هەڵبژاردنەکانی ئێران.. قۆناغێکی نوێی ڕووبەڕووبوونەوە لەگەڵ ئەمریکا یان سەرسووڕهێنەرەیەکی تر؟  وەرگێڕان

نوچه‌نێت

ژمارەی ئەو کەسایەتییە ناسراوانە کە ناویان وەک کاندیدی هەڵبژاردنەکانی سەرۆک کۆماریی لە ئێران تۆمار کردووە ئێجگار زۆرە. بە وردبوونەوە لەسەر ئەو لیستە پێدەچێت ئەگەر شتێکی چاوەڕواننەکراو ڕوو نەدات ئیبراهیم ڕەئیسی، عەلی لاریجانی و ئیسحاق جەهانگیری لە بەراورد لەگەڵ کاندیدەکانی تر چانسی سەرکەوتنیان زیاتر بێت.

پێناچێت لاریجانی لە پێشبڕکێ لەگەڵ ئیبراهیم ڕەئیسیدا چانسێکی ئەوتۆی بۆ سەرکەوتن هەبێت

 

ڕۆژی یەکشەممە ١٦ی ئایاری ٢٠٢١، ئاژانسی هەواڵی "بی بی سی" ڕاپۆرتێکی بڵاو کردووەتەوە کە لە لایەن "شەهیر شەهید سالس"وە نووسراوە و تیایدا هاتووە: پێدەچێت و لە هەڵوێستەکانی میدیاکانی سەر بە محافیزەکارانی وڵاتی ئێراندا دیارە  کە ئیبراهیم ڕەئیسی کاندیدی سەرەکی ئەوانە. زۆربەی محافیزەکاران دەڵێن بە لەبەرچاوگرتنی هەڵبژاردنەکانی ساڵی ٢٠١٧، ئیبراهیم ڕەئیسی دەنگی ١٦ ملیۆن هاووڵاتی ئێرانی لەگەڵە و بۆ ئەوە دەبێ سەرمایەگوزاری لەسەر بکرێت، وێرای ئەوەی کە ڕەئیسی لە ڕووی بیروبۆچوونی سیاسییەوە، ڕەنگە نزیکترین کاندید لە عەلی خامنەیی، ڕابەری کۆماری ئیسلامیی بێت. بۆیە محەمەد باقر قالیباف، سەرۆکی ئێستای پەرلەمانی ئێران بە مەبەستی ڕێگریکردن لە دابەشبوونی دەنگەکانی محافیزەکاران و لە بەرژوەندی ئیبراهیم ڕەئیسی لە هەڵبژاردنەکاندا بەشدار نەبوو.

عەلی لاریجانی لە کاتێکدا چووه‌تە مەیدانی هەڵبژاردنەکان کە پشتیوانی هەمەلایەنەی هیچ یەک لە دوو بەرەی محافیزەکار و ڕیفۆرمخوازی لەگەڵ نییە. ئەوە لە کاتێکدایە کە محافیزەکاران بە شێوەی کۆدەنگ پشتیوانی لە ڕەئیسی دەکەن. بە لەبەرچاوگرتنی ئەو ڕەوتەی لە سەردەمی سەرۆک کۆماریی حەسەن ڕۆحانیدا هاتە ئاراوە، بەرەی ڕیفۆرمخواز ئیتر نایەوێت پشتیوانی لە نوێنەرێک بکات کە ڕاستەوخۆ لە بەرەی خۆیاندا نییە و تەرکیز دەخەنە سەر کاندیدێکی تایبەت بە خۆیان.

ماوەیەک پێش ئێستا، "ئازەر مەنسووری" گوتەبێژی بەرەی ڕیفۆرمخوازانی ئێران ڕایگەیاند: "بە لەبەرچاوگرتنی ئەو ئەزموونەی لە سەردەمی ڕۆحانی تێمانپەڕاند بەرەی ڕیفۆرمخواز بیر لە کاندیدی خۆی دەکاتەوە بۆ ئەوەی بتوانێ کابینەی ڕیفۆرمخوازیشی هەبێت". سەعید شەریعەتی چالاکوانی ڕیفۆرمخواز لە لێدوانێکی ڕاشکاوانەتردا گوتویەتی: "دوورە ڕیفۆرمخوازان لەسەر پشتیوانیکردن لە عەلی لاریجانی بگەنە کۆدەنگی، چونکە دوو لە سێی ڕیفۆرمخوازان دژایەتی دەکەن... ئەگەر بەرەی ڕیفۆرمخواز لاریجانی وەک کاندیدی خۆیان بناسێنن ئیتر شتێک بە ناوی ڕیفۆرمخوازی نامێنێتەوە و لێکهەڵدەوەشێتەوە".

بەم چەشنە، پێناچێت لاریجانی لە پێشبڕکێ لەگەڵ ئیبراهیم ڕەئیسیدا چانسێکی ئەوتۆی بۆ سەرکەوتن هەبێت.

 

پێشبینى ده‌كرێت ئیسحاق جه‌هانگیرى ببێته‌ كاندیدى به‌ره‌ى ڕیفۆرمخوازان

 

 

ئەگەری زۆرە ئیسحاق جەهانگیری ببێتە کاندیدی بەرەی ڕیفۆرمخوازان. بەگوێرەی هەندێ هەواڵ، محەمەد خاتەمی و مەهدی کەرووبی پشتیوانی لە کاندیدبوونی جەهانگیری دەکەن. ئەگەر ئەوە ڕاست بێت و بە لەبەرچاوگرتنی ئەو نفوزەی بە تایبەت خاتەمی لە ناو ڕیفۆرمخوازاندا هەیەتی، دەنگەکانی جەهانگیری زیاتر دەبێت. بەڵام پرسیار ئەوەیە ئایا ئەوەندە قورستر دەبێت کە بەسەر دەنگەکانی ڕەئیسیدا زاڵ بێت؟ هەروەها ئایا ئەو کەسانەی ئێستا بڕیاریان داوە دەنگ بدەن پشتیوانی لە خاتەمی یان کەڕووبی دەکەن یان نا؟

جەهانگیری لە دیبەیتەکانی خۆی لە کاتی هەڵمەتەکانی هەڵبژاردنی ساڵی ٢٠١٧دا سەرکەوتوو بوو بەڵام لە کۆتاییدا کشایەوە و لەو هەڵبژاردنانەدا لایەنگری لە ڕۆحانی کرد. سەرەڕای ئەوە، ڕەنگە جەهانگیری بە هۆی ئەوەی کە لە کابینەی ڕۆحانیدا پۆستی جێگری یەکەمی سەرۆک کۆماریی وەرگرت، تا ڕادەیەک چانسی بۆ سەرۆک کۆماریی لە دەست دابێت. قورسترین گورز لە کاتی ڕاگەیاندنی دۆلاری ٤٢٠٠ تمەنیدا (ناسراو بە دۆلاری جەهانگیری) بەری کەوت، هەرچەندە خۆی گوتویەتی ئەوە بڕیاری ئەو نەبووە بەڵام لە کۆتاییدا بە ناوی ئەوەوە تەواو بوو. ڕۆحانی نەیتوانی بە "کلیل"ەکەی قوفڵی کێشەکانی وڵات بکاتەوە. بۆیە ئەگەری ئەوە هەیە بە لەبەرچاوگرتنی ئەو تێڕوانینە نەرێنییە کە دەربارەی سیاسەتەکانی ڕۆحانی لە ئارادایە، خەڵک بە دەنگنەدان بە جەهانگیری لە ڕاستیدا ناڕەزایەتی خۆیان بە کابینەی ڕۆحانی کە جەهانگیری پۆستی جێگری یەکەمی سەرۆک کۆماری تیایدا هەبوو، دەرببڕن.

بەم چەشنە، سەرکەوتنی ڕەئیسی لە هەڵبژاردنەکاندا، چاوەڕواننەکراو نییە. بەڵام، ئەو ئەنجامە دەتوانێ ببێتە هۆی دەستپێکردنی قۆناغێکی نوێی گرژیی و ناکۆکی لە نێوان کۆماری ئیسلامیی و ئەمریکا و پاشان ڕۆژئاوادا.

ساڵی ١٩٨٨، تەنیا چەند ڕۆژ پاش ئیمزاکردنی بڕیارنامەی ٥٩٨ لە لایەن حکومەتی ئێرانەوە و ڕاگەیاندنی ئاگربەست لە نێوان ئێران و عێراق، هێزەکانی ڕیکخراوی موجاهدینی خەلق بە ئەنجامدانی ئوپەراسیۆنێک بە ناوی "فروغ جاویدان" [بروسکەی بێپسانەوە] هێرشیان کردە سەر خاکی ئێران. ئوپەراسیۆنەکە تووشی شکست هات و دوای ئەوە ئایەتۆڵا خومەینی ڕابەری ئەوکاتی ئێران بە دەرکردنی فەرمانێک داوای لە بەرپرسانی دادگا و هێزە ئەمنییەکان کرد هەموو زیندانیانی باوەڕمەند بەو ڕێکخراوە لە سێدارە بدرێن.

دوای دەرکردنی ئەو فەرمانە، ژمارەیەکی زۆر لە زیندانیانی سەر بە گرووپە جیاوازەکان کە زۆربەیان ئەندامی ڕێکخراوی موجاهدینی خەلق بوون و ژمارەیەک لە زیندانیانی سەر بە گرووپە مارکسیستییەکان، لە سێدارە دران. لە کتێبی بیرەوەرییەکانی ئایەتۆڵا حسێن عەلی مونتەزریدا هاتووە کە دوای دەرکردنی ئەو فەرمانە، لە نێوان ٢٨٠٠ تا ٣٨٠٠ زیندانی لەسێدارە دران، هەڵبەت هەندێ لە دامەزراوەکانی مافی مرۆڤ، دەڵێن ژمارەی ئەو کەسانەی لە سێدارە دراون زۆر زیاترن.

لە ١٥ی ئابی هەمان ساڵدا، ئایەتۆڵا مۆنتەزری بە مەبەستی ڕێگریکردن لە بەردەوامی ئیعدامەکان لەگەڵ ئەو لیژنەیە کە ناوی "لیژنەی مەرگی"ی لێ نرابوو دیداری کرد. بەگوێرەی ئەو کاسێتە تۆمارکراوە کە ساڵی ٢٠١٦، ئەحمەد مۆنتەزری کۆڕی ئایەتۆڵا مۆنتەزری بڵاوی کردەوە، ئایەتۆڵا مۆنتەزری بە حسێن عەلی نیری (دادوەری شەرع)، مورتزا ئەشراقی (داواکاری گشتی تاران)، ئیبراهیم ڕەئیسی (جێگری داواکاری گشتیی) و مستەفا پورمحەمەدی (نوێنەری دەزگای هەواڵگری یان ئیتلاعات لە زیندانی ئەوین) دەڵێت: "بە بڕوای من گەورەترین تاوانێک کە لە کۆماری ئیسلامیدا لە سەرەتای شۆڕشەوە تا ئێستا ئەنجام دراوە، ئەوەیە کە ئێوە ئەنجامتان داوە. لە داهاتوودا ئێوە وەک تاوانبارانی مێژوو ناوتان دەهێنرێت".

حەسەن ڕۆحانی لە میانەی هەڵبژاردنەکانی ساڵی ٢٠١٧دا کە لەگەڵ ڕەئیسی پێشبڕکێی دەکرد، بۆ هاندانی خەڵک و ڕاکێشانی دەنگیان گوتی: "گەلی ئێران ڕایدەگەیێنن ئەوانەیان ناوێت کە لە ماوەی ٣٨ ساڵدا تەنیا لەسێدارەدان و زیندانکردنیان دەزانی".  
لە تەشرینی دووەمی ٢٠١٩دا، دوای دەرکردنی فەرمانی ١٣٨٧٦ لە لایەن دۆناڵد ترەمپەوە، ڕەئیسی بە هۆی بەشداربوون لە "لیژنەی مەرگ" و بە هۆی ئەوەی کەسایەتیێکی نزیک لە خامنەییە و هەروەها بە هۆی بەشداربوونی لە پێشێلکردنی مافەکانی مرۆڤ لە ئێراندا، کەوتە لیستی گەمارۆکانی ئەمریکا.

ئه‌گه‌ر ڕه‌ئیسى ده‌ربچێت ناچار ده‌بێت سیاسه‌تى له‌ به‌رانبه‌ر ئه‌مریكا توند بێت
 

ئەگەر ڕەئیسی لە هەڵبژاردنەکانی داهاتوودا وەک هەشتەمین سەرۆک کۆماری ئێران هەڵبژێردرێت، بە مەبەستی پاراستنی پێگەی خۆی، بە تایبەت بۆ ڕازیکردنی تاقمی دەسەڵاتداری ناو سوپای پاسداران، و وەک یەکەمین سەرۆک کۆماریی هاوبیر و هاو ئاراستە لەگەڵ خامنەیی دوای ٣٢ ساڵ، چارەیەکی نییە جگە لەوەی سیاسەتێکی توند لەبەرانبەر ئەمریکادا بگرێتە بەر. لەوپەڕی دیوارەکەوە، بە لەبەرچاوگرتنی ئەوەی ڕەئیسی لە لیستی گەمارۆکانی ئەمریکادایە، بە تایبەت لەبەر پێشێلکردنی مافەکانی مرۆڤ و ئامادەبوون لە لێژنەی مەرگدا، نەک هەر ڕەنگە لە ئەمریکا بەڵکو لە ئەوروپایشدا بینەری هەندێ جووڵە لە دژی کۆماری ئیسلامی بین.

لە ئەمریکادا، لە لایەنگرانی ئیسرائیلەوە بگرە تا نەیارانی زیندووکردنەوەی ڕێککەوتنی ئەتۆمی لە هاتنەسەر دەسەڵاتی کەسێکی وەک ئیبراهیم ڕەئیسی ئەوپەڕی سوود وەردەگرن بۆ گوشارخستنە سەر دەسەڵاتی ئێران. تەنانەت ئەگەر ئەو گفتوگۆیانەی کە ئێستا بە مەبەستی زیندووکردنەوەی ڕێککەوتنی ئەتۆمی لە ئارادان تا پێش هەڵبژاردنەکان بە سەرکەوتوویی تەواو بگەنە ئەنجام، هەڵبژاردنی ڕەئیسی دەتوانێت ببێتە دەستپێکی قۆناغێکی نوێی گرژیی و ناکۆکی نێوان ئێران و ئەمریکا. لە بنەڕەتدا ڕێککەوتنی ئەتۆمی ڕێککەوتنێکی نابەردەوامە و دەسەڵاتگرتنی ڕەئیسی و زاڵبوونی باڵی تۆندڕۆی محافیزەکار بەسەر هەر سێ دەسەڵاتی ئێران [دەسەڵاتی دادوەری، پەرلەمان و کابینە] بۆ یەکەمجار لە سەردەمی ڕابەرایەتی خامنەییدا، دەبێتە هۆی ئەوەی ئەو ڕێککەوتنە لەرزۆکتر بێت.

بۆیە ئەگەری ئەوە لە ئارادایە ئێران بچێتە ناو قۆناغێکی نوێی کێشە ئابوورییەکان و لە کۆتاییدا شکستهێنانی ڕەئیسی لە نۆژەندکردنەوەی دۆخی ئابووری ئەو وڵاتەی بەدواوە بێت. لەو حاڵەتەدا جیا لەو خەسارەی بەر گەلی ئێران و بە تایبەت چینی هەژار و کەم داهات دەکەوێت، شکستی ڕەئیسی، پێگەکەیشی وەک یەکێک لە کاندیداکانی بەدەستهێنانی پۆستی ڕابەرایەتی لە ئێران دوای خامنەیی لاواز دەکات. بە لەبەرچاوگرتنی ئەوەی کە ڕەئیسی گوتویەتی "کەڵکەڵەی جدی ئەو... بژێوی و گوزەرانی خەڵک و دۆخی ئابووری کۆمەڵگەیە"، دەبێ چاوەڕوان بین بزانین چۆن دەیەوێت لە لایەکەوە دەرگیری لەگەڵ سوپا بگەیێنێتە ئاستێک کە سوپای پاسداران و لایەنگرەکانی [کە زۆربەیان ڕەخنە لە حکومەتی ڕۆحانی دەگرن] داوای دەکەن و لە لایەکی تریشەوە دۆخی ئابووری و بژێوی خەڵک بگەیێنێتە ئاستێکی خوازراو.

سەرەڕای هەموو ئەوانە، لەبیرمان نەچێت کە لە کاتی هەڵبژاردنەکانی ٢٣ی ئایاری ١٩٩٧، زۆربەی هەرە زۆری شرۆڤەکارانی ناوخۆ و دەرەوەی ئێران پێیان وابوو "ناتق نووری" کە پشتیوانی دەسەڵاتی لە پشتە سەردەکەوێت، بەڵام بە بەشداربوونی بەرفراوانی خەڵک، ئەنجامەکان بووە هۆی سەرکەوتنی چاوەڕواننەکراوی "محەمەد خاتەمی" ڕیفۆرمخواز. ئەوەش نەک هەر نەک هەر بووە هۆی سەرسووڕمانی خەڵکی ناوخۆی ئێران بەڵکو بۆ حکومەت و شرۆڤەکارە بیانییەکان جێگای سەرسامی بوو. ئەو ڕووداوە جارێکی تر وەبیرمانی هێنایەوە کە لە ئاستی سیاسەتدا "هەرگیز نەڵێن هەرگیز".

 

 

 

 

 

بابەتی پەیوەندی دار

0 لێدوانەکان

نەزەری خۆتان بنووسن

ئیمەیلەکەتان بە هیچ شێوەیێک بڵاو نابێتەوە. هەموو فیڵدە ئەستێرە دارەکان ئیجبارین