ئاژانسی نێودەوڵەتی وزەی ئەتۆمی: بەرنامەی ئەتۆمی ئێران جێگای نیگەرانییە ئێران

نوچه‌نێت

ڕافائل گروسی، سەرۆکی ئاژانسی نێودەوڵەتی وزەی ئەتۆمی دەڵێت، چالاکییە ئەتۆمییەکانی ئێران زۆر جێگای نیگەرانین، چونکە ئەو وڵاتە ئێستا پیتاندنی یورانیۆم لە ئاستێکدا ئەنجام دەدات کە وڵاتانی خاوەن چەکی ئەتۆمی پێیگەیشتوون.

ئەمڕۆ پێنجشەممە ٢٧ی ئایاری ٢٠٢١، ماڵپەڕی "ڕادیۆ فەرەنسا" بڵاوی کردەوە، کۆماری ئیسلامیی ئێران دوای چوونەدەرەوەی ئەمریکا لە ڕێککەوتنی ئەتۆمی، لە مانگی ئایاری ساڵی ٢٠١٩ بەملاوە هەنگاو بە هەنگاو لەو ڕێککەوتنە کشاوەتەوە و جگە لە بەرزکردنەوەی ڕێژەی بەرهەمهێنان و پاشکەوتکردنی یورانیۆمی پیتێندراو، ئێستا ئاستی پیتاندنی گەیاندووەتە ٦٠٪. ڕافائل گروسی وێرای جەختکردنەوە لەوەی کە ئەو ئاستە نزیک لە یورانیۆمی پێویست بۆ کاروباری سەربازییە، دەڵێت ئەو یورانیۆمەی لە بنکە ئەتۆمییەکاندا بەکاردەهێنرێ تەنیا ٢ تا ٣ لەسەد پیتێندراوە.

ئەو قسانەی سەرۆکی ئاژانسی نێودەوڵەتی وزەی ئەتۆمی لە کاتێکدایە کە گفتوگۆکان لە ڤیێنا لە نێوان کۆماری ئیسلامیی و ئەمریکا بە نێوەندگیریی کۆمیسیۆنی هاوبەشی ڕێککەوتنی ئەتۆمی بە سەرپەڕەشتی یەکێتی ئەوروپا لە ئارادان. تاران هیوادارە بە بەرزکردنەوەی ئاستی پیتاندن و نزیکبوونەوە لە ئاستی سەربازیی، لایەنی بەرانبەر بخاتە ژێر گوشار.

ڕافائل گروسی دەڵێت: "پیتاندنی یورانیۆمی ٦٠٪ لە لایەن وڵاتێکەوە، مەسەلەیەکی زۆر جددیە. تەنیا ئەو وڵاتانەی کە خاوەن چەکی ئەتۆمین گەیشتوونەتە ئەو ئاستە لە پێتاندن". 
سەرۆکی ئاژانسی نێودەوڵەتی وزەی ئەتۆمی دان بەوەدا دەنێت کە ئێران بە تەواوەتی مافی ڕەهای پەرەپێدان بە بەرنامەی ئەتۆمی خۆی هەیە، بەڵام جەخت دەکاتەوە کە پیتاندنی یورانیۆم لەو ئاستەدا دەبێ لەژێر چاودێریدا بێت.

هەرچەندە ئێران ڕایگەیاندووە ئەگەر وڵاتانی تر و بە تایبەت ئەمریکا بەڵێنەکانیان جێبەجێ بکەن، ئەویش ئامادەیە بەڵێنەکانی خۆی بە پێی ئەو ڕێککەوتنە جێبەجێ بکات و چالاکییەکانی سڕ بکات، بەڵام لە ڕوانگەی سەرۆکی ئاژانسی نێودەوڵەتی وزەی ئەتۆمییەوە پیتاندنی یورانیۆم لەو ئاستەدا کێشە درووست دەکات.

ڕافائل گروسی دەڵێت: "بەرنامەی ئەتۆمی ئێران (لەو ماوەیەدا) پێشکەوتووە و کامڵ بووە و گەڕانەوە بۆ ساڵی ٢٠١٥ قبَووڵكراو نییه‌. ئێستا تەنیا دەکرێ چالاکییەکانی ئەو وڵاتە لە بواری پیتاندنی یورانیۆم بگەڕێنەوە بۆ ئەو ئاستەی کە لەو ڕێککەوتنەدا دیاری کرابوو".

گروسی جەخت دەکاتەوە کە "کاتێ زانست و توانای پیتاندن بە دەست بێت، ئیتر ئەو توانایە دەمێنێتەوە و تەنیا ڕێگاچارە چاودێریکردن و کۆنتڕۆڵکرنە".


 

 

بابەتی پەیوەندی دار

0 لێدوانەکان

نەزەری خۆتان بنووسن

ئیمەیلەکەتان بە هیچ شێوەیێک بڵاو نابێتەوە. هەموو فیڵدە ئەستێرە دارەکان ئیجبارین