ئیخوانه‌كان له‌ توركیا راده‌كه‌ن و به‌ره‌و ئێران ده‌ڕۆن شیکاری

نوچه‌نێت

رۆژى یەكشەممە (٢٣)ى ئایارى (٢٠٢١) ماڵپەڕى سكاى نیوز عەرەبى راپۆرتێكى بڵاو كردۆتەوە، لەو راپۆرتە باس لە پلانەكانى ئیخوان موسملین دەكات و ده‌ڵێ لەدواى لێكنزیكبوونەوەى توركیا و میسڕ، پلانى جێهێشتنى توركیا دادەڕێژن.

سه‌ركرده‌كانى ئیخوان متمانه‌یان نه‌ماوه‌
له‌وه‌ ده‌ترسن توركیا راده‌ستى میسریان بكاته‌وه‌

 

سەرچاوەیەكى ئاگادارى میسڕى ئاشكراى كردووە، "لە چەند رۆژى رابردوودا سەركردەكانى رێكخراوى ئیخوان موسلیمین پەیوەندییان بە بەرپرسانى ئێرانى كردووە، لەو پەیوەندییانە داواى دابینكردنى پەناگەیەكى ئارامیان كردووە بۆ ژمارەیەك لە ئەندامانى رێكخراوەكەیان، كە بەهۆى فشارى ئەمنى و ئەو رێكارییانەى لەو دواییە ئەو وڵاتانە گرتیتیانە بەر بۆ تەسكردنەوەى چالاكییەكانى رێكخراوى ئیخوان موسلیمین، توركیا و پایتەختەكانى ئەوروپا جێدەهێڵن".

لەترسى رادەستكردنەوەیان لە توركیاوە بە میسر سەركردەكانى ئیخوان توركیا جێدەهێڵن

ئەو سەرچاوەیە نووسەرێكى میسڕییە ماوەى چەند ساڵێكە لە ئیستەنبۆڵ نیشتەجێیە نەویستووه‌ ناوى بنوسرێت، بە (سكاى نیوز عەرەبى) راگەیاندووه‌، "ئیبراهیم مونیر رابەرى گشتى ئیخوان موسلیمین و چەند سەكردەیەكى تر پەیوەندییان بە هەندێك بەرپرسى سوپاى پاسدارانى ئێرانى كردووە، بۆ داواكردنى پاڵپشتى لۆجیستى و دابینكردنى پەناگەیەكى ئارام بۆ هەندێك سەركردەى رێكخراوەكەیان، كە تۆمەتبارن بە تێوەگلان لە پرسى تیرۆر، توركیا جێدەهێڵن بۆ خۆپاراستن لە رادەستكردنەوەیان بە قاهیرە".

سەبارەت بە وه‌ڵامى ئێران ئەو سەرچاوە روونى كردووتەوە، سەركردایەتى ئیخوان وەڵامى ئێرانیان ئاشكرا نەكردووە، بەڵام جەختیان لەسەر ئەوە كردەوە كە لە رێگەى ئینتەرنێتەوە لەگەڵ بەرپرسانى ئێرانى كۆبووینەوە، ئەوانیش پێشوازییان لە داواكەیان كردووە، جەختیان لەسەر ئەوە كردەوە ئێران پاڵپشتیان دەكات، بەڵام بەبێ روونكردنەوەى زیاتر سەبارەت بەو پاڵپشتییە.

ئێران ئامادەیە جێگە بۆ سەركردەكانى ئیخوان لە وڵاتەكەى بكاتەوە

 

لە بەشێكى ترى قسەكانى ئاماژەى بەوە ده‌كات، توركیا لەسەرەتاى دەستپێكردنى رێكارى لێكنزیكبوونەوەى لەگەڵ میسر، دەستى بە فشاركردن  لەسەر ئەندامانى ئیخوان موسلیمین كردووە، كە پێشتر ئەو فشارانەى نەبوو. ئەوەش بۆتە زیادبوونى مەترسى كە لە هەر چركەساتێك بێ توركیا رادەستى قاهیرەیان بكاتەوە، لەپێناو بەڕێوەچوونى پرۆسەى ئاشتەوایى هەردوو وڵات.

ئێران ئه‌لته‌رناتیڤێكى ئاسایى بۆ ئيخوان


سەروەت خەرباوى نووسەرى میسڕى پێى وایە، دەیان ساڵە هەماهەنگى و هاوكارى لە نێوان ئیخوان موسلیمین و سوپاى پاسدارانى ئێرانى هەیە. ئاماژەى بەوەش ده‌كات، رێككەوتنى دوولایەنەیان لە سەر پرۆژە و ئامانج و بەرژەوەندییەكان، لەسەر بنەماى زیانگەیاندن بە وڵاتان و سیستەمە عەرەبییەكان دامەزراوە.

خەرباوى لە لێدوانێكى دا بە سكاى نیوز عەرەبى  ده‌ڵێ، "ئیخوان لە چوارچێوەى هەوڵەكانى بۆ جێگره‌وه‌ى توركیا دەستبەردارى بەشێكى گەورەى پاڵپشتییەكانى توركیا دەبێت. بەهۆى ئەوەى توركیا دەیەوێت لە میسر نزیك ببێتەوە، بۆیە ئاساییه‌ پەنا ببنە بەر ئێران وەك پەناگەیەكى جێگرەوەى توركیا و داواى هاوكارى لە ئێران بكەن".

خەرباوى دانپێدانەكانى ئەمیر حوسێن عەبدولیهانى یاریدەرى سەرۆكى پەلەمانى ئێرانى بۆ كاروبارى نێودەوڵەتى بیر هێنایەوە، كە دانى بە ئاڵۆگۆڕى سەردانەكان داناوە لە سەردەمى حكومى ئیخوان لە (٢٠١٢)، لە درێژەى قسەكانى خەرباوى گوتى، "لەو سەردەمەوە تا ئێستا دیدارەكانى نێوان ئیخوان و ئەندامانى سوپاى پاسداران بەردەوامە، بە تایبەت دواى لادانى ئیخوان لەسەر دەسەڵات لە میسر".

 

پەیوەندى ئیخوان موسلمین لەگەڵ ئێران پەیوەندیەكى دێرینه‌

 

خەرباوى ئاماژەى بەوە كرد سەركردەكانى ئیخوان قاسم سلێمانى بەرپرسى فەیلەقى قودسكە لەساڵى رابردوو كوژرا، بە پێشەنگى گەنجانیان دەزانى. لە كاتى كوژرانیشى لە توركیا لە ژێر خێوه‌ته‌یه‌كى گەورە پرسەیان بۆ دانا.

هاوپەیمانییەكى كۆن بۆ تێكدانى ناوچەكە

هانى مەسهور نووسەرى یەمەنى ئاماژە بەوە دەكات هاوپەیمانى نێوان ئیخوان و سوپاى پاسداران كۆنە، ئەو نووسەر دەڵێت" دواى ئەوەى گەلى میسرى ئیخوانیان لەسەر دەسەڵات لادا، واى دەخواست سەركردەكانى رێكخراوى ئیخوان لەگەڵ بەرپرسانى سوپاى پاسداران كۆببنەوە، بۆ ئەوەى پێكەوە هەنگاوەكان دیارى بكەن".

ئەو نووسەرە یەمەنییە بابەتێكى بە ناونیشانى، "رێكخراوى ئیخوانى نێودەوڵەتى  مه‌ترسییه‌كى بەردەوام" دان بەوە دادەنێت كە یەمەن پشتێنەى تەنگاوكردنى سعوودیە و لیبیا پشتێنەى تەنگاوكردنى میسڕە، هەروەها هەماهەنگى نێوان سوپاى پاسداران و ئیخوان بەردەوام بوو بۆ پارێزگارى لە بەرژەوەندییە هاوبەشەكانیان".

هەروەها لە بەشێكى ترى وتارەكەى دەڵێت، "بەداخەوە هەنگاوەكانى ئیخوان لە یەمەن ملكەچى تەواوى بڕیارەكانى رێكخراوى ئیخوان و سوپاى پاسدارانى ئێرانییە، هیچ هەلێك نییە بۆ هەڵوەشاندنەوەى ئەو هاوپەیمانییە، كە بۆتە شوێنێكى پێشكەوتوو بۆ جووڵە و كاریگەرى ئیخوان" هەروەها لەو بڕوایەش دایه‌ ئەگەر هەوڵەكانى بەرەنگارى باشوور نەبووایە عەدەن دەبووە شوێنێك بۆ رێكخستنى فیكرى ئیسلامگەراكان، بەڵام ئێستا نەكەوتۆتە دەستى ئیخوان.

هەروەها باس لەوەش دەكات، بەڵگەنامە نهێنیەكانى ساڵى (٢٠١٩) سوپاى پاسداران باس چەند دیدرارێكى بەردەوامى نێوان بەرپرسانى سوپاى پاسداران و ئیخوان دەكەن، بە ئامانجى هەماهەنگى لە چەند دۆسیەكدا، هەروەها بەڵگەنامەكان جەخت لەسەر كۆبوونەوەى هاوبەشى سەركردەكانى ئیخوان و ئەندامانى فەیلەقى قودس دەكەن كە لە(٢٠١٤) لە یەكێك لە هوتێلەكانى توركیا كۆبووینەوە بە ئامانجى تاوتوێكردنى هەماهەنگى ستراتیژى دوو لایەنە.

لە (٢٠١٥) دەزگا ئەمنییەكان كۆبوونەوەى سەركردەكانى ئیخوان و حزبوڵا و ئێرانییەكانیان لە لبنان رێكخستووە، گفتوگۆیان لەسەر میكانیزمى پاڵپشتى كردووە، لەو كۆبوونەوەیە ئەیمەن نوور به‌رپرسى راگەیاندنى ئیخوان ئامادە بووە.

 

 

بابەتی پەیوەندی دار

0 لێدوانەکان

نەزەری خۆتان بنووسن

ئیمەیلەکەتان بە هیچ شێوەیێک بڵاو نابێتەوە. هەموو فیڵدە ئەستێرە دارەکان ئیجبارین