رۆیته‌رز: ئێران گرووپى چه‌كدارى بچووكتر و ئێران

نوچه‌نێت

ئێران گۆڕانکارییەکی تاکتیکی لە عێراق دەست پێکردووە و لەناو ئەو گرووپە چەکدارانەی عێراق کە لە ژێر نفوز و کاریگەری خۆیدان، سەدان کەسی جێ متمانەی هەڵبژاردووە و جودای کردووەنەتەوە بۆ ئەوەی گرووپی بچووکتر و وەفادارتر بە خۆی لە ناو خاکی عێراق دامەزرێنێت.

ڕۆژی هەینی ٢١ی ئایاری ٢٠٢١، ئاژانسی هەواڵی "ڕۆیتەرز" بڵاوی کردەوە، چەندین گرووپی چەکدار لە عێراق و لەوانە کەتیبەکانی حزبوڵا، حەشدی شەعبی و عەسایبی ئەهلی حەق لە لایەن ئێرانەوە پاڵپشتی دەکرێن.

قاسم سلێمانی، فەرماندەی فەیلەق قودسی سوپای پاسداران، ئەرکی سەرپەرشتی و جێبەجێکردنی ئۆپەراسیونەکانی دەرەوەی سنوورەکانی ئێران و لەوانە بەهێزکردنی ئەو گرووپانەی لە ئەستۆ بوو. دوای کوژرانی قاسم سلێمانی، ئیسماعیل قائانی، یەکێکی تر لە فەرماندەکانی سوپای پاسداران، جێگای گرتەوە.

ڕۆیتەرز بە گەڕانەوە بۆ سەرچاوەکانی خۆی و لەوانە دوو بەرپرسی دەزگای ئاسایشی عێراق دەڵێت، جیاکردنەوە و هەڵبژاردنی کەسایەتییە وەفادارەکانی ناو گرووپە چەکدارەکان لە عێراق لە لایەن سوپای قودسەوە، سیاسەتێکە کە دوای تیرۆرکردنی قاسم سلێمانی بە مەبەستی کەمکردنەوەی ڕێژەی بەستراوەیی ئێران بە گرووپە چەکدارە گەورەکان لە عێراق گیراوەتە بەر.

ئیسماعیل قائانی چەند مانگ دوای ئەوەی بووە فەرماندەی سوپای قودس سەردانی بەغدای کرد و میدیاکانی عێراق هەواڵی دیداری ئەو فەرماندە لەگەڵ مستەفا کازمی سەرۆک وەزیرانی عێراقیان بڵاو کردەوە.

بەگوێرەی ڕۆیتەرز، ئەو گرووپانە، بە تایبەت بۆ قەرەبووکردنەوەی جێگای بەتاڵی کەسایەتییەکی کاریگەر وەک قاسم سلێمانی و ئاشنانەبوونی جێگرەوەکەی، واتە قائانی، لەگەڵ سیاسەتی ناوخۆیی عێراق دامەزراون.

بەرپرسانی دەزگای ئاسایشی عێراق بە ڕۆیتەرزیان گوتووە لە ساڵی ٢٠٢٠دا لانیکەم ٢٥٠ چەکداری شیعە ڕەوانەی لوبنان کراون و لەوێدا لەژێر چاودێری سوپای پاسداران و حزبوڵای لوبنان بە شێوەی پێویست بۆ بەکارهێنانی فڕۆکەی بێ فڕۆکەوان، هاوێشتنی ڕۆکێت و مووشەک، چاندنی بۆمب و پڕۆپاگەنده‌ی ئۆنلاین لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکاندا راهێنانیان كردووه‌.

هەبوونی هێزەکانی ئەمریکا لە عێراقدا و ڕۆڵی ئەو هێزانە لە کوژرانی قاسم سلێمانی، ناسراوترین فەرماندەی سەربازیی ئێران، بووەتە هۆی ئەوەی کۆماری ئیسلامیی لە ڕێگای گرووپە چەکدارە عێراقییەکانەوە، پێگەی خۆی لەو وڵاتەدا پتەو بکاتەوە.

بە گوتەی بەرپرسانی دەزگای ئاسایشی عێراق و چەند سەرچاوەیەک لە ڕۆژئاوا، ئەو گرووپە نوێیانە کە ئێران دایمەزراندوون، هەمان ئەو گرووپانەن کە لە ماوەی ڕابردوودا هێرشیان کردووەتە سەر هێزەکان لە بنکەی عەین ئەسەد، فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتی هەولێر و سعوودیە. ئەو هێرشانە قوربانیی ئەوتۆیان لێ نەکەوتووەتەوە بەڵام بە هۆی وردبوونی هێرشەکان و کەڵکوەرگرتن لە درۆن، سەرنجی بەرپرسانی سەربازیی ڕۆژائاوایان ڕاکێشاوە

جەنڕال کینیس مەکنزی فه‌رمانده‌ى فەرماندەیی ناوەندی ئەمریکا مانگی نیسان دوای هێرشەکانی بۆ سەر هەولێر گوتبووی ئێران بە سەرمایەگوزاری لەسەر درۆنەکان دەستکەوتی بەرچاوی هەبووە.  

یەکێک لە فەرماندەکانی گرووپە چەکدارەکانی سەر بە ئێران بە ڕۆیتەرزی گوتووە، پێدەچێت ئێران زۆر بە وریایی ئەندامانی ئەو گرووپە نوێیانەی هەلبژاردووە، بۆ ئەوەی بتوانن هێرش بکەن و بە نهێنی بمێننەوە، چونکە ئێمەش نازانین ئەوانە کێن.

بەرپرسێکی ده‌زگاى ئاسایشی عێراق گوتویەتی، "ئەو گرووپە نوێیانە ڕاستەوخۆ پەیوەندییان بە سوپای قودسەوە هەیە و بە هیچ جۆرێک لەژێر کاریگەری دەسەڵاتی عێراقدا نین".

یەکێک لە فەرماندەکانی گرووپە چەکدارەکانی لایەنگری ئێران لە عێراق، بە ئاژانسی هەواڵی ڕۆیتەرزی گوتووە ئێران لەو بڕوایەدایە کەسانێک لە ناو گرووپەکانی سەر بە خۆی لێ عێراق، شوێنی قاسم سلێمانییان ئاشکرا کردووە و یارمەتیی کوشتنیان داوە.

فەرماندەیەکی تر بە ڕۆیتەرزی گوتووە دیدار و پەیوەندییەکانی نێوان ئێمە و ئێرانییەکان کەم بوونەتەوە و ئیتر بانگهێشتمان ناکەن بۆ ئێران.

بەرپرسانی دەزگای ئاسایشی عێراق، بەرپرسێکی حکومەت و سێ فەرماندەی گرووپە چەکدارەکان گوتویانە ئێران چەند مانگ دوای کوژرانی قاسم سلێمانی، دەستی کردووە بە جیاکردنەوە و هەڵبژاردنی کەسایەتییە وەفادارەکان لە ناو گرووپە سەرەکییەکاندا.

بەرپرسێکی حکومەتی عێراق گوتویەتی ئیسماعیل قائانی هەوڵی دامەزراندنی چەند گرووپی بچووکتر دەدا کە هەر یەک لەو گرووپانە چەند سەد ئەندامیان هەبێت و تەنیا بە سوپای قودس وەفادار بن.

ڕۆیتەرز دەڵێت، پشتبەستن بە گرووپە چەکدارە بچووکە ڕاهاتووەکان لە ڕووی تاکتیکیشەوە لە سوودی ئێرانە. ئەو گرووپانە کەمتر دەکەونە ژێر کاریگەری لایەنەکانی تر و توانای ئەوەیان هەیە بە شێوەی کاریگەرتر و بە کەڵکوەرگرتن لە دوایین تەکنیک و تەکنۆلۆژیاکان کە ئێران ڕادەستیان دەکات هێرش بکەنە سەر ئامانجەکانی خۆیان لە عێراق.

ئاژانسی هەواڵی ڕۆیتەرز دەڵێت داوای لە بەرپرسانی ئێران و نوێنەرانی عێراق و بەرپرسانی سوپای ئەمریکا کردووە کە سەبارەت بەو هەواڵە ڕوونکردنەوە بدەن، بەڵام هیچ وەڵامێکیان بەو ئاژانسە نەداوەتەوە. وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا گوتویەتی ناتوانێ لەو بارەوە قسە بکات.


 

 

بابەتی پەیوەندی دار

0 لێدوانەکان

نەزەری خۆتان بنووسن

ئیمەیلەکەتان بە هیچ شێوەیێک بڵاو نابێتەوە. هەموو فیڵدە ئەستێرە دارەکان ئیجبارین