حەسەن ڕۆحانی ناڕازییە و نامە بۆ خامنەیی دەنووسێت ئێران

نوچه‌نێت

حەسەن ڕۆحانی سەرۆک کۆماری ئێران لە کۆبوونەوەی ئەمڕۆی کابینەکەی گوتی، " سەبارەت بە بڕیارەکەی ئەنجومەنی پاراستنی دەستوور بە ناچارى نامەم بۆ ڕابەر نووسی و ئەوەی لە مێشکمدا بوو لەو نامەیەدا باسم لێ کرد".

ئەمڕۆ چوارشەممە ٢٦ی ئایاری ٢٠٢١، ئاژانسی هەواڵی "بی بی سی" بڵاوی کردەوە، ڕۆحانی لە کۆبوونەوەکەدا گوتویەتی "دوێنێ شەو نامەیەکم بۆ ئایەتۆڵا خامنەیی نارد بۆ ئەوەی ئەگەر دەتوانێ لەو بارەوە یارمەتییەک بدات".

دوێنێ (سێشەممە) ئەنجومەنی پاراستنی دەستوور لیستی کۆتایی کاندیدەکانی سەرۆک کۆماری بڵاوکردەوە و لە ناو زیاتر لە ٥٩٠ کاندید، تەنیا ٧ کاندیدی پەسەند کردبوو. عەلی لاریجانی (سەرۆکی پێشووی پەرلەمان)، ئیسحاق جەهانگیری (جێگری یەکەمی سەرۆک کۆماری ئێستای ئەو وڵاتە)، مەحمود ئەحمەدی نەژاد (سەرۆک کۆماری پێشووتری ئێران) و مستەفا تاجزادە (ناسراوترین کاندیدای بەرەی ڕیفۆرمخوازان) ڕەت کرانەوە و ڕێگایان پێ نادرێت لە هەڵمەتەکانی هەڵبژاردن بەشدار بن.

بەپێی ئەو لیستە ئیبراهیم ڕەئیسی تاقە کاندیدی ناسراوی هەڵبژاردنەکانی ١٨ی حوزەیرانی ٢٠٢١ لە ئێران دەبێت.

ڕۆحانی ده‌ڵێ، "لە کۆتاییدا ئەوە پرسێکە کە پەیوەندی بە ڕابەری ئێرانەوە هەیە و ئەگەر بە قازانجی بزانێت هەڵوێست وه‌ردەگرێت".

ڕۆحانی گوتیشی، "ئەوەی ئێمە دەمانتوانی ئەنجامی بدەین ئەوە بوو کە داوا لە ڕابەر بکەین". 
هەروەها گوتی، "بەرپرسی دیاریکردنی شیاویی و لێهاتوویی کاندیدەکان ئەنجومەنی پاراستنی دەستوورە و ئایەتۆڵا خامنەیی لە خولەکانی پێشووی هەڵبژاردن دەستوەردانێکی ئەوتۆی نەکردووە بەڵام هەندێ جاریش بە "حوکمی حکومەتی" ڕێگای داوە چەند کەسێک لە هەڵبژاردنەکاندا بەشداری بکەن.

مستەفا موعین، کاندیدی ڕیفورمخوازەکان لە هەڵبژاردنەکانی سەرۆک کۆماری ساڵی ٢٠٠٥، دوای ئەوەی لە لایەن ئەنجومەنی پاراستنی دەستوورەوە دووڕ خرایەوە، بە  بڕیارى ئایەتۆڵا خامنەیی ڕێگای پێدرا لە هەڵمەتی هەڵبژاردنەکاندا بەشدار بێت. موعین تەنیا یەک ملیۆن و دووسەد هەزار دەنگی بە دەست هێنا و لە ناو حەوت کاندیددا بووە حەوتەم.

هەر دوێنێ هەندێ لە میدیاکان باسی ئەوەیان کردبوو کە حەسەن ڕۆحانی نامەیەکی بۆ ڕابەر نووسیوە و داوای کردووە ئەو لیستە پێداچوونەوەی تێدا ئەنجام بدرێت.

عەلی خامنەیی، ڕابەری کۆماری ئیسلامیی، لە یەکەمین دەرکەوتنی خۆی دوای ڕاگەیاندنی ناوی کاندید پەسەند کراوەکان، ئەمڕۆ (چوارشەممە) دیدارێکی ڤیدیۆیی لەگەڵ نوێنەرانی پەرلەمان ئەنجام دا. تا ئێستا میدیاکان باسیان لە ناوەڕۆکی لێدوانەکەی خامنەیی لەو دیدارەدا بڵاو نەکردووەتەوە.

ڕۆحانی ئەمڕۆ لە درێژەی لێدوانەکەیدا سەبارەت بەو کاندیدانەی کە دوورخرانەوە و مۆڵەتی بەشداربوونیان پێ نەدرا گوتی "نەمدەتوانی کارێکی ئەوتۆ لەو بارەوە ئەنجام بدەم". ڕۆحانی وێرای ئاماژەکردن بە مادەی ١١٣ی دەستووری کۆماری ئیسلامیی سەبارەت بە دەسەڵاتی سەرۆک کۆمار گوتی "ئەنجومەنی پاراستنی دەستوور تەفسیری تایبەت بە خۆی لەو ماددە هەیە و دەڵێت ئێوە ناتوانن لەو بارەوە دەستێوەردان لە کاروباری ئێمە بکەن".

هەروەها گوتی، "سەرۆک کۆمار، سەرۆکی بنکەیەکی هەڵبژاردن یان سەرۆکی باڵێکی سیاسیی نییە بەڵکو نوێنەری هەموو گەلی ئێرانە. دەبێ گەل بە ئازادی و هوشیارییەوە بچێتە پای سندووقەکانی دەنگدان و پێوەریش بژاردەی گەلە".

ڕۆحانی وێرای ئاماژەکردن بە گشتپرسی ساڵی ١٩٨٠ لە ئێران گوتی "٩٨٪ی خەڵک دەنگیان بە کۆماری ئیسلامیی دا. ئێستا هۆکارە چییە ئەو ٩٨٪ە ڕۆژ لە دوای ڕۆژ دادەبەزێ و کەم دەبێتەوە؟".

 

 


 

 

بابەتی پەیوەندی دار

0 لێدوانەکان

نەزەری خۆتان بنووسن

ئیمەیلەکەتان بە هیچ شێوەیێک بڵاو نابێتەوە. هەموو فیڵدە ئەستێرە دارەکان ئیجبارین