تێکهەڵچوونێکی چەکداری لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان هاتە ئاراوە و ٦ کەس کوژران کوردستانی

نوچه‌نێت

لە ئاکامی تێکهەڵچوونێێکی چەکداری لە سنوورەکانی شاری سەڵماس، لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان، کە لەنێوان هێزەکانی سوپای پاسداران و هێزێکی کوردی هاتە ئاراوە لانیکەم سێ ئەندامی سوپای پاسداران کوژران.

ئێوارەی ڕۆژی سێشەممە ١١ی ئایاری ٢٠٢١، ماڵپەڕی "ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو" بڵاوی کردەوە، نیوەڕۆی ڕۆژی سێشەممە، لە سنوورەکانی شاری سەڵماس سەربە پاریزگای ورمێ لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان، تێکهەڵچوونێکی چەکداری لەنێوان هێزێکی سوپای پاسداران و حزبێکی کوردستانی هاتووەتە ئاراوە و لە ئەنجامی شەڕەکەدا لانیکەم سێ ئەندامی سوپای پاسداران کوژراون. هەروەها سێ ئەندامی لایەنی دیکەی تێکهەڵچوونەکەش کە گرووپێکی چوار کەسی بوون گیانیان لە دەست داوە و چارەنووسی یەکێکیشان نادیارە.

بەگوێرەی ڕاپۆرتەکەی هەنگاو ئەو تێکهەڵچوونە لە دۆڵی “ئەغلبووب”ی سەڵماس هاتووەتە ئاراوە.

هەتا ئێستا ناسنامەی دوو کەس لە ئەندامانی سوپا کە کوژراون و خەڵکی شاری سەڵماس بوون بە ناوەکانی “تەوحید مورادی” و “ مێهدی خەلیلی” ئاشکرا بووە.دوابەدوای تێکهەڵچوونەکە. تۆپخانەکانی سوپای پاسداران بە خەستی  دۆڵی “ئەغلبووب”یان تۆپباران کردووە.

بنکەی حەمزەی سوپای پاسداران لە ورمێ ڕاگەیەندراوێکی بڵاو کردووەتەوە و بە بێ ئەوەی ئاماژە بە شوێنی شەڕەکە بدا کوژرانی دوو ئەندامی سوپای پشتڕاست کردووەتەوە. لە بەشێکی بەیاننامەکەدا هاتووە کە هەموو ئەندامانی لایەنی دیکەی شەڕەکە کە گرووپێکی  حه‌وت کەسی بوون کوژراون. بەڵام بەگوێرەی ڕاپۆرتەکەی هەنگاو لایەنی تری شەڕەکە گرووپێکی چوار کەسی بوون کە سێ کەسیان کوژراون.

تا ئێستا هیچ یەک لە حزبەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان بەرپرسیارێتی ئەو شەڕەیان بە ئەستۆ نەگرتووە. پێشتریش چەندین جار لەنێوان پێشمەرگەکانی حزبەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان و هێزەکانی سوپای پاسداران پێکدادان ڕووی داوە. لە دوایین نموونەدا، ڕۆژی پێنجشەممە ٢٢ی نیسانی ٢٠٢١، لە بەرزاییەکانی گوندی “چناره”ی مەریوان تێکهەڵچوونێکی چەکدارانە لەنێوان هێزەکانی سوپای پاسداران و هێزێکی کوردستانی هاتە ئاراوە. بنکەی حەمزەی سوپای پاسداران ڕاگەیێندراوێکی بڵاو کردەوە و پشتڕاستی کردەوە کە لەو شەڕەدا دوو ئەندامی سوپا کوژراون.

 

 


 

 

بابەتی پەیوەندی دار

0 لێدوانەکان

نەزەری خۆتان بنووسن

ئیمەیلەکەتان بە هیچ شێوەیێک بڵاو نابێتەوە. هەموو فیڵدە ئەستێرە دارەکان ئیجبارین