راوێژكارێكى ئه‌مریكى: ده‌بێت له‌ ناتۆ  بایدن له‌گه‌ڵ ئه‌ردۆغان باسى كورد بكات عێراق ناوچەکە و جیهان

نوچه‌نێت

دیڤید فیلیپس كه‌ پێشتر راوێژكارى وه‌زاره‌تى ده‌ره‌وه‌ى ئه‌مریكا بووه‌، له‌ وتارێكدا باس له‌وه‌ ده‌كات، ده‌بێت له‌ كۆبوونه‌وه‌كه‌ى جۆ بایدنى سه‌رۆكى ئه‌مریكا و ره‌جه‌ب ته‌یب ئه‌ردۆغانى سه‌رۆكى توركیا له‌ ناتۆ كه‌ ئه‌م مانگه‌ به‌ڕێوه‌ده‌چێت، بایدن باسى گه‌لێك پێشیلكاریی ئه‌ردۆغان بكات، كه‌ به‌شێكیان ده‌رهه‌ق به‌ كورد ده‌كرێن.

دیڤید فیلیپس وتارێكى به‌ ناونیشانى "له‌ لووتكه‌ى ناتۆ ده‌بێت بایدن چى به‌ ئه‌ردۆغان بڵێ؟"نووسیوه‌، به‌ چه‌ندان زمان له‌ ماڵپه‌ڕ و رۆژنامه‌كانى جیهان بڵاوكراوه‌ته‌وه‌، یه‌كێك له‌وانه‌ رۆژنامه‌ى "عه‌ره‌ب" كه‌ له‌ له‌نده‌ن به‌ زمانى عه‌ره‌بى ده‌رده‌چێت، دوێنێ یه‌كى حوزه‌یران وتاره‌كه‌ى بڵاوكردووه‌ته‌وه‌.

فیلیپس پێیوایه‌ ده‌بێت له‌و دیداره‌دا، كه‌ له‌ لووتكه‌ى ناتۆ له‌ 14ى ئه‌م مانگه‌ به‌ڕێوه‌ده‌چێت. جۆ بایدنى سه‌رۆكى ئه‌مریكا تاوتوێ كۆمه‌ڵێك بابه‌ت له‌گه‌ڵ ئه‌ردۆغان بكات و پرسیارى له‌ باره‌ى پێشێلكارییه‌كان لێ بكات.

به‌شێكى وتاره‌كه‌ى ئه‌و نووسه‌ره‌ تایبه‌ته‌ به‌ كورد و باسى هه‌ر سێ پارچه‌ى كوردستان "باكوور و باشوور و رۆژئاوا" ده‌كات و به‌ پێویستى ده‌زانێ بایدن له‌گه‌ڵ ئه‌ردۆغان باسیان بكات.

سه‌باره‌ت به‌ باكوورى كوردستان، فیلیپس باس له‌وه‌ ده‌كات مامه‌ڵه‌ى توركیا له‌گه‌ڵ كورد مایه‌ى نیگه‌رانییه‌، چونكه‌ له‌ ساڵى 1980 وه‌ توركیا پێنج حزبى سه‌ره‌كى كوردى قه‌ده‌غه‌كردووه‌ و ئێستایش هه‌وڵ ده‌دات هه‌ده‌په‌ كه‌ پاڵپشتى كورده‌ هه‌ڵبوه‌شێنێته‌وه‌. ئه‌و نووسه‌ره‌ به‌ پێویستى ده‌زانێ توركیا هه‌ردوو هاوسه‌رۆكه‌كه‌ى هه‌ده‌په‌ ده‌میرتاش و ڤیگان ئازاد بكات، هه‌روه‌ها ده‌بێت 150 به‌رپرسى كورد بگه‌ڕێنه‌وه‌ پۆسته‌كانیان كه‌ هه‌ڵبژاردن دانراون له‌ شوێنى ئه‌وان قه‌یوم دانراون.

دیڤید فیلیپس 



نووسه‌ر ئه‌وه‌یش به‌ بیر بایدن ده‌هێنێته‌وه‌ له‌ ململانێى نێوان په‌كه‌كه‌ و ده‌وڵه‌تى توركیا 40 هه‌زار كه‌س كوژراون، هێشتا توركیا ده‌یه‌وێ زیاتر پێشێلكاریى ده‌رهه‌ق به‌ مافه‌ سیاسى و كولتوورییه‌كانى كورد بكات. دیڤید فیلیپس دووپاتى ده‌كاته‌وه‌ چاره‌سه‌رى سه‌ربازى بۆ دۆزى كورد نییه‌ و ده‌بێت ئه‌ردۆغان پرۆسه‌ى ئاشتى به‌ هاوكارى نێوده‌وڵه‌تى ده‌ستپێبكاته‌وه‌.

له‌ به‌شێكى ترى وتاره‌كه‌ ئه‌م نووسه‌ره‌ باس له‌ رۆژئاواى كوردستان ده‌كات و ده‌ڵێ توركیا دیوارێكى ئه‌منى به‌ درێژایى 20 كیلۆمه‌تر دروست كردووه‌. چه‌كداره‌ توندڕه‌وه‌كانى سه‌ربه‌  توركیا هێرش ده‌كه‌نه‌ سه‌ر "هه‌سه‌ده‌" كه‌ ئه‌وه‌یان له‌ گۆڕه‌پان هاوكارى ئه‌مریكا ده‌كه‌ن. هه‌روه‌ها داگیركارى توركیا له‌ ناوچه‌ى عه‌فرین له‌ ساڵى 2018 رێژه‌ى دانیشتووانى كوردى له‌ شاره‌كه‌ بۆ 35% كه‌مكردووه‌ته‌وه‌ و كه‌ پێشتر رێژه‌ى 90%ى دانیشتووانى شاره‌كه‌یان پێكده‌هێنا.

سه‌باره‌ت به‌ باشوورى كوردستانیش نووسه‌ر باس له‌وه‌ ده‌كات، توركیا 41 بنكه‌ى سه‌ربازى داناوه‌ و 50 گوندى به‌ بیانووى دژایه‌تى په‌كه‌كه‌ وێران كردووه‌. فڕۆكه‌ جه‌نگییه‌كانى توركیا كه‌مپى مه‌خمووریان بۆردومان كردووه‌ كه‌ ئه‌و كه‌مه‌ له‌ژێر چاودێرى نه‌ته‌وه‌ یه‌كگرتووه‌كان دایه‌ و 13 هه‌زار كوردى تێدایه‌.

جگه‌ له‌مانه‌ ئاماژه‌ بۆ ئه‌وه‌ ده‌كات، فڕۆكه‌ى ئێف-16 و فڕۆكه‌ى بێفڕۆكه‌وانى توركى ناوچه‌ى شنگالى بۆردومان كردووه‌، كه‌ زێدى ئێزدییه‌كانه‌ و ئه‌وان تازه‌ هه‌وڵ ده‌ده‌ن له‌ جینۆسایدى رێكخراوى تیرۆریستى داعش راست ببنه‌وه‌.


دێڤید فیلیپس: ده‌بێت بایدن به‌ ئه‌ردۆغان رابگه‌ینێ كه‌ ناوچه‌ى دژه‌فڕین له‌ كوردستانى عێراق داده‌نێت
 


له‌ كۆتایى قسه‌كانى له‌سه‌ر كورد دیڤید فیلیپس ده‌ڵێ، "پێویسته‌ بایدن به‌ ئه‌ردۆغان رابگه‌ینێ ئه‌گه‌ر له‌ بۆردومان به‌رده‌وام بێت ئه‌وا ئه‌مریكا ناوچه‌ى دژه‌فڕین له‌ كوردستانى عێراق داده‌نێت. هه‌روه‌ها ده‌بێت ئاگادارى بكاته‌وه‌ كه‌ چیتر پاڵپشتى میلیشیا توركمانه‌ سوننه‌كان له‌ كه‌ركووك و میلیشیا عه‌ره‌ب سوننه‌كان له‌ مووسڵ نه‌كات".

جیا له‌ رۆژنامه‌ى "عه‌ره‌ب" ماڵپه‌ڕى ئه‌حوالى توركی وتاره‌كه‌ى بڵاوكردووه‌ته‌وه‌ و به‌مشێوه‌یه‌ پێناسه‌ى دیڤید فیلیپسى كردووه‌، به‌ڕێوه‌به‌رى پرۆگرامى بنیادنانى ئاشتى و مافه‌كان له‌ په‌یمانگه‌یه‌كى سه‌ربه‌ زانكۆى كۆڵۆمبیا بۆ خوێندنى مافه‌كانى مرۆڤ، له‌ نۆهه‌ده‌كانى سه‌ده‌ى رابردوو وه‌ك راوێژكار له‌ وه‌زاره‌تى ده‌ره‌وه‌ كارى له‌سه‌ر په‌یوه‌ندى ئه‌مریكا و توركیا كردووه‌. چه‌ند كتێبێكى له‌سه‌ر توركیا و رۆژهه‌ڵاتى ناوه‌ڕاست بڵاوكردووه‌ته‌وه‌.
 

بابەتی پەیوەندی دار

0 لێدوانەکان

نەزەری خۆتان بنووسن

ئیمەیلەکەتان بە هیچ شێوەیێک بڵاو نابێتەوە. هەموو فیڵدە ئەستێرە دارەکان ئیجبارین