ماڵپەڕى ئەکسیۆس: ئێران و ئەمەریکا لە رێککەوتن نزیک دەبنەوە عێراق ناوچەکە و جیهان

نوچەنێت

ماڵپەڕێکى ئەمەریکى بڵاوى کردەوە، هەریەک لە قەتەر و پاکستان سەرقاڵى دواین ئامادەکاریین بۆ واژۆکردنى یاداشتى لێتێگەیشتنى نێوان ئێران و ئەمەریکا، کە بەگوێرەى ئەو یاداشتە گەرووى هورمز دەکرێتەوە، ئاگربەست بۆ ماوەى (60) رۆژ درێژدەکرێتەوە، واشنتن سزاکانى لەسەر تاران سووک دەکات.

ئەمڕۆ هەینى (2026/6/12) ماڵپەڕى (ئاڕتى) بڵاوى کردەوە، پێکەى ئەکسیۆسى ئەمەریکى ناوەڕۆکى لێتێگەیشتنى ئەمەریکا و ئێرانى ئاشکرا کردووە، کە بەم جۆریە، بۆ ماوەى (60) رۆژ ئاگربەست درێژ دەکرێتەوە، لەو ماوەیە گفتوگۆ لەسەر پڕۆگرامە ئەتۆمیەکەى ئێران دەست پێدەکاتەوە، لە بەشێکى دیکەى یاداشتەکە چوارچێوەیەکى بۆ چارەسەرکردنى یۆرانیۆمە پیتێندراوەکانى ئێران تێدایە، هەر رێککەوتنێکیش سەبارەت بە پڕۆگرامە ئەتۆمییەکەى ئێران پشت بە رێککەوتنى دووەم دەبەستبێت کە وردەکاریى زیاترى تێدایە.

دیپلۆماتکارێکى وڵاتێکى نێوەنگیر، کە ناوەکەى ئاشکرا نەکراوە، رایگەیاندووە، لە دەقى یاداشتەکە هاتووە، ئێران و ئەمەریکا لەسەر ئەو "دەقەى رێککەوتن" هاوڕان، بەڵام دەشڵێت، ئەو رێککەوتنە تاوەکو ئێستا پێویستى بە رەزامەندیى کۆتایی هەیە.

بەگوتەى سەرچاوەکان دواى چەندین کاتژمێر گفتوگۆ لە نێوان عەلى زەوادى، وەزیرى دەرەوەى قەتەر و عەباس عێراقچى، گەیشتوونەتە رێککەوتن، لەو ماوەیە زەوادى چەندین جار بە تەلەفۆن گفتوگۆى لەگەڵ ستیڤ ویتکۆڤ، جارید کۆشنەر، نێردەکانى ترەمپ بۆ کاروبارى رۆژهەڵات کردووە.

بەگوێرەى ئەو یاداشتە ئێران پابەنددەبێت بە بەڵێنە دیاریکراوەکانى سەبارەت بە پڕۆگرامە ئەتۆمیەکەیى و بەدەستنەهێنانى چەکى ئەتۆمى و چارەسەرکردنى قەیرانى یۆرانیۆمى پیتێندراو.

بەرپرسێکى باڵاى ئەمەریکاش دەڵێت، ترەمپ لەسەر یەکێک لە بژاردەکانى چارەسەرکردنى ئەو پرسە رازى بووە، کە دابەزاندنى رێژەى بەرزى یۆرانیۆمى پیتێندراوە، ئەو پڕۆسەیەش لەناو خاکى ئێران لەژێر سەرپەرشتى نەتەوە یەکگرتووەکان بەڕێوەدەچێت.

لە یاداشتەکە هاتووە، گەرووى هورمز بەبێ وەرگرتنى باج بکرێتەو، جووڵەى هاتووچۆ بگەڕێتەوە بۆ پێش جەنگ، لە بەرانبەردا گەمارۆى ئەمەریکى لەسەر ئێران سوک دەکرێت، ئەگەر ئێران پابەند بێت، سوککردنى سزاکان زیاتر دەبێت.

ئەو رێککەوتنە بە نێوەندگیرى قەتەر و پاکستان پێکەوە بەڕێوە دەچێت، ئەگەر لایەنى ناکۆک رازمەندى لەسەر نیشان بدەن، ناوى دەندرێت،"رێککەوتنى ئیسلام ئاباد"

دیپلۆماتکارێکى یەکێک لە وڵاتانى نێوەنگیر جەخت لەسەر ئەوە دەکاتەوە، لایەنەکان سەرقاڵى دواین ئامادەکاریى و دیاریکردنى وادەى واژۆکردنى رێککەوتنەکەن.

بابەتی پەیوەندی دار

0 لێدوانەکان

نەزەری خۆتان بنووسن

ئیمەیلەکەتان بە هیچ شێوەیێک بڵاو نابێتەوە. هەموو فیڵدە ئەستێرە دارەکان ئیجبارین