەست دەدات؛ هەروەها ڕاگەیاندنێکی ئاشکرایە بۆ هەڵبژاردنی ڕێگەی سیاسی و تەواوکردنی بنەماکان. ئێمە بە ئیرادە و پراکتیکی یەک لایەنە، بە شێوەیەکی بنەڕەتی قۆناغی ڕاپەڕینی نەرێنیمان تێپەڕاند. پڕۆسەی ڕابردوو لێهاتوویی و هێزی ئێمەی بۆ دانوستان دووپات کردەوە و دەتوانین ڕێگە بۆ وەرچەرخان لە سیاسەتی توندوتیژی و پارچەپارچەکردنەوە بەرەو سیاسەتی دیمۆکراتیک و یەکگرتن (ئینتیگراسیۆن) بکەینەوە. بانگەواز، کۆنفرانس و کۆنگرەکانمان بۆ ئەم مەبەستە بوون. بڕیارەکانی ڕێکخراو بۆ هەڵوەشاندنەوە و کۆتاییهێنان بە ستراتیژیی تێکۆشانی چەکداری، تەنها ڕەتکردنەوەیەکی فەرمی و پراکتیکیی توندوتیژی نەبوو، بەڵکو لە هەمان کاتدا نیشاندەری وەرچەرخانێکی دەروونی بوو بەرەو ڕێگەیەکی سیاسی. ئەمە هاوکات ڕاگەیاندنی پێکهاتنێکی دەروونی بوو لەگەڵ کۆماردا.

من ئیرادەی بەڕێز ئەردۆغان، بانگەوازەکەی بەڕێز باخچەلی، هاوکاریی بەڕێز ئۆزەل و هەوڵەکانی هەموو کەسایەتی و دامەزراوە سیاسی، کۆمەڵایەتی و مەدەنییەکانی تر کە ساڵی ڕابردوو بە شێوەیەکی ئەرێنی بەشدارییان لە پڕۆسەکەدا کرد، بە زۆر گرنگ دەبینم. بە تایبەتیش جارێکی تر یادی هەڤاڵمان "سرری سورەییا" بە ڕێز و حەسرەتێکی گەورەوە دەکەمەوە.

تورک بێ کورد و کوردیش بێ تورک نابن. ئەم دیالەکتیکی پەیوەندییە خاوەن کارەکتەرێکی مێژوویی ڕەسەنە. نووسینە بنەڕەتییەکان لە پڕۆسەی دامەزراندنی کۆماردا، یەکێتیی تورک و کوردیان نیشان دەدا. بانگەوازەکەمان لە 27ى شوباتدا هەوڵێکە بۆ زیندووکردنەوەی ئەو ڕۆحی یەکێتییە و داواکارییەکە بۆ کۆمارێکی دیمۆکراتیک. مەبەستمان بوو میکانیزمی خوێن و ململانێ بشکێنین. لەبری بینینی مێژووی بوون، جیدییەت و مەترسییە شاراوەکانی کێشەکە، ئەگەر بەپێی بەرژەوەندیی سیاسیی کاتی و تەسک بجوڵێینەوە، ئەوا هەموومان لاواز دەبین. هەوڵدان بۆ بەردەوامبوونی ئینکار و ڕاپەڕین، هەوڵدانە بۆ بەردەوامبوونی گەورەترین ناڕێکی. ئێمە ئەو کۆسپانەی بەردەم یەکێتی لادەبەین کە لە دوو سەد ساڵی ڕابردوودا دەویسترا ئەم یەکێتییە بشێوێنرێت؛ ئێمە مەرجەکانی یاسای یەکێتی جێبەجێ دەکەین. دەمانەوێت گفتوگۆ بکەین لەسەر ئەوەی چۆن بگەینە لای یەک و ژیانی پێکەوەیی بنیاد بنێین.

ئێستا دەبێت لە قۆناغی نەرێنییەوە بەرەو قۆناغی ئەرێنیی بنیادنان هەنگاو بنێین. ڕێگە بۆ سەردەم و ستراتیژێکی نوێی سیاسەت دەکرێتەوە. ئامانجمان ئەوەیە سەردەمی سیاسەتی توندوتیژی کۆتایی پێ بهێنین و پڕۆسەیەک لەسەر بنەمای کۆمەڵگەی دیمۆکراتیک و سەروەریی یاسا بکەینەوە. داوا لە هەموو توێژەکانی کۆمەڵگە دەکەین لەم بوارەدا دەرفەت بخوڵقێنن و بەرپرسیارێتی بگرنە ئەستۆ.

کۆمەڵگەی دیمۆکراتیک، پێکهاتنی دیمۆکراتیک و یەکگرتن، بنەماکانی هۆشیاریی قۆناغی ئەرێنین. قۆناغی ئەرێنی شێوازەکانی تێکۆشانی زۆرەملێ و توندوتیژی وەلا دەنێت. ئامانجی بنیادنانی ئەرێنی دەستبەسەرداگرتنی هیچ دامەزراوە یان پێکهاتەیەک نییە، بەڵکو ئامانج ئەوەیە هەر تاکێکی کۆمەڵگە بتوانێت بەرپرسیارێتی هەڵبگرێت و بەشداری لە بنیادنانی کۆمەڵایەتیدا بکات. ئامانج ئەوەیە بنیادنانەکە بە یەکەوە و لە ناو کۆمەڵگەدا بێت. گروپە چەوساوەکان، گروپە نەتەوەیی، ئایینی و کولتوورییەکان دەتوانن لە ڕێگەی تێکۆشانی دیمۆکراتیکی بەردەوام و ڕێکخراوەوە، خاوەندارێتی لە دەستکەوتەکانیان بکەن. لەم پڕۆسەیەدا زۆر گرنگە کە دەوڵەت وەڵامی وەرچەرخانی دیمۆکراتیک بداتەوە.

یەکگرتنی دیمۆکراتیک بە لایەنی کەمەوە بەقەد سەرەتای دامەزراندنی کۆمار گرنگە. ئەوە بانگەوازێکە کە بەقەد ئەو سەردەمە واتا و پاشەڕۆژ و دەوڵەمەندی لەخۆ دەگرێت. لە بنەڕەتەکەیدا مۆدێلی کۆمەڵگەی دیمۆکراتیک هەیە. ئەوە جێگرەوەیەکە بۆ شێوازە پارچەکەرەکان یان شێوازە ئاسیمیلاسیۆنیستەکان (تواندنەوە). بۆ گواستنەوە بەرەو یەکگرتنی دیمۆکراتیک، پێویستیمان بە یاساکانی ئاشتی هەیە. چارەسەری کۆمەڵگەی دیمۆکراتیک، بنیادنانی تەلارسازی و یاسایەک لە چوارچێوەی سیاسی، کۆمەڵایەتی، ئابووری و کولتووریدا پێشبینی دەکات.

زۆرێک لەو کێشە و قەیرانانەی ئەمڕۆ ڕووبەڕوویان دەبینەوە، بەهۆی نەبوونی یاسایەکی دیمۆکراتیکەوە دروست بوون. ئێمە لە چوارچێوەی سیاسەتی دیمۆکراتیکدا بەرگری لە چارەسەرێکی یاسایی دەکەین. پێویستیمان بە تێڕوانینێکە کە فەزا بۆ کۆمەڵگەی دیمۆکراتیک و بۆ دیمۆکراسی بکاتەوە و بۆ ئەمەش گەرەنتیی یاسایی بەهێز بنیاد بنێت.

هاووڵاتیبوون دەبێت لەسەر بنەمای پەیوەستبوون بە دەوڵەتەوە بێت، نەک لەسەر بنەمای ئینتیما بۆ نەتەوەیەک. ئێمە بەرگری لە هاووڵاتیبوونێکی ئازاد دەکەین کە سەکردایەتیی ئازادیی ئایین، نەتەوە و بیروڕا بکات. وەک چۆن ئایین و زمان ناسەپێنرێن، نابێت نەتەوەبوونیش بسەپێنرێت. پەیوەندیی هاووڵاتیبوونی یاسایی، لە ناو سنوورە دیمۆکراتیکەکان و لەسەر بنەمای یەکپارچەیی دەوڵەت، مافی دەربڕین و ڕێکخستنی ئازادانەی ناسنامەی ئایینی، ئایدیۆلۆژی و نەتەوەیی لەخۆ دەگرێت.

ئەمڕۆ، هیچ سیستمێکی بیرکردنەوە بەبێ بنیادنان لەسەر دیمۆکراسی ناتوانێت بژی. وەستان و چەقبەستوویی، ئاڵۆزی و قەیرانەکان کاتین؛ لە کۆتاییدا دیمۆکراسی دەبێتە هەمیشەیی. بانگەوازەکەمان ئامانجی ئەوەیە نەک تەنها لە تورکیا، بەڵکو لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستیشدا، چارەسەر بۆ کێشەی ژیانی پێکەوەیی و ئەو قەیرانانە بدۆزێتەوە کە لێیەوە دەبن. ئێمە بەرگری لە مافی بوون و دەربڕینی ئازادانەی هەموو ئەو کەسانە دەکەین کە ڕووبەڕووی نادادپەروەری بوونەتەوە.

ژن هێزێکی کۆمەڵایەتیی پێشەنگە کە هیچ کۆمەڵگە یان دەوڵەتێک بەبێ لەبەرچاوگرتنی ئەوان ناتوانێت بەردەوام بێت. ئەمڕۆ، توندوتیژیی ناوخێزانی، کوشتنی ژنان و چەوسانەوەی باوکسالاری، هەموویان نیشانە هاوچەرخەکانی ئەو هێرشە مێژووییەن کە بە کۆیلەکردنی ژنان دەستی پێ کردووە. لەبەر ئەوە، ژنان ئازادیخوازترین پێکهاتە و هێزی بەهێزکردنی یەکگرتنی دیمۆکراتیکن.

زمانی ئەم سەردەمە نابێت باڵادەست و ئۆتۆریتەر بێت. دەبێت دەرفەت بدەین بە هەر کەسێکی تر کە بتوانێت بە شێوەیەکی ڕاست گوزارشت لە خۆی بکات، بە وردی گوێ بگرێت و ڕاستییەکانی خۆی دەرببڕێت. بۆ جێبەجێکردنی هەموو ئەم خاڵانە، پێویستیمان بە عەقڵێکی هاوبەشی پێشکەوتوو هەیە کە لەسەر بنەمای ڕێزی دوولایەنە بێت.

سڵاو و ڕێز

بابەتی پەیوەندی دار

0 لێدوانەکان

نەزەری خۆتان بنووسن

ئیمەیلەکەتان بە هیچ شێوەیێک بڵاو نابێتەوە. هەموو فیڵدە ئەستێرە دارەکان ئیجبارین