نێردەى ترەمپ لەگەڵ سەرۆک وەزیرانى عێراق کۆبووەوە عێراق ناوچەکە و جیهان

نوچەنێت

نووسینگەى سەرۆک وەزیرانى عێراق بڵاوى کردەوە، سەرۆک وەزیران و نێردەى تایبەتى سەرۆکى ئەمەریکا لە بەغدا کۆبوونەوە، گفتوگۆیان لەسەر پەیوەندییە ئابووریى و سیاسییەکانى نێوانیان کرد، لە تەوەرێکى گفتوگۆکان هەردوولا هاوڕابوون لەسەر داماڵینى چەک لە گرووپە چەکدارەکان.

ئەمڕۆ سێشەممە (2026/6/16) نووسينەگەى عەلى فالح زەیدى بڵاوى کردەوە، سەرۆک وەزیرانى عێراق لەگەڵ تۆم باراک، نێردەى تایبەتى ترەمپ بۆ کاروبارى عێراق و سووریا کۆبووەوە، لەو کۆبوونەوە باراک جەختى لەسەر بابەتى بە هاوبەشى لەگەڵ حکومەتى عێراق بە سەرۆکایەتى عەلى زەیدى کردەوە. 

لە بەشێکى دیکەى راگەیێندراوەکە هاتووە، لەسەر بنەماى بەرژەوەندى دوولایەنە، کە ئەو حکومەتى تواناى چەسپاندنى خواستى عێراقییەکانى بۆ داهاتووێکى خاوەن سەروەریى و ئاسایش و بووژاندنەوەى زیاتر هەبێت، واشنتن پابەندە بە هاوبەشى ئەمەریکا و عێراقێکى بەهێز.

لە راگەیێندراوەکە هاتووە، تۆم باراک پەیامى بانگهێشتکردنى ترەمپ بە سەرۆک وەزیران داوە، کە لە ناوەڕاستى مانگى تەمووزى ئەمساڵ لە کۆشکى سپى پێشوازیى لێ دەکات، بۆ گفتوگۆ لەسەر پەیوەندییەکانى نێوان هەردوولا.

لە بەشێکى دیکەى راگەیێندراوەکە هاتووە، هەردوولا گفتوگۆیان لەسەر دیدى هاوبەش و خواستى حکومەتى عێراق بۆ داهاتووێکى گەشتر و بێ تیرۆر کرد، هەروەک گفتوگۆیان لەسەر پلانى جێبەجێکردنى داماڵینى چەک و هەڵوەشاندنەوەى گرووپە چەکدارەکانى دەرەوەى دەسەڵاتى حکومەتى عێراق کردووە، کە چەک تەنیا بە دەستى دەوڵەتەوە بێت.

هەر لە چوارچێوەى ئەو گفتوگۆیانە باسیان لە دەسەڵاتى تەواوى حکومەت کرد، کە بە جۆرێک عێراق لە ململانێکان دووربخاتەوە و رێگە نەدات هیچ لایەنێک خاکەکەى بۆ هەڕەشە لە ئاسایشى هەرێمى بەکار بهێنێت.

سه‌رۆك وەزیرانى عێراق، پابه‌ندبونی بەغداى به‌ قوڵكردنه‌وه‌ی په‌یوه‌ندیی‌ بازرگانی و وه‌به‌رهێنانى نێوان هه‌ردو وڵات دوپاتكرده‌وه‌، تۆم باراك پێشوازی لەو هەنگاوەى عێراق كرد، هەروەک هه‌روه‌ها هه‌ردولا ستایشی بڕیاره‌كه‌ی عێراقیان كرد بۆ ته‌واوكردنی پێدانی مۆڵه‌تی كارپێكردن به‌ كۆمپانیای ستارلینك، بۆ دابینكردنی ئینته‌رنێتی ئاست به‌رزی جیهانی بۆ به‌كارهێنه‌رانی عێراقی و ده‌ستپێكردنی دانوستان له‌گه‌ڵ كۆمپانیای شیڤرۆن بۆ په‌ره‌پێدانی هه‌ردوو كێڵگه‌ی نه‌وتی ڕۆژئاوای قورنه‌-2 و ناسریه‌، بە جۆرێک كه‌ سودی هاوبه‌شی بۆ هه‌ردولا هەبێت و بەهێزکردنى كۆمپانیا ئه‌مریكییه‌كان ‏"HKN  وWestern Zagros  وHunt" بۆ ده‌ستپێكردنه‌وه‌ی كاره‌كانیان له‌گه‌ڵ دابینكردنی گه‌ره‌نتی ئه‌منی ته‌واو و هه‌نگاونان به‌ره‌و یاداشتنامه‌ی لێكتێگه‌یشتن له‌گه‌ڵ كۆمپانیای “TI Capital" بۆ بیاندناوەى بۆری كه‌ركوك - بانیاس وه‌ك ڕێڕه‌وێكی گرنگی هه‌نارده‌كردنی نه‌وت.

لە راگەیێندراوەکە هاتووە، عەلى زەیدى و تۆم باراک جەختیان لەسەر پابه‌ندی هاوبه‌شی خۆیان کردەوە بۆ فراوانكردنی هەماهەنگى بازرگانی له‌ نێوان ئەمەریکا و عێراق بۆ پاڵپشتیكردنی پێداویستییه‌كانی كاره‌بای عێراق، له‌وانه‌ پرۆژه‌ی كۆمپانیای “Excelerate Energy” بۆ په‌ره‌پێدانی ڕێوشوێنی هاورده‌كردنی غازی سروشتی شل “LNG"ی له‌ خور زوبه‌یر.

لە راگەیێندراوەکە هاتووە، هەردوولا جەختیان لەسەر گرنگى پاڵپشتى عێراقێکى فیدراڵى دیموکراتى خاوەن سەروەرى کردەوە، کە پشت بە دامەزراوە دەستوورییەکان دەبەستێت و گرەنتى یەکسانى تەواو بۆ هەموو هاوڵاتیان دەستەبەر دەکات و یەکێتى و سەقامگیرى و خۆشگوزەرانى عێراق بەهێز دەکات.

بابەتی پەیوەندی دار

0 لێدوانەکان

نەزەری خۆتان بنووسن

ئیمەیلەکەتان بە هیچ شێوەیێک بڵاو نابێتەوە. هەموو فیڵدە ئەستێرە دارەکان ئیجبارین