عێراق ناوچەکە و جیهان

نوچه‌نێت

محه‌مه‌د خالیدى سه‌رۆكى فراكسیۆنى به‌یارق خه‌یر له‌ په‌رله‌مانى عێراق ئاشكراى ده‌كات، هه‌ندێك لایه‌نى سیاسى بڕى ملیارێك دینار به‌ هه‌ر كاندیدێك ده‌ده‌ن بۆئه‌وه‌ى هه‌ڵمه‌تى هه‌ڵبژاردن بكه‌ن. داوایش له‌ كۆمیسیۆنى باڵاى هه‌ڵبژاردنه‌كان ده‌كات لێكۆڵینه‌وه‌ له‌ سه‌رچاوه‌ى پاره‌ى كاندیده‌كان بكات.

محه‌مه‌د خالیدى سه‌رۆكى فراكسیۆنى به‌یارق خه‌یر له‌ په‌رله‌مانى عێراق، شه‌وى رابردوو 16ى ئایار لێدوانێكى بۆ ماڵپه‌ڕى شه‌فه‌ق نیوز داوه‌ و ئاشكراى كردووه‌ هه‌ندێك له‌لایه‌نه‌كان پاره‌یه‌كى زۆر به‌ كاندیده‌كانیان ده‌ده‌ن.

خالیدى ده‌ڵێ، "حزبه‌ سیاسییه‌كانى ده‌سه‌ڵات هه‌ژموونى خۆیان و سامانى سیاسى بۆ هه‌ڵمه‌تى هه‌ڵبژاردن به‌كارده‌هێنن، ته‌نانه‌ت هه‌ندێك له‌ حزبه‌كان بڕى ملیارێك دینار به‌ كاندیده‌كانى ده‌ده‌ن بۆئه‌وه‌ى له‌ هه‌ڵمه‌تى هه‌ڵبژاردن به‌كارى بهێنن".

به‌گوێره‌ى ئه‌و زانیارییانه‌ى ئه‌و په‌رله‌مانتاره‌ ئاشكرایان ده‌كات، هه‌ندێك له‌ كاندیده‌كان ده‌ستیان به‌ پرۆژه‌ى بچووكى وه‌ك گه‌یاندنى ئاووئاوه‌ڕۆ و قیڕتاوكردنى شه‌قامه‌كان له‌ گونده‌كان كردووه‌، كه‌ هه‌ر یه‌كێك له‌و پرۆژانه‌ خه‌رجییه‌كه‌ى ده‌گاته‌ ملیارێك دینار".

ئه‌و په‌رله‌مانتاره‌ دووپاتى ده‌كاته‌وه‌ ئه‌ركى كۆمسیۆنى باڵاى هه‌ڵبژاردنه‌كان به‌دواداچوون بۆ سه‌رچاوه‌ى ئه‌و داهاته‌ بكات.

بڕیاره‌ له‌ مانگى ئۆكتۆبه‌رى داهاتوو هه‌ڵبژاردنى پێشوه‌خته‌ى په‌رله‌مانى عێراق به‌ڕێوه‌بچێت و به‌گوێره‌ى راپۆرته‌كه‌ له‌ ئێستاوه‌  لایه‌نه‌ سیاسییه‌كانى عێراق ده‌ستیان به‌ پروپاگه‌نده‌ى هه‌ڵبژاردن كردووه‌.
 

بابەتی پەیوەندی دار

0 لێدوانەکان

نەزەری خۆتان بنووسن

ئیمەیلەکەتان بە هیچ شێوەیێک بڵاو نابێتەوە. هەموو فیڵدە ئەستێرە دارەکان ئیجبارین