كه‌نه‌دا هه‌ڵوێستێكى ئێران به‌ ئێران

نوچه‌نێت

کەنەدا جارێکی تر داوای کرد لایەنی بەرپرسیار لە کەوتنەخوارەوەی فرۆکە ئۆکرانییەکە لە ئاسمانی تاران ئاشکرا بکرێت و لەو بارەوە ئیدانەی هەڵوێستەکانی ئێرانى کرد.

وەزیری دەرەوەی کەنەدا کە بۆ لیژنەیەکی پەرلەمانی وڵاتەکەی قسەی دەکرد، هەڵوێست و ڕەفتاری ئێرانی سەبارەت بەو دۆسیە بە "بێ ویژدانانە و نالۆژیکی" وەسف کرد. هاوکات وڵاتی که‌نادا ڕایگەیاند ئیقامەی هەتاهەتایی [مافی نیشتەجێبوون] دەبەخشێت بە بنەماڵەی ئەو کەسانەی کە کوسوکاریان لەو ڕووداوەدا گیانی لە دەست داوە.

ڕۆژی هەینی ١٤ی ئایاری ٢٠٢١، ماڵپەڕی "ڕادیۆ فەرەنسا" بڵاوی کردەوە، مارکۆ مێندێسینۆ، وەزیری کۆچبەرانی کەنەدا، ڕۆژی پێنجشەممە ڕایگەیاند وڵاتەکەی بە مەبەستی هاوکاریکردنی ئەو خێزانانەی کەسوکاریان لە فڕۆکە ئۆکرانییەکەدا بوونە قوربانی، ئیقامەی هەتاهەتاییان (مافی نیشتەجێبوون) پێ دەبەخشێت. ئەو هەڵویستە بە مەبەستی هاوکاریکردنی ئەو خێزانانە و کەمکردنەوەی خەم و پەژارەیان بەهۆی لە دەستدانی ئازیزانیان ئەنجام دەدرێت.

هاوکات، مارک گارنو، وەزیری دەرەوەی کەنەدا، کە بۆ لیژنەیەکی پەرلەمانی وڵاتەکەی سەبارەت بە کەوتنەخوارەوەی فڕۆکە ئۆکرانییەکە قسەی دەکرد، ئیدانەی ڕەفتاری ئێران سەبارەت بەو دۆسیە کرد و وتی ڕەفتاری ئەو وڵاتە بە ئاشکرا بێ ویژدانی و نالۆژیکییە. هەروەها جەختی کردەوە کە کەنەدا بە مەبەستی دۆزینەوەی لایەنی بەرپرسیار، درێژە بە بەدواداچوونەکانی بۆ ئەو دۆسیە دەدات.

مارک گارنو ناڕەزایەتی خۆی نیشان دا لەوەی کە چەندین مانگ هەوڵیان داوە تا ئێران ئامادە بووە سندووقی ڕەشی ئەو فڕۆکەیە کە کەوتبووە خواره‌وە بۆ لێکۆڵینەوەی سەربەخۆ و بێ لایەنانە بە مەبەستی ئاگاداربوون لە زانیارییە تۆمارکراوەکان ڕادەستی دامەزراوەیەکی جێ متمانە بکات. هەروەها جەختی کردەوە کە ئێران تا ئێستا وەڵامی ئەو پرسیارەی نەداوەتەوە کە بۆچی لە کاتێکدا خۆی ویستوویەتی دەیان مووشەک بەرەو بنکەکانی ئەمریکا لە عێراق بهاوێژێت و چاوەڕوانی کاردانەوەی ئەمریکایشی کردووە، بەڵام ئاسمانی وڵاتەکەی بە مەبەستی ڕێگریکردن لە هاتوچۆی فڕۆکە گەشتییەکان دانەخستووە.

پێشتریش، ڕالف گودال، ڕاوێژکاری یەکەمی سەرۆک وەزیرانی کەنەدا، لە ڕاپۆرتێکی تایبەتدا لەژێر ناوی "گەشتی پی. ئێس ٧٥٢، ڕێگای دوور و درێژی شەفافیەت، بەرپرسیاریەتی و دادپەروەری" کە لە ٧٤ لاپەڕە پێکهاتووە، هەر ئەو پرسیارەی وەک پرسیارێکی گرنگی وەڵام نەدراوە هێناوەتە ئاراوە  و پرسیاری کردبوو کۆماری ئیسلامیی کە لە بەرەبەیانی هەمان ڕۆژدا کە تەقەی لە فڕۆکە ئۆکرانییەکە کرد، دوو بنکەی هێزەکانی ئەمریکای لە عێراق کردبووە ئامانج و چاوەڕوانی کاردانەوەی ئەمریکا بوو و سیستەمە دژە مووشەکییەکانی خۆی خستبوونە حاڵەتی ئامادەباش، بۆچی ئاسمانی وڵاتەکەی بەسەر فڕۆکە گەشتییەکاندا دانەخست؟  ئەو بڕیارە بۆچی و لە لایەن کێوە دراوە؟

وەڵامدانەوە بەو پرسیارە گرنگیەکی تایبەتی هەیە، چونکە ڕوونی دەکاتەوە کە خۆبواردن لە داخستنی ئاسمانی ئێران بە ڕووی گەشتەکاندا، مەبەستێکی شاراوەی لە پشت بووە، بە تایبەت ئەوەی کە ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا، کەنەدا، ئوسترالیا و سەنگاپورە بەرەبەیانی هەمان ڕۆژ کە لە ئۆپەراسیونی هاوێشتنی مووشەک لە لایەن ئێرانەوە ئاگادار ببوونەوە، کۆماپانیاکانی فڕۆکەوانی وڵاتانی خۆیان ئاگادارکردبووەوە کە ڕێگای خۆیان بگۆڕن و گەشتەکانیان لەسەر ئاسمانی ئێران ئەنجام نەدەن.

کۆماری ئیسلامیی ئێران کە سەرەتا پێداگریی لەسەر ئەوە دەکرد کە کەوتنەخوارەوەی ئەو فڕۆکە بە هۆی کێشەی تەکنیکی خۆدی فڕۆکەکە بووە، لە بەرانبەر بەڵگە حاشاهەڵنەگرە نێودەوڵەتییەکاندا بە ناچاریى دانی بەوەدا نا کە گەشتی ژمارە "PS752"ی کۆمپانیای فڕۆکەوانی نێودەوڵەتی ئۆکرانیا بەهۆی تەقەی سیستەمی بەرگری ئاسمانی سوپای پاسداران کەوتووەتە خوارەوە. ئێران دوای ئەوە، ڕایگەیاند هۆکاری ئەو ڕووداوە هەڵەی یەکێک لە کارمەندان بووە لە ڕێکخستنی سیستەمەکە و ئەو کارمەندە بە هەڵە بە بێ وەرگرتنی فەرمان تەقەی کردووە.

بەرپرسانی کەنەدا و ئۆكرانیا لەو کاتەدا ڕایانگەیاند کە ئەو ڕاپۆرتەی ئێران کەموکوڕی تێدایە و تەواو نییە. وەزیری دەرەوەی کەنەدا ڕۆژی ڕابردووش ڕایگەیاند ئەو ڕاپۆرتە هەرگیز قەبووڵککراو نییە و گوتی، "ئەو ڕاپۆرتە بەرپرسیاریەتی دەخاتە ئەستۆی چەند کارمەندێکی ئاسایی سیستەمێکی بەرگری دژە ئاسمانی و هیچ بەرپرسیاریەتییەک ناخاتە ئەستۆی فەرماندەکان".

ڕالف گودال لە ڕاپۆرتەکەی خۆیدا پرسیار دەکات، "ئایا بەرپرسانی ئێران لە کاتی داڕشتنی پلانی ئۆپەراسیونی مووشەکبارانکردنی بنکە ئاسمانییەکانی ئەمریکا لە عێراق، هیچ پلانێکیان بۆ ئاسایشی گەشتە ئاسمانییەکان لەبەرچاو گرتبوو؟ ئایا کۆمپانیاکان و بەرپرسانی گەشتەکانیان ئاگادار کردبووەوە؟ بە لەبەرچاوگرتنی مەترسییەکانی دوای مووشەکبارانکردنی ئەو بنکانە بۆ سەر گەشتە ئاسمانییەکان، ئێران چ تەگبیرێکی بۆ دابینکردنی ئاسایشی ئەو گەشتانە هەبووە و لە چ ڕێگایەکەوە و چۆن کۆمپانیاکانی ئاگادارکردووەتەوە؟ هەروەها لەو ڕاپۆرتەدا پرسیار کراوە "بە لەبەرچاوگرتنی ئەوەی کە ئەو سیستەمە بەرگرییە لە نزیک فڕۆکەخانەکەی گەورەی تاران جێگیر کراوە، ئێران چ بەرنامەیەکی هەبووە بۆ ئەوەی ئەو سیستەمە بە هەڵە فڕۆکەیەکی گەشتی لە جیاتی فڕۆکەی سەربازیی یان مووشەکێک نەکاتە ئامانج؟"

گودال وێرای ئاماژەکردن بەوەی کە وەڵامەکانی ئێران بۆ ئەو پرسیارە سەرەکیانە شیاوی قەبووڵکردن نین، جەختی کردەوە کە ڕادەستکردنی لێکۆڵینەوەکان بە بەرپرسی ڕووداوەکە قەبووڵکراو نییە.

غولام عەباس تورکی، دادوەری پێشووی سەربازیی پارێزگای تاران، ڕۆژی سێشەمە شەشی نیسان، لە مەراسیمی ناساندنی دادوەری نوێی سەربازیی پارێزگای تاران، گوتی "حکومەت سکاڵای لە دژی 10 کەس لە بەرپرسانی وڵات تۆمار کردووە کە تۆمەتبارن بەوەی ڕۆڵیان هەبووە لە ڕووداوی کەوتنەخوارەوەی فڕۆکە ئۆکرانییەکە". سەرەڕای ئەوە، بەرپرسانی ئێران هیچ  وردەکارییەکی تریان لەو بوارەدا بڵاو نەکردووەتەوە.

٨ی شوباتی ٢٠٢٠ فڕۆکەیەکی گەشتی بۆینگ ٧٣٧ی کۆمپانیای فڕۆکەوانی ئۆکرانیا بە ١٦٧ مسافر و ٩ کارمەندەوە، چەند کاتژمێرێک دوای هێرشی مووشەکی ئێران بۆ بنکەکانی ئەمریکا لە خاکی عێراق و ماوەیەکی کۆرت دوای فڕینی ئەو فڕۆکە لە فڕۆکەخانەی تاران، لانیکەم بە دوو مووشەکی سیستەمی بەرگری هێزەکانی سوپای پاسداران کرایە ئامانج و کەوتە خوارەوە. حکومەتی کەنەدا ڕاپۆرتی سەربەخۆی پزشکی  دادى وڵاتەکەی دەربارەی ئەو ڕووداوە لە چەند هەفتەی داهاتوودا بڵاو دەکاتەوە.


 


 

بابەتی پەیوەندی دار

0 لێدوانەکان

نەزەری خۆتان بنووسن

ئیمەیلەکەتان بە هیچ شێوەیێک بڵاو نابێتەوە. هەموو فیڵدە ئەستێرە دارەکان ئیجبارین