کوردانی تورکیا لە لۆبییەکانی واشنتن وەرگێڕان

نوچەنێت

وەرگێرانی: ئیسماعیل تەها

ئەم ڕاپۆرتە بەشێکە لە پڕۆژەی ''حەجکردن بەرەو واشنتن'' کە تایبەتە بە چالاکیی لۆبییەکانی ڕۆژهەلاتی ناوەڕاست لە ویلایەتە یەکگرتووەکان لەنێوان ساڵانی (2010 . 2020)  زۆربەی زانیارییەکانی ناو ڕاپۆرتەکەش پشتدەبەستن بە بانکی زانیارییەکانی سەر بە وەزارەتی دادی ئەمریکا، بەگوێرەی یاسای "تۆماری بریکارە بیانییەکان FARA" کە گرووپەکانی فشار ناچاردەکات چالاکییەکان و سامانەکانیان بخەنەڕوو، هەموو بەڵگەکانیش لە ئینتەرنێتدا هەن.

تورکیا لە سەرەتای دامەزراندنیەوە کۆمەڵێک قەیران و کێشەی لەگەڵ لەدایکبووە، گرنگترینیان کێشەی کورد و مەفە کەلتورییەکانی کورد بووە، هەر ماوەیە و حیزبێک نوێنەرایەتی خواستەکانی کوردی کردووە لە تورکیا، کە دواهەمینیان پارتی گەلانی دیموکرات (هەدەپ) بوو لە (2012) ەوە.

وەک پارتە کوردییەکانی دیکەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست ئەمیش حەجی خۆی کردووە بە ئاراستەی واشنتن بۆ لۆبیکردن.

ئەو لایەنانەی هەدەپ لەناو ئەمریکا کاری لەسەر کردووە بریتی بوون لە: ڕاستڕەوە موحافیزکارە ئەمریکییەکان و ناوەندە توێژینەوە ئیسرائیلییەکان.

ئەوانەی هاریکاریی هەدەپەیان کردووە تا بگاتە ناوەندەکانی لۆبیکردن بریتی بوون لە وڵاتە دژبەرەکانی تورکیا: ئیسرائیل، یۆنان، قوبروسی یۆنانی و میسر.

چالاکییەکانی نووسینگەی هەدەپ لە تورکیا لە چوارچێوەی هەندێک ڕووداو و پێشهاتدا بوون، یەکەم و گرنگترینیان ساڵی (2012) بوو لە سەروبەندنی پرۆسەی ئاشتیدا بوو، کە تێێدا تورکیا کەوتە پەیوەندیگرتن لەگەڵ پەکەکە و بە دیاریکراوی عەبدوڵڵا ئۆجەلان بۆ ڕێکخستنی پرۆسەی ئاشتی و دانوستاندن لەگەڵیدا.

حیزبە کوردییەکانی تورکیا ڕۆڵی ناوبژیوانیان گێڕاوە لەنێوان پەکەکە و حکومەتی تورکیا، بەو پێیەی ئەوانە حیزبی یاسایی بوون و تورکیا دانی پێدا نابوون، بە ئاڵوگۆڕکردنی نامە و پەیام لەنێوان ئۆجەلان و حکومەت، هەروەها بڵاوکردنەوەی پەیام بۆ گەلی کورد لەسەر داواکاریی ئۆجەلان.

بێگومان بەربەستی زۆر لە بەردەم گفتوگۆکاندا هەبوون، لەوانە بەرهەڵستی پارتە ئۆپۆزسیۆنەکان بۆ پرۆسەی ئاشتی، لەوانە بەرهەڵستییەکانی پارتی گەلی کۆماری و پارتی نەتەوەیی ڕاستڕەو ناسراو بە مەهەپە.

لەناوەراستی (2015) پرۆسەی ئاشتی وەستا و ئەو ئاگربەستە ناسکەی هەبوو شکێنرا، بە کوژرانی ژمارەیەک هاووڵاتیی کورد و هەندێک بەرپرسی ئەمنیی تورک. ئەوکاتە ڕەجەب تەییب ئەردۆغان داوایکرد ئەو پەرلەمانتارە کوردانە بگیرێن کە پەیوەنییان لەگەڵ پەکەکە گرتووە. لەناو بەشێکی فراوانی ڕای گشتیی تورکیشدا ئەو پەرلەمانتارە کوردانە وەها وێناکران کە وتەبێژی  پەکەکەن.

 

حیزب لە پشت حیزبەوە

پارتی ئاشتی و دیموکرات لە (2008) دامەزرا، ساڵی (2014) هەڵوەشایەوە و چووە ناو پارتی گەلانی دیموکرات (هەدەپ). هەردو حیزبەکە لەلایەن تورکیاوە بە پشتیوانیی پەکەکە تۆمەتباردەکرێن، هەردووکیشیان گفتوگۆیان لەگەڵ تورکیا کردووە سەبارەت بە چارەسەر کێشەی کورد، لە دەرەوە و ناوەوەی تورکیاش چالاکییان هەیە، هەردووکیان هەڵگری باوەڕی چەپڕەوانە و پشتیوانیی کەمینەکانن.

لەم ڕاپۆرتەدا باسی چالاکییەکانی هەردوو حیزب دەکرێ لە واشنتن لە (2010) وە.

کاری لە پێشینەمان بانگکردنی سیاسەتوانانی ئەمریکایە بۆ پشتیوانیی ئاشتیی ڕاستەقینە، لەنێوان کوردانی تورکیا و حکومەتی تورکیا

چالاکییەکانی حیزبەکە لەسەردەستی نەزمی گور دەستیانپێکرد کە کوردێکی تورکیا بوو، کە نوێنەرایەتی حیزبی دەکرد لە کۆڕ و کۆبوونەوە کوردییەکاندا بە دیاریکراوی لە مانگی یەکی (2010) ەوە، بەڵام لەم قۆناغەدا چالاکییەکان سیاسی نەبوون. لە ئابی (2012) حیزب نوێنەری خۆی گۆڕی بە محەممەد یوکسەل کە  کوردی تورکیا و خاوەن ڕەگەزنامەی دانمارکییە و وەکو لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی (لینکدئین) نووسراوە لە (2012) وا (2012) ئەندامی دەستەی کاروباری دەرەوەی حیزب و نوێنەری حیزبەکە بووە لە بەریتانیا.

یوکسەل لەو پۆستە بەردەوامبوو لە (2012) تاوەکو ئەیلوولی (2017) . لەو ماوەیەدا بناغەی دانا بۆ پەیوەندییەکانی حیزبەکە لە واشنتن؛ لەناو کۆنگرێس و وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکاشدا. دوای ئەو جیران ئۆزجان پۆستەکەی وەرگرت و تاوەکو ئیستاش بەردەوامە. ئۆزجان کوردی تورکیایە و ڕەگەزنامەی بەریتانیی هەیە و لە نوسینگە جیاجیاکانی حیزب لە دەوەری تورکیا کاری کردووە.

ماڵپەڕی نووسینگەی حیزبەکە  لە ئەمریکا دەڵێت کاری لە پێشینەیان لە پرسی پەیوەندیگرتن لەگەڵ سیاسەتوانانی ئەمریکا ئەوەیە بانگیان بکات بۆ پشتیوانیی ئاشتیی ڕاستەقینە لەنێوان کوردانی تورکیا و حکومەت، ڕەخنە لە دەستگیرکردنی سیاسەتوانانی حیزبەکە دەگرێ و بەرهەڵستیی "سیاسەتە تێکدەرەکانی دەرەوە"ی ڕەجەب تەییب ئەردۆغان دەکات لە سەروبەندی پەیوەندیی ئەردۆگاندا لەگەڵ ورسیا و ئیسلامییە ڕادیکاڵەکان.

پەیوەندیگرتنی ڕاستەوخۆ بە وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکاوە

لە ساڵانی سەرەتای نووسینگەکەدا، یەکسەل کاریکردووە بۆ درووستکردنی تۆڕیکی فراوانی پەیوەندی حزب لە ئەمریکا، ئەویش بە پەیوەندیگرتنی بەردەوام لەگەڵ لایەنەکانی ناو کۆنگرێس و حکومەتی ئەمریکا. لە ئاستی جیاوازدا پەیوەندی گرتووە بۆ ئەم مەبەستە بە تایبەت لەگەڵ وەزارەتی دەرەوە.

سەرەتا لەگەڵ بەرپرسانی کاروباری عێراق و ئێران لە وەزارەتەکە کۆبووەتەوە، هەروەها فەرمانگەی مافی مرۆڤ و ئازادیی ئایینی لە وەزارەتەکە، بۆ باسکردنی دۆخی گشتیی کورد لە عێراق و ئێران و تورکیا و سووریا.

دواتر کۆبوونەوەی کردووەتەوە لەگەڵ وائیل زەییات بەرپرسی نووسینگەی سووریا و جۆن ئایس بەرپرسی نووسینگەی تورکیا لە فەرمانگەی مافی مرۆڤ و ئازادیی ئایینی لە وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا، هەردووکیان بۆ باسکردنی دۆخی کورد و ئاییندەی کورد لە سووریا.

لە (2014) کۆبوونەوەکان چوونەتە ئاستێکی باڵاتر، بە کۆبوونەوەی یوکسەل لەگەڵ پاوڵ جۆنز کار هەڵسووڕێنەری جێگری یاریدەرەی وەزیری دەرەوە بۆ کاروباری ئەوروپا و ئۆراسیا.
نوسینگەکە پەیوەندیی هەبووە لەگەڵ چەند دیپلۆماتکارێکی دیار، وەک ئەیمی کیرکپارتیک بەڕێوەبەری نووسینگەی تورکیا لە وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا، هەروەها لەگەڵ جێمس جێفری لە گرنگترین دیپلۆماتکارەکان بۆ ناوچەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست لە وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا و باڵیۆزی پێشووی ئەمریکا لە هەریەک لە بەغدا و ئەنکەرە و ساڵی ٢٠١٦ نێردەی ئەمریکا بۆ سووریا.

گەنگەشەکردنی وێرانکاری و کوشتار لە کوردستانی تورکیا 

یوکسەل ناونیشانی کۆبوونەوەیەکی لەگەڵ وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا بەمشێوەیە داناوە "گەنگەشەکردنی وێرانکاری و کوشتار لە کوردستانی تورکیا لەلایەن حکومەتی سەرۆک ڕەجەب تەییب ئەردۆغان و سەرۆکوەزیران ئەحمەد داوودئۆغڵوو" وەک ئاماژەیەک بۆ هێرشی سەربازیی تورکیا بۆ سەر هێزە جەکدارە کوردەکان لە باکووری سووریا و عێراق.
نووسینگەکە لەگەڵ بەرپرسانی دیکەی ئەمریکا تایبەت بە دۆسیەی سووریا پەیوەندی گرتووە، لەوانە ماتیۆ فلانیز، بەرپرسی پلاندانان تایبەت بە سووریا لە وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا، هەروەها ستیفانی فۆنتاین بەرپرسی دۆسیەی سووریا لە نوسینگەی وەزیری دەرەوەی ئەمریکا. حزبەکە هەروەها پەیوەندی هەیە لەگەڵ ئەنجوومەنی ئاساییسی نیشتیمانی لە کۆشکی سپی، بە تایبەت لەگەڵ مارک شاپیرۆ بەرپرسی کاروباری تورکیا لە ئەنجوومەنەکە لە ساڵانی (2015 و 2016).


سەرۆکی حیزب لە زیندان...فشاری ئەمجارە لە کۆنگرێس

کە سەلاحەدین دەمیرتاش زیندانی کرا، یوکسەل هەندێك دیداری ئەنجامدا لەگەڵ (11) ئەندامی کۆنگریس یان نووسینگەکانیان بۆ ئەوەی ئاگاداریان بکاتەوە لە دەستگیرکرانی سەرۆکی حیزبەکەی، لەناویاندا ئیلیانا ڕوس ئەندامی ئەنجوومەنی نوێنەران لەسەر لیستی کۆمارییەکان کە ئەندامی چەندین لیژنەی گرنگی ئەنجومەنی نوێنەران بووە، لەوانە لیژنەی پەیوەندییەکانی دەرەوە و لیژنەی هەواڵگری.

لە گرنگترین ئەندامانی دیکەی کۆنگرێس کە یوکسەل پەویەندی لەگەڵ گرتوون جۆن مەککەین سیناتۆری کۆمارییەکان و سەرۆکی لیژنەی هێزە چەکدارەکان، یوکسەل گفتوگۆی لەگەڵ نووسینگەکەی مەککەین کردووە سەبارەت بە ڕیفراندۆمی دەستووری تورکیا و ئەنجامەکانی.

یوکسەل هەروەها پەیوەندیی گرتووە لەگەڵ ئەندامانی گروپی تورکیا لە کۆنگرێس (ئەو ئەندامانەی ئەنجوومەنی نوێنەران و پیران کە گرنگی بە پەیوەندییەکانی ئەمریکا و تورکیا دەدەن)، بە تایبەت ستیڤ کۆهین کۆنگرێسمانی دیموکرات و ئید ویتفیلد کۆنگرێسمانی کۆماری، کە هەردووکیان سەرۆک و دامەزرێنەری گرووپەکەن. هەروەک حیزبە کوردییەکە بەشێوەی بەرنامەدار پەیوەندییان گرتووە لەگەڵ ئەندامانی کۆنگرێس لە لیژنەکانی کاروباری دەرەوە لە هەردوو ئەنجوومەنی نوێنەران و پیران.

یوکسەل لە ٥ی نیسانی (2017) ئامادەی دانیشتنێکی گوێڕادێرانی ئەنجوومەنی نوێنەران بووە و تێیدا لەبەردەم لیژنەی کاروباری دەرەوە گەواهینامەی خۆی پێشکەشکردووە سەبارەت بە ئاڵنگارییەکانی بەردەم پرۆسەی دیموکراسی لە تورکیا. یوکسەل تاکە ئەندامی حیزبێکی ناو تورکیا بووە ئامادەی ئەو دانیشتنە بێت لە ئەمریکا و تێیدا ئاماژەی بە هەڵمەتەکانی دەستگیرکردنی ئەندامانی حیزبەکەی کردووە، لەناویاندا پەڕلەمانتاران کە دوای لابردنی پارێزبەندی دەستگیرکراون، هەروەها دەستگیرکرانی سەرۆکی حزبەکەش.


لەگەڵ هەوادارانی ئسرائیل و ڕاسترەوەکانی لایەنگری جەنگ

یوکسەل سەرەتا کاری لەسەر بونیاتنانی پەیوەندی کردووە لەگەڵ ناوەندەکانی توێژینەوەی ئەمریکی، دواتر لەمەوە پەیوەندیگرتنێکی فراوانی بۆ حیزبەکەی لێکەوتووەتەوە. لە سەرەتادا یوکسەل دەچووە ئەو کۆڕ و کۆڕبەندانەی لەسەر کاروباری هەرێمیی عێراق و سووریا و تورکیا دەبەستران. حیزبیش ڕاستەوخۆ پەیەندی هەبوو لەگەڵ ئەو کەسایەتییانەی کاریاندەکرد لە دامەزراوەکانی توێژینەوەی ڕاستڕەوی و موحافزکار، یان ئەوانەی ئیسرائیل تەمویلی دەکردن و بە تەواوی پشتیوانی سیاسەتەکانی ئیسرائیل بوون.
لەنێوان ئەو دامەزراوانە دەتوانین ئاماژە بکەین بە ئەنستیتۆی ئینتەرپرایزی ئەمریکی، کە ناوەندێکی توێژینەوەی هەواداری ئیسرائیلە.

یوکسەل هەروەها پەیوەندی گرتووە لەگەڵ مایکڵ ڕۆبن.

یوکسەل پەیوەندیشی گرتووە لەگەڵ ناوەندی پیشکەوتنی ئەمریکی، کە ناوەندێکی توێژینەوەیە و ئیسرائیل تەمویلی دەکات و هێڵی کارەکانیشی بە دڵخوازیی ئیسرائیلە.
یوکسەل پەیوەندی گرتووە لەگەڵ مایکڵ ویرزم توێژەری پسپۆڕ لە کاروباری تورکیا و ئاسایشی نیشتیمانی.

یوکسەل پەیوەندیگرتووە لەگەڵ ماکس هۆفمان، کە ئەویش توێژەرێکی پسپۆرە لە کاروباری تورکیا و توێژینەوەکانی زیاتر لەسەر تورکیا و ناوچە کوردییەکانن.

حیزبە کوردییەکە لە (2014) کۆبوونەوەی هەبووە لەگەڵ ئەنستیتۆکانی ئینتەرپرایز، پێشکەوتن و بروکینز بۆ باس و خواسی هەڵبژاردنی ئەوکاتی شارەوانییەکانی تورکیا، هەروەها کۆبوونەوەیەک لەگەڵیان بۆ باسی بارودۆخی کۆبانی و ئەو گەمارۆیەی داعش خستبوویە سەر شارەکە.
لە هەمان ساڵدا سەلاحەدین دەمیرتاش خۆی کاندید کرد بۆ هەڵبژاردنی سەرۆکایەتیی تورکیا، سەردانی واشنتنی کرد، کە لەوێ ناوەندی پێشکەوتنی ئەمریکی میوانداری کردبوو بۆ باس و خواسی خۆ کاندیدکردنی و هەڵبژاردنەکان، هەروەک سەردانی ناوندگەلی دیکەشی کرد.

لە نیسانی ٢٠١٥ یوکسەل ئامادەی کۆنگرەیەک بووە لە دامەزراوەی بەرگری لە سیستمە دیموکراسییەکان، کە دامەزراوەیەکی سەر بە ئیسرائیلە و لایەنگری جەنگە، کۆنگرەکە گفتوگۆیان کردبوو لەبارەی جەنگەکانی جیهانی ئیسلامی و ڕۆلی ئەمریکا تێیدا.

ئەو کۆنگرەیە بووە دەروازەی پەیوەندیگرتنی بەردەوامی یوکسەل لەگەڵ دامەزراوەکە، سەرەتا لەگەڵ ئایکان ئیردەمیر یەکێک لە توێژەرانی ناوەندەکە و یەکێک لە دیارترین بەرهەڵستکارانی تورکیا لە دەرەوەی وڵات، دواتریش پەیوەندیگرتن لەگەڵ جۆن هانا، کە بە یەکێک لە ڕووە دیارەکانی ڕاستڕەوانی نوێی ئەمریکا دادەنرێ، کە پێشووتر لەگەڵ دیک چینی جێگری سەرۆک بووش کاریکردبووە و یەکێک لە توندترین لایەنگرانی جەنگە لە عێراق و ئەفغانستان.

هانا پێشووتریش ڕاوێژکاری وەزیری دەرەوە بووە لە ماوەی سەرۆکایەتی کلینتۆن، پێش ئەوەش جێگری بەڕێوەبەر بووە لە ئەنستیتۆی واشنتن تایبەت بە سیاسەتی ڕۆژهەڵاتی نزیک، ئەو ئەنستیتۆیەش لەلایەن ناوەندی ئایپایک-ی ئەمریکی-ئیسرائیلی تەمویل دەکرێت.
لە حوزەیرانی (2015) یوکسەل کۆبوونەوەی کردووە لەگەڵ گابریل میچیل بەرپرسی پەیوەندییەکانی دەرەوە لە دامەزراوەیەکی توێژینەوەی ئیسرائیلی بەناوی (میتفیم)، بۆ باسوخواس لەبارەی هەڵبژاردنەکانی تورکیا و کاریگەرییە گریمانەییەکانی لەسەر پەیوەندییەکانی تورکیا و ئیسرائیل. میچیل لە توێژینەوەکانیدا گرنگیدەدات بە کاروباری تورکیا و پێشووتر نووسینی هەبووە لەبارەی تورکیا و کوردەوە، هەروەها لەبارەی پەیوەندییەکانی تورکیا و ئیسرائیل.

لە (25/8/2016) یوکسەل کۆبوونەوەی کردووە لەگەڵ جایسۆن ئیساکسۆن، بەرپرسی سیاسەتەکان و پەیوەندییە سیاسییەکانی لیژنەی یەهودیی ئەمریکی، کە یەکێکە لە گرنگترین باڵەکانی لۆبیی ئیسرائیلیی لە ئەمریکا. لە کۆبوونەوەکەدا باس لە کودەتاکەی تورکیا و ئەو پێشهاتانە کردووە کە بە دوایدا هەتوون.

پەیوەندیگرتنی حیزبەکە لەگەڵ لایەنە ئیسرائیلییەکان لەم سنوورەدا نەوەستاوە، ئەوەتا لە (21/9/ 2016) یوکسەل بەشدریکردووە لە ڕێوڕەسمێکی بەربانگی ڕەمەزان لە باڵیۆزخانەی ئیسرائیل. دوای ساڵیک لەوە، ئامادە بووە لە ڕێوڕەسمێکی دیکەی بەربانگی ڕەمەزان لە ماڵی ڕون دیرمیر باڵیۆزی ئیسرائیل لە ئەمریکا!

 

دوژمنی دوژمنم دۆستمە...

لە کۆتایی (2015)حیزبەکە پەیوەندیگرتووە لەگەڵ دژبەرانی ئیقلیمی و نێودەوڵەتیی تورکیا، وەکوو: ڕوسیا، یۆنان، قوبروسی یۆنانی، لۆبی ئەرمەنی، هەروەها میسر.
لە ئایاری (2015)یوکسەل کۆبوونەوەی کردووە لەگەڵ ڤفلایدیمر كولشانوف یاریدەدەری پاشکۆی سەربازی لە باڵیۆزخانەی ڕووسیا، بۆ گفتوگۆ لەبارەی بارودۆخی کورد لە سووریا.

هەروەها زیاتر لە جارێک کۆبوونەوەی کردووە لەگەڵ جێگری سەرۆکی نێردەی قوبروس لە ئەمریکا بۆ گفتوگۆکردن لەبارەی "دوژمنکارییەکانی تورکیا لە دژی کوردان" وەکوو ئاماژەیەک بۆئۆپراسیۆنە سەربازییەکانی تورکیا.

لە سەرەتای (2016)کۆبونەوەی کردووە لەگەڵ دوو دیپلۆماتکارانی فەرەنسی و ئیسپانی بۆ گفتوگۆ لەبارەی دۆخی کوردانی تورکیا و سووریا، لە حوزەیرانی هەمان ساڵ کۆبوونەوەی دیکەی کردووە لەگەڵ دیپلۆماتکارانی ئیسپانیا.

لە(2016/8/16) یوکسەل پەیوەندیگرتووە لەگەڵ سەرۆکی کەرتی سیاسی باڵیۆزخانەی یۆنان بۆ باسوخواس لەبارەی دۆخی سیاسیی تورکیا لەپاش کودەتاکە، کۆبوونەوەی دیکەشیان کردووە دواتر.

یوکسەل هەروەها دیداری هەبووە لەگەڵ لۆبی ئەرمەنی لە واشنتن، بە تایبەت لیژنەی ئەرمینی نیشتیمانیی ئەمریکا و بەڕێوەبەرەکەی بەناوی ئارام هامباریان.

هەروەها دیداری هەبووە لەگەڵ لیژنەی چاودێرانی فشاری ساڵانە لە کۆنگرێس بۆ دانپێدانان بە کوشتاری ئەرەمەنەکان و ناساندنی بە کوشتاری بەکۆمەڵ لەلایەن عوسمانییەکانەوە.

یوکسەل لەگەڵ لیژنەکە پەیوەندی گرتووە، بەشداریشیکردوە لە چالاکیی یادی سەربەخۆیی ئەرمینیا کە باڵیۆزخانەی ئەرمینیا ڕێکی خستووە، ڕۆژی دواتریش بەشداریکردووە لە کۆبوونەوەی لیژنەی ئەرمەنی بۆ گفتوگۆ لەبارەی پێشهاتەکانی تورکیا و دۆخی ئەرمەن تێیدا.

لەگاڵ هاتنی نوێنەری نوێی حیزب جیران یۆزجان، پارێزگاری لەو پەیوەندییانە کردووە و بەردەوامبووە لە کارکردن لەگەڵ لایەنە یۆنانی و ئەرمەنییەکان.
ئۆزجان هەروەها لە ١٠ی دیسەمبەری (2017) لەگەڵ کونسوڵی گشتیی میسر لە واشنتن نادر سەعد کۆبووەتەوە.

شکست لە ناوخۆ و چالاکی لە دەرەوە
لە دیسەمبەری (2017) وە ئۆزجان لە نووسینگەی حیزب دستی بە کار کردووە، لەگەڵ هاتنیشی چۆنێتی کارکردنی گۆڕیوە بە ئاراستەی فشاری زیاتر لەسەر کۆنگرێس و وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا.

ئۆزجان پەیوەندیگرتووە لەگەڵ نووسینگەی تورکیا لە وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا و بەردەوام کۆبوونەوەی هەبوە لەگەڵ ئەو فەرمانبەرانەی کاری تێدا دەکەن، وەکوو کیڤین کرافیتز، کە دیپلۆماتکار بوو لە ئەنکەرە.

ئۆزجان دیداری هەبووە لەگەڵ بەرپرسانی باڵای وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا، لەوانە ڕیچارد ئۆتزین ڕاوێژکاری سەربازیی لە یەکەی پلاندانانی سیاسی لە وەزارەتی دەرەوە، لە (2018) شەوە وەکوو گەورە ڕاوێژکار کاری کردووە لە دۆسیەی دەستێوەردانی ئەمریکی لە سووریا و ڕاستەوخۆ کار لەگەڵ نێردەی ئەمریکی بۆ سووریا دەکات.

 کورد پەیوەندی لەگەڵ هەردوو حیزبی کۆماری و دیموکرات باش بووە، حکومەتی تورکیا تەنیا چاویان لەسەر کۆمارییەکان و کۆشکی سپی بووە، هەرچەند دیموکراتەکان زۆرینەی ئەنجوومەنی نوێنەران بوون

لە ئەیلوولی (2018) سزای چوار ساڵ زیندانی بەسەر دەمیرتاش سەپێنرا، ئەوەش پێویستی بە چڕکردنەوەی چالاکییەکانی نووسینگەی حیزبە کوردییەکە بوو، ئەوە بوو لەگەڵ لانیکەم ٤٠ فەرمانبەری نووسینگەکانی ئەندامانی کۆنگرێس کۆبوونەوەی کرد، کە لە چەندین لیژنە کاریان دەکرد وەکو لیژنەکانی دەرەوە، هێزە چەکدارەکان، سەرپەرشتیی هاریکارییەکانی ئەمریکا، هەواڵگری و دادوەری.

دیارترینی ئەوانەی ئۆزجان لەگەڵیان کۆبووەتەوە: سیناتۆری کۆماری ڕیچارد بور سەرۆکی لیژنەی هەواڵگری لە ئەنجوومەنی پیران، ئادەم شیف سەرۆکی لیژنەی هەواڵگری لە ئەنجوومەنی نوێنەران لەسەر لیستی دیموکراتەکان.

نوسینگەی حیزبە کوردییەکە پەیوەندی لەگەڵ هەردوو حیزبی کۆماری و دیموکرات باش بووە، کەچی لۆبیی حکومەتی تورکیا لە چوار ساڵی ڕابردوو تەنیا چاویان لەسەر کۆمارییەکان و کۆشکی سپی بووە، هەرچەند دیموکراتەکان زۆرینەی ئەنجوومەنی نوێنەران بوون لەدوای دوو ساڵ لە دەرچوونی ترەمپەوە.

ئەوەی شایانی باسە هەوڵەکانی حیزبەکە لە واشنتن و پەیوەندییە فراوانەکانی تێچوویەکی مادی زۆری نەبووە و حیزب تەنها (171) هەزار و (800) دۆلاری لەو بوارەدا خەرج کردووە لە (2012)تاوەکوو ناوەڕاستی (2020) ، کە ژمارەیەکی سادەیە لە جیهانی لۆبیکاراندا.

حیزبە کوردییەکە پەیوەندییەکی بەردەوامی هەیە لەگەڵ ئەو ڕۆژنامەنووسانەی گرنگی بە ڕۆژهەڵاتی ناوەراست دەدەن  یان لە ڕۆژنامە ئەمریکییە گەورەکان کاردەکەن، وەکوو جولێت ئیلبێرن لە ڕۆژنامەی واشنتن پۆست، ئەکبەر شاهید ئەحمەد لە هەفنگتن پۆست، هەروەها نوێنەری حیزب توانیویەتی کۆبوونەوە بکات لەگەڵ دەستەی نووسەرانی ڕۆژنامەی نیویۆرک تایمز بۆ گفتوگۆ لەبارەی پێشهاتە سیاسییەکانی تورکیا.

حیزبەکە هەروەها پەیوەندی هەیە لەگەڵ ڕۆژنامەنووس عەمبەرین زەمان نووسەری تایبەت بە کاروباری ڕۆژهەڵاتی ناوەراست و باکوری ئەفریقا لە ماڵپەڕی ئەلمۆنیتەر و بەردەوامیش نووسینی هەیە لەبارەی کاروباری کورد لە تورکیا، عێراق و سووریا.

چالاکیی نووسینگەی حیزبەکە لێرەدا ناوەستێ، بەڵکو پەیوەندی هەیە لەگەڵ توێژەرانی دیار و پسپۆڕ لە دۆسیەی کوردانی تورکیا، بۆ نموونە ئەلیزا مارکۆس، کە توێژەرێکی تایبەتمەندە بە پارتی کرێکارانی کوردستان و کتێبێکی لەو بارەیەوە نووسیوە بەناوی "خوێن و باوەڕ: پارتی کرێکارانی کوردستان و تێکۆشانی کورد بۆ سەربەخۆیی".

بابەتی پەیوەندی دار

0 لێدوانەکان

نەزەری خۆتان بنووسن

ئیمەیلەکەتان بە هیچ شێوەیێک بڵاو نابێتەوە. هەموو فیڵدە ئەستێرە دارەکان ئیجبارین