بەرەی ڕیفۆرمخواز لە ئێران: هیچ كاندیدێكمان نییه‌ ئێران

نوچه‌نێت

بەرەی ڕیفۆرمخوازانی ئێران بە بڵاوکردنەوەی راگەیێندراوێک، رەتکردنەوەی زۆربه‌ى کاندیدەکانی سەرۆک کۆماریی بە پلانێکی پێشوەختە داڕێژراو وەسف کرد و ڕایگەیاند، لەو هەڵبژاردنانەدا کاندیدێکی نابێت.

ڕۆژی هەینی ٢٨ی ئایاری ٢٠٢١، ئاژانسی هەواڵی "ئیندێپێندێنت" بڵاوی کردەوە دوای ڕاگەیاندنی لیستی کاندیدە پەسەندکراوەکانی سەرۆک کۆماریی لە لایەن ئەنجومەنی پاراستنی دەستوورەوە، ڕەتکردنەوەی هەموو ئەو ڕیفۆرمخوازانەی کە ناویان تۆمار کردبوو، ناڕازەیەتی زۆرى لێکەوتەوە و هەندێک لایەنیش چاویان لە دەستوەردانی عەلی خامنەیی، ڕابەری کۆماری ئیسلامیی و حوکمی حکومەتی بۆ پێداچوونەوەی پەسندکردنی یەک یان چەند کاندیدی ڕەتکراوە بوو، بەڵام دوای تێپەڕینی چەند ڕۆژ، پێناچیت گۆڕانکارییەکی ئەوتۆ لە پێرستی کاندیدەکاندا بێتە ئاراوە.

بەرەی ڕیفۆرمخوازی ئێران کە پێکهاتووە لە چەندین حزب و گرووپی ڕیفۆرمخوازی ئەو وڵاتە، ڕۆژی هەینی، ٢٨ی ئایار، بە بڵاوکردنەوەی ڕاگەیێندراوێک، پرۆسەی تاوتوێکردنی شیاویی و لێهاتوویی کاندیدەکان و ڕەتکردنەوەی کاندیدەکانی هەموو ڕەوتە سیاسییە جیاوازەکانی "جگە لە ڕەوتێکی دیاریکراو" بە پلانێکی "پێشوەختە داڕێژراو" وەسف کرد و ئەوەی بە گورزێکی جدی لە متمانە و هیوای خەڵک بۆ چاکسازی لە کاروباری وڵات لە ڕێگای هەڵبژاردنەکان و سندووقی دەنگدانەوە ناو برد.

لەو ڕاگەیێندراوەدا وێرای ئاماژەکردن بە ڕەتکردنەوەی هەموو نۆ کاندیدەکەی بەرەی ڕیفۆرمخواز کە بۆ سەرۆک کۆماریی ناوی خۆیان تۆمار کردبوو، نووسراوە: "بەرەی ڕیفۆرمخواز دەیویست لە ناو ئەو کاندیدانەدا کاندیدی سەرەکی خۆی دیاری بکات، بەڵام بە ڕەتکردنەوەی هەموویان، ئێستا بەرەی ڕیفۆرمخواز هیچ کاندیدێکی بۆ ناساندن بە خەڵک لە هەڵبژاردنەکانی داهاتوودا نییە".

بەرەی ڕیفۆرمخوازانی ئێران لەو ڕاگەیێندراوەدا، هەوڵه‌کەی ئەنجومەنی پاراستنی دەستووری نەک هەر بە ڕەتکردنەوەی ڕیفۆرمخوازان، بەڵکو سڕینەوەی خەڵک لە پرۆسەی بڕیاردان بۆ کاروباری وڵات ناو برد و نووسیویەتی: "تاقمێک پێداگرانە دەیانەوێت کارێ بکەن کە ئێوە و خەڵک و کەسانی خاوەن بیر و ڕای جیاوازی سیاسیی لە هەڵبژاردنەکاندا بەشداری نەکەن و هەڵبژاردنەکان بە بەشداری لانیکەم خەڵک و ڕوانگەیەکی تایبەت بەڕێوە بچن".

پێشتر، زۆرێک لە حزب و گرووپە سیاسییەکانی ئەندامی بەرەی ڕیفۆرمخوازی ئێران، هەر کامیان بە جیاواز وێرای دەربڕینی ناڕەزایەتی سەبارەت بە ڕەتکردنەوەی کاندیدە ڕیفۆرمخوازەکان ڕایانگەیاندبوو کاندیدێکیان بۆ هەڵبژاردنەکانی سەرۆک کۆماریی نابێت و لە هیچ کاندیدێک پشتیوانی ناکەن. زۆرێک لە کەسایەتییە ناسراوەکانی بەرەی ڕیفۆرمخواز ڕایانگەیاندووە لە هەڵبژاردنەکاندا بەشداری ناکەن.

هەڵبژاردنەکانی سەرۆک کۆماریی لە ئێران، سێ هەفتەی تر، لە ڕۆژی ٢٨ی حوزەیرانی ٢٠٢١ بەڕێوە دەچن.


 
 

بابەتی پەیوەندی دار

0 لێدوانەکان

نەزەری خۆتان بنووسن

ئیمەیلەکەتان بە هیچ شێوەیێک بڵاو نابێتەوە. هەموو فیڵدە ئەستێرە دارەکان ئیجبارین