به‌گوێره‌ى راپرسییه‌كان كێ سه‌رۆكى داهاتووى ئێرانه‌ ؟ ئێران

نوچه‌نێت

دوای بەڕێوەچوونی یەکەمین دیبەیتی هەڵمەتەکانی هەڵبژاردن لەنێوان کاندیدەکانی سەرۆک کۆماری لە ئێران کە ئێوارەی ڕۆژی شەممە بەرێوەچوو، چوار ئاژانسی هەواڵنێری دەستیان کرد بە ئەنجامدانی ڕاپرسی دەربارەی براوەی ئەو دیبەیتە. هەروەها دوو راپرسی تریش سەبارەت بە ڕای خەڵک سەبارەت بە کاندیدەکان بڵاو کراونەتەوە.

ئەمڕۆ یەکشەممە شەشی حوزەیرانی ٢٠٢١، ئاژانسی هەواڵی "تجارت نیوز" بڵاوی کردەوە، تا کاتژمێر ١١ی نیوەڕۆی ئەمڕۆ ڕاپرسییەکانی سەر ماڵپەڕەکانی چوار ئاژانسی هەواڵنێری "عەسر ئیران"، "ئیسنا"، "خەبەر ئۆنلاین" و "ئافتاب نیوز" دەربارەی براوەی یەکەمین دیبەیتی نێوان کاندیدەکانی سەرۆک کۆماریی دەری دەخەن لە سێ ماڵپەڕدا عەبدولناسر هیمەتی پێشەنگ بووە و لە ماڵپەڕێکیشدا ئیبراهیم ڕەئیسی.

هەڵبەت ماڵپەڕی "عەسر ئێران" دەربارەی ڕاپرسیەکەی خۆی کە لە ئێستادا ڕەئیسی وەک براوە هەڵبژێردراوە، نووسیویەتی: "لە دوو کاتژمێری سەرەتای دەستپێکردنی ڕاپرسییەکەدا، عەبدولناسر هیمەتی بە بەدەستهێنانی ٥٥ تا ٦٠ لە سەدی دەنگەکان لە پلەی یەکەمدا بوو. بەڵام، کتوپڕ ڕووبەڕووی هێرشی سایبەری بووینەوە و بەپێچەوانەی شێوازی ئاسایی چوونەسەرەوەی دەنگەکان، کتوپڕ ژمارەی دەنگەکان گەیشتە ٣ و پاشان ٤ هێندە و دەنگەکانی ڕەئیسی ٦٥٪یان تێپەڕاند و دەنگەکانی هێمەتی کەمبوونەوە بۆ ٢٠٪.

ئەو ماڵپەڕە ڕایگەیاندووە چەند ڕۆژ پێشتریش ڕووبەڕووی هێرشێکی سایبەری هاوشێوە بوونەتەوە. 
نزیکەی ١٧٠٠ کەس لەو ڕاپرسییەدا بەشدارییان کردووە و ڕەئیسی نزیکەی ٦٩٪ و هیمەتی نزیکەی ١٧٪ی دەنگەکانیان بەدەست هێناوە. 
بەڵام لە ماڵپەڕی ئاژانسی هەواڵی "ئیسنا"دا هیمەتی یەکەم و ڕەئیسی دووەمە. 
هەروەها لە ماڵپەڕی "خەبەر ئۆنلاین"دا هیمەتی  بە بەدەستهێنانی نزیکەی ٦٤٪ی دەنگەکان یەکەم و ڕەئیسی بە ٢٣٪ دووەم بووە.

لە ماڵپەڕی "ئافتاب نیوز"یشدا هیمەتی بە بەدەستهێنانی ٤٩٪ی دەنگەکان لە پلەی یەکەم و ڕەئیسی بە بەدەستهێنانی ٣٠٪ی دەنگەکان لە پلەی دووەمدا بووە.

سەرەڕای ئەوە، دوایین ڕاپرسی پێش ئەو دیبەیتە کە لە لایەن "ئیسپا" بڵاو کرایەوە نیشانی دەدا دەنگەکانی ڕەئیسی زیاترن. لەو ڕاپرسییەدا کە بە بەشداری زیاتر لە پێنج هەزار کەس ئەنجام درابوو، ٣٤.١٪ گوتبوویان "بێ گومان بەشداری هەڵبژاردنەکان دەکەم". لە ناو ئەو کەسانەدا، ٤٨.٦٪ ئیبراهیم ڕەئیسی، ٣.١٪ موحسێن ڕەزایی، ١.٦٪ سەعید جەلیلی، ١.٣٪ عەبدولناسر هیمەتی، ٠.٨٪ ئەمیر حوسەین قازی زادە هاشمی، ٠.٣٪ عەلیرەزا زاکانی و ٠.١٪ موحسێن مێهر عەلیزادەیان هەڵبژاردبوو و ٤١٪یش هێشتا بڕیاریان نەدابوو کە ئایا بەشداری هەڵبژاردنەکان دەکەن یان نا و ٣.٢٪یش وەڵامی پرسیارەکەیان نەدابووەوە.

جگە لەوە، "تجارت نیوز"یش بە شێوەی ئۆنلاین ڕاپرسییەکی سەبارەت بە براوەی هەڵبژاردنەکان ڕێخستووە کە تا ئێستا ڕەئیسی بە بەدەستهێنانی٦٣٪ی دەنگەکان پێشەنگە و موحسێن ڕەزایی بە بەدەستهێنانی ١٥٪ی دەنگەکان دووەمە.

 

 

بابەتی پەیوەندی دار

0 لێدوانەکان

نەزەری خۆتان بنووسن

ئیمەیلەکەتان بە هیچ شێوەیێک بڵاو نابێتەوە. هەموو فیڵدە ئەستێرە دارەکان ئیجبارین