بە مەبەستی بەرەنگاربوونەوەی باشتری ئێران کۆماندۆیەک دەبێتە سەرۆکی موساد ئێران

نوچه‌نێت

بنیامین نەتانیاهۆ، سەرۆک وەزیرانی ئیسرائیل، وێرای ناساندنی دەیڤید بارنيع وەک سەرۆکی نوێی موساد، ڕایگەیاند ئەرکی لەپێشینەی بارنیع ڕێگریکردن لە دەستپێڕاگەیشتنی ئێران بە چەکی ئەتۆمییە.

ئەمڕۆ سێشەممە ٢٥ی ئایاری ٢٠٢١، ئاژانسی هەواڵی "ئەلعەرەبیە فارسی" بڵاوی کردەوە، نەتانیاهۆ گووتویه‌تى، " چ لایەنەکان بگەڕێنەوە بۆ ڕێککەوتنی ئەتۆمی یان نا، ئێمە هەموو کارێ دەکەین بۆ ئەوەی ڕێگری لە دەستپێڕاگەیشتنی ئێران بە چەکی ئەتۆمی بکەین". 
سەرۆک وەزیرانی ئیسرائیل ڕۆژی دووشەممە لە میانەی مەراسیمی ساڵانەی بەخشینی خەڵاتی سەرۆک وەزیران بە ئەفسەرانی ناسراوی موساد ڕایگەیاند دەیڤید بارنيع  ٥٦ ساڵ تەمەنی لە جیاتی یوسی کۆهێن، سەرۆکی ئێستای موساد داناوە. 
بارنی ٢٥ ساڵ ئەندامی موساد بووە و لە ساڵی ٢٠١٩وە وەک جێگری کۆهێن خزمەتی کردووە. بارنيع لە سەرەتای مانگی حوزەیرانەوە سەروکایەتی ڕێکخراوی هەواڵگریی ئیسرائیل لە ئەستۆ دەگرێت. 
بارنیع پێش ئەوەی ببێتە ئەندامی موساد، ئەندامی یەکەی کۆماندۆیی "سایرێت ماتکاڵ" لە سوپای ئەو ئیسرائیل بووە، لەوێدا بەرپرسی داڕشتن و جێبەجێکردنی ئۆپەراسیونە مەترسیدارەکانی موساد لە هەموو جیهان بووە. پێدەچێت هۆکاری دانانی بارنیع لەو پۆستە نوێیەشدا هەر ئەو ئەزموون و توانایەی لە جێبەجێکردنی ئەو ئۆپەراسیونانەی دەرەوەی وڵات بووبێت. نەتانیاهۆ جەختی کردەوە کە "ئەرکی سەرەکی بارنی ڕێگریکردن لە دەستپێڕاگەیشتنی ڕژێمی ئێران بە چەکی ئەتۆمییە". 
هەروەها بەنی گانتس، وەزیری بەرگریی ئیسرائیل، وێرای سوپاس و ڕێزگرتن لە کۆهێن بە هۆی "بەدیهێنانی توانا نوێییەکان بۆ موساد و ڕێنوێنیکردنی ئۆپەراسیونە بوێرانە و بەرچاوەکان"، هیوای سەرکەوتنی بۆ بارنیع خواست. گانتس گوتیشی: "ڕێکخراوی بەرگریی وڵات درێژە بە هاوکاریی چڕ لەگەڵ موساد دەدات و لە ململانێی سەرەکی بۆ پاراستنی ئاسایشی ئیسرائیل لە هیچ کارێکی پێویست خۆی نابوێرێت". 
شیاوی ئاماژەیە کە یوسی کۆهێنیش ڕۆڵێکی بەرچاوی لە ئۆپەراسیونەکانی دەرەوەی ئیسرائیل لە دژی ئێران هەبووە. هەندێ سەرچاوەی نافەرمی، ئۆپەراسیونی دزینی بەڵگە ئەتۆمییە نهێنییەکانی ئێران لە ئەمبارێک لە باشووری تاران لە ساڵی ٢٠١٨، گڕدانی بنکەی ئەتۆمی نەتەنز لە ساڵی ٢٠٢٠، تەقاندنەوەی کارخانەی پیشەسازیی بەرگریی پارچین لە ڕۆژهەڵاتی تاران لە ساڵی ٢٠٢٠، تیرۆرکردنی موحسێن فەخری زادە باوکی ئەتۆمی ئێران لە دەوروبەر تاران لە ساڵی ٢٠٢٠ و تەقاندنەوەی بنکەی ئەتۆمی نەتەنز لە ساڵی ٢٠٢١ بە کاری کۆهێن دەزانن.


 


 


 

 

بابەتی پەیوەندی دار

0 لێدوانەکان

نەزەری خۆتان بنووسن

ئیمەیلەکەتان بە هیچ شێوەیێک بڵاو نابێتەوە. هەموو فیڵدە ئەستێرە دارەکان ئیجبارین