كەنەدا: ئێران بە ئەنقەست فڕۆکە ئۆکرانییەکەی خستووەتە خوارەوە ئێران

نوچه‌نێت

دادگای باڵای ئۆنتاریۆی کەنەدا ڕۆژی پێنجشەممە ٢٠ی ئایار، ڕایگەیاند هاوێشتنی مووشەک بۆ فڕۆکە ئۆکرانییەکە لە لایەن سوپای پاسدارانەوە، کردەوەیەکی بە ئەنقەست و تیرۆریستی بووە.

ڕۆژی پێنجشەممە ٢٠ی ئایاری ٢٠٢١، ئاژانسی هەواڵی "ڕادیۆ زەمانە" بڵاوی کردەوە، حامید ئیسماعیلیون، گوتەبێژی بنەماڵەی قوربانیانی فڕۆکە ئۆکرانییەکە ئەو هەواڵەی بڵاو کردووەتەوە و گوتویەتی دادوەر ئیدوارد بیلوبابا ئەو حوکمەی دەرکردووە.

بە گوتەی حامید ئیسماعیلیون، ئەو سکاڵایە لە لایەن چەند بنەماڵەوە کە کەسوکاریان لە ناو فڕۆکەکە ببوونە قوربانیی، لە دادگای ئونتاریۆ تۆمار کرابوو. بەپێێ ئەو حوکمە کۆماری ئیسلامیی، سوپای پاسداران، عەلی خامنەیی، محەمەد حسێن باقری، عەلی شەمخانی، حسێن سەلامی، عەبدولڕەحیم موسەوی و ئەمیر عەلی حاجی زادە ئەو کەسانەن کە لەو دۆسیه‌یه‌دا بە تاوانبار ناسراون.

بەڵام کۆماری ئیسلامیی ئەوەی ڕەت کردەوە و ڕایگەیاند کە ئەوە حوکمێکی سیاسییە. مەڵپەڕی کەناڵی "ئێران ئێنتەرنەشنال" بڵاوی کردەوە، سەعید خەتیب زادە، گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئێران، حوکمەکەی دادگای ئۆنتاریۆی بە حوکمێکی بێ بنەما و سیاسیی وەسف کرد.

خەتیب زادە گوتى، "زاڵبوونی ڕوانگەی سیاسیی لە دادگاکانی کەنەدا جێگای نیگەرانییە". 
گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئێران هەروەها ڕایگەیاند ئەو ڕووداوە لە دەرەوەی سنوورەکانی کەنەدا ڕووی داوە و ئەوە لە چوارچێوەی دەسەڵاتی دادگای کەنەدادا نییە کە بڕیار لەسەر ئەو دۆسیە بدات.

٨ی شوباتی ٢٠٢٠ فڕۆکەیەکی گەشتی بۆینگ ٧٣٧ی کۆمپانیای فڕۆکەوانی ئۆکرانیا بە ١٦٧ مسافر و ٩ کارمەندەوە، چەند کاتژمێرێک دوای هێرشی مووشەکی ئێران بۆ بنکەکانی ئەمریکا لە خاکی عێراق و ماوەیەکی کورت دوای فڕینی ئەو فڕۆکە لە فڕۆکەخانەی تاران، لانیکەم بە دوو مووشەکی سیستەمی بەرگری هێزەکانی سوپای پاسداران کرایە ئامانج و کەوتە خوارەوە.
 

 

 

 


 

بابەتی پەیوەندی دار

0 لێدوانەکان

نەزەری خۆتان بنووسن

ئیمەیلەکەتان بە هیچ شێوەیێک بڵاو نابێتەوە. هەموو فیڵدە ئەستێرە دارەکان ئیجبارین